بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەبێتە هۆی ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکانی ئوسترالیا

سەدان دانیشتوو و گەشتیار ناچاربوون لە چەند شارۆچکەیەکی لادێکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا هەڵبێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەو ناوچانە.

ناوەندی هەواڵ

 

١ی تشرینی یەکەم، ئاگر لە دارستانەکانی چەند شارۆچکەیەکی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا کەوتەوە و بووە هۆی ئاوارەبوون و چۆڵکردنی سەدان دانیشتوو و گەشتیار لەو شارۆچکانە، ئەم ئاگرکەوتنەوانە بەهۆی گەرمای بەتینەوە ڕوویانداوە.

 

دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا فەرمانیان بە دانیشتوانی چوار شارۆچکەی ناوچەی گیپسلاند لە ویلایەتی ڤیکتۆریا کردووە، کە پارک و شەرابخانەکانی تێدایە و ناوچەیەکی گەشتیارییە، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و دانیشتوانی سێ شارۆچکەی دیکە و ناوچەکانی دەوروبەریشیان ئاگادار کراونەتەوە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ کۆچکردن.

 

لە شاری سیدنی لە باکووری وڵات پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە و گەیشتووەتە ٣٥.٥ پلە، ئەمەش یەکێک بووە لە گەرمترین ڕۆژەکانی مانگی تشرینی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، لە ساڵی ٢٠٠٤ پلەکانی گەرما ٣٨.٢ پلەی سەدی تۆمار کردووە.

 

فەرمانگەی کەشناسی ڕایگەیاندووە، دانانی بەرزترین ئاستی گەرما، لە یەکەم ڕۆژی مانگی تشرینی یەکەمدا لەم ئاستەدا شتێکی نائاساییە.