دوو چالاکوانی ئەفغانی لە زینداندا ئەشکەنجە دەدرێن

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، جولیا پارسی و مەنیجە سیدیقی، چالاکوانانی مافی ژنان لە ئەفغانستان بەهۆی ئەشکەنجەدان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکوانانی مافی ژنانی ئەفغانستان لە پێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایانگەیاند، جولیا پارسی، یەکێک لە خۆپیشاندەران و چالاکوانی مافی ژنان، کە بەهۆی ئەشکەنجەدانی لە زیندانێکی تاڵیبان گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، بۆ جاری دووەم گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.

 

ئەندامێکی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ژنان، لەیلا بەسیم، ڕایگەیاند، بنەماڵەی جولیا پارسی ئاگاداری گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بوون، بەڵام نەیانویستووە ئەم بابەتە بە ئاشکرا بڵاوبکەنەوە، هەروەها مینا ڕەفیق چالاکی مافی مرۆڤیش ڕایگەیاندووە کە باری دەروونی و جەستەیی جولیا پارسی بەهۆی ئەو ئەشکەنجەیەی کە تاڵیبان ئەنجامی دەدات، لە مەترسیدایە.

 

دایکی مەنیجە سدیقی ڕایگەیاند، کە کچەکەی بۆ زیندانی بۆلشارخی کە تاوانی هاوبەشی تێدا ڕاگیراوە، بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی تاوانەکان گواستراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە کچەکەی بەدەست خراپی باری تەندروستییەوە دەناڵێنێت و داوای ئازادکردنی دەکات.

 

دایکی مەنیجە ئەوەشی خستەڕوو، کە مەنیجە سدیقی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زیندانی بولشارخی لە کابولی پایتەختەوە تەلەفۆنی بۆ خێزانەکەی کردووە و "گریاوە و هاواری کردووە" داوای هاوکاری دەکات، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کچەکەی "لە حاڵەتی ژیان یان مردندایە".

 

جولیا پارسی، بەرپرسی بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنانی چالاکوانانی ئەفغانستان لە کابول بوو، لە ٧ی تشرینی یەکەم لەگەڵ کوڕەکەی لەلایەن هەواڵگری تاڵیبانەوە دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار، هەروەها دەست بەسەر کەلوپەل و بەڵگەنامەکانیشیدا گیرا.

 

هاوکات بزووتنەوەی تاڵیبان لە ٩ی تشرینی یەکەم لە ناوچەی خەیرخان لە کابول، مەنیجە سدیقی ئەندامی “بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنانی چالاکوانی ئەفغانستان”ی دەستگیر کرد.