لە ماوەی ساڵێکدا دوو هەزار و ٩٩٥ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە یەمەن تۆمار کراوە
شەڕی چەندین ساڵەی یەمەن بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی هەزاران کەس، لەناویاندا ژنان و منداڵان هەن، هەروەها قەیرانێکی مرۆیی و تەندروستی کارەساتباری دروستکردووە.
یەمەن
لیژنەی نیشتمانی لێکۆڵینەوە لە یەمەن لە بەیاننامەیەکی ساڵانەیدا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئاشکرایکرد، ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە، توانیویانە چاودێری دوو هەزارو ٩٥٥ حاڵەتی پێشێلکارییەکان بکەن لە پارێزگا جیاوازەکاندا.
بەپێی بەیاننامەیەک کە ڕۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن لیژنەی نیشتمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، هێشتا کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەنجامدانی پێشێلکارییەکان بە شێوە جۆراوجۆرەکانیان کە گەیشتوونەتە ئاستی سیستماتیککردن هەیە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەم پێشێلکارییانە پەیوەندییان هەیە بە چاندن و تەقینەوەی مینە تاکەکەسییەکان لە ژینگە پارێزراوەکاندا کە کاریگەری لەسەر منداڵان و ژنان و ئاوارەکان هەیە، جگە لە کردارەکانی سنووردارکردنی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی ژنان.
زیان بە ژنان و منداڵان گەیشتووە
لیژنەی نیشتمانی ڕایگەیاند، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا توانیویەتی چاودێری و لێکۆڵینەوە لە دوو هەزارو ٩٩٥ حاڵەتی پێشێلکارییەکان بکات لە پارێزگا جۆراوجۆرەکاندا، کە بووە هۆی زیانگەیاندن بە ٥ هەزارو ١٥٢ کەس لە هەردوو ڕەگەز و تەمەنی جیاواز، لەناو ئەو حاڵەتانەدا ٦٩٨ پێشێلکاری پۆلێن کراوە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٦٨ کەس ١٥یان ژن و ٤٦یان منداڵ بوون، ٥٩٥ کەس برینداربوون ٦٣یان ژن و ١٢٧یان منداڵ بوون.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لیژنەکە لێکۆڵینەوەکانی تەواو کردووە سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ٣٥٨ کەس کە بەهۆی تەقینەوەی مین و ئامێرە تەقەمەنییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، لەناویاندا ١٨ ژن و ٧٩ منداڵ هەن، لێکۆڵینەوە لە ٩ حاڵەتی بەئامانجکردنی کەلوپەلە مێژوویی و ئاینییەکان، سێ حاڵەتی هێرشکردن بۆ سەر کارمەندانی پزیشکی و دامەزراوەکان، هەروەها لێکۆڵینەوە لە ٧٨٣ حاڵەتی دەستدرێژی و وێرانکردنی موڵکی تایبەت و گشتی و ١٦١ حاڵەتی ڕاکێشانی منداڵی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ تەواو بووە.
هەروەها لیژنەکە چاودێری بۆردومانکردنی ٢١ ماڵ و ئاوارەبوونی ٧٥ خێزان و ٦٠ حاڵەتی کوشتنی لە دەرەوەی دادگا کردووە و توانیویەتی لە ماوەی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانەدا گوێ لە زیاتر لە ٨ هەزارو ٢٤١ شایەتحاڵ بگرێت.
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، لیژنەکە زیاتر لە ١٢ دانیشتنی گشتی و داخراوی بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە کاریگەرییەکانی هەندێک پێشێلکاری گەورە لەسەر گیان لەدەستدانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەنجامداوە.