ژنان نزیکەی ٧٣٪ـی ڕێژەی بێکاری ئێران پێکدەهێنن
ڕۆژنامەی دونیای ئیقتساد بڵاویکردەوە، ڕێژەی بێکاری ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە ٧٣٪، زیاتر لە ٢٩ ملیۆن ژن بە تەواوی لە بەرهەمهێنان و کارکردن دوور خراونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەی دونیای ئیقتساد لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕێژەی بێکاری ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ڕێژەی بەشداریی ئابووریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە ٣٩.٧٪، ئەم پێوەرە نیشانی دەدات لە کۆی زیاتر لە ٦٦ ملیۆن کەس کە لە تەمەنی کارکردن دان، تەنیا نزیکەی ٢٦ ملیۆن کەس لە بازاڕی کاردا ئامادەییان هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێژەی بێکاری ژنان لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە ٧٣٪، کە لە کۆی نزیکەی ٣٣.٣ ملیۆن ژنی سەرووی ١٥ ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، تەنیا چوار ملیۆن و ٧٧ هەزار ژن لە بازاڕی کاردا بەشدارن و زیاتر لە ٢٩ ملیۆن ژن بە تەواوی لە خولی بەرهەمهێنان و کارکردن دەرکراون.
هەروەها دەرچووانی زانکۆ و کەسانی خوێندەواریش بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاو لەگەڵ پسپۆڕییەکەیان، بەشێکی گەورەی ئەم ڕێژە بێکارییە پێکدەهێنن.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی و ئابووریناسان جەخت لەوە دەکەنەوە، وەلانانی سیستماتیکی ژنان و بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە دەرفەتی یەکسانی کار، پێشێلکاریی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.