سزای توند بەسەر ١٠ خوێندکاردا سەپێندرا

بەپێی زانیارییەکان، لیژنەی دیسپلینی زانکۆی مەشهەدی سەجاد، سزای قەدەغەکردنی خوێندنی بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو تا چوار ساڵ بەسەر ١٠ خوێندکاردا سەپاندووە.

ناوەندی هەواڵ  


بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە، لە بەردەوامی ڕێوشوێنە دیسپلینییەکان دژ بە خوێندکارانی خۆپیشاندەر لە زانکۆکانی ئێراندا، ١٠ خوێندکاری زانکۆی مەشهەدی سەجاد، بەهۆی دۆسیەکانی پێوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٥ لە خوێندن دوورخرانەتەوە. بەپێی بڕیاری دەستەی دیسپلینی زانکۆکە، ئەم خوێندکارانە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو تا چوار ساڵ لە بەردەوامبوونی خوێندن بێبەشکراون. ئەم بڕیارانە نیگەرانییەکانی لەسەر زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی ئەکادیمی و سنووردارکردنی زیاتری چالاکییەکانی خوێندکاران قووڵتر کردووەتەوە.

هێرشی نوێ بۆ سەر خوێندکاران
لیژنەی دیسپلینی زانکۆی مەشهەدی سەجاد، بە بڕیارەکانی بۆ ماوەیەک سزای بەسەر ١٠ خوێندکاردا سەپاند. ئەم دوورخستنەوانە لە دوو ساڵ و نیو تا چوار ساڵ دەستپێدەکات، کە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ئەکادیمی ئەوان دەگرێتەوە.


ئەم بڕیارانە لەو دۆسیانەوە سەرچاوە دەگرن کە پێوەندیدارن بە بەشداریکردنی خوێندکاران یان چالاکییەکانیان لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی وڵات لە ساڵی ٢٠٢٦دا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوای ئەم خۆپیشاندانانە، ڕێوشوێنەکانی وەک بانگهێشتکردن، لێکۆڵینەوە، تۆمارکردنی دۆسیەی دیسپلینی و سەپاندنی سزای سنووردارکردن بەسەر خوێندکاراندا، لە زانکۆ جیاوازەکانی وڵاتدا بەشێوەیەکی بەربڵاو پەیڕەو کراون.

ماوەی خوێندنەکەشیان ئەژمار دەکرێت
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، یەکێک لەو خوێندکارانە بە تۆمەتی "تێکدان، ڕێگریکردن، یان شێواندنی بەرنامەکانی زانکۆ" و "هاندانی پشێوی و یاخیبوون لە ناو زانکۆدا"، سزای دوو ساڵ و نیو دوورخستنەوەی کاتی لە خوێندنی بەسەردا سەپێندراوە، کە ماوەی خوێندنەکەشی بۆ ئەژمار دەکرێت.

تاکتیکی  فشارهێنان
هەروەها بەپێی بڕیارەکە، ئەگەر خوێندکارەکە "پەشیمانی و خەمباری نیشان بدات،سزای ئەم وەرزی خوێندنە بە شێوەیەکی بنبڕ جێبەجێ دەکرێت، بەڵام سزای وەرزی پاییز هەڵدەپەسێردرێت. ئەم دۆخە لەلایەن زۆرێک لە چالاکوانان، خوێندکاران و داکۆکیکارانی مافە ئەکادیمییەکانەوە وەک تاکتیکێکی فشار دەبینرێت بۆ ناچارکردنی خوێندکاران تا تۆمەتەکان قبووڵ بکەن و پەشیمانی نیشان بدەن.

ڕێگری لە ژیانی ئەکادیمی دەکرێت
بەپێی وتەی خوێندکارانی چالاکوان، بەکارهێنانی بەربڵاوی ئامرازەکانی دیسپلین دژ بە خوێندکاران، ڕۆڵی مێژوویی زانکۆکان وەک ژینگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی بیرۆکە و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات؛ هەروەها دەیانقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ببنە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازییان و سنووردارکردنی ئازادی ئەکادیمی.


بە بڕیارە نوێیەکانی سەبارەت بە خوێندکارانی زانکۆی مەشهەدی سەجاد، نیگەرانییەکان لەسەر بەردەوامی سزاکانی دیسپلین و کاریگەرییان لەسەر داهاتووی ئەکادیمی و پیشەیی خوێندکاران زیاتر بووە. بەپێی وتەی ڕەخنەگران، ئەم پرۆسەیە زانکۆ لە ژینگەیەکی پەروەردەیی و دیالۆگەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردن.