ڕێپاک: دەبێت سزای تاوانبارانی کۆمەڵکوژی شەنگال بدرێت

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد- ڕێپاک لە ٩یەمین ساڵیادی شەنگالدا ڕایگەیاند، ناساندنی ٧٤ەمین فەرمانی سەر شەنگال وەک "جینۆساید" بەس نییە و دەبێت لێپێچینەوە و سزای تاوانباران بدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد- ڕێپاک لە ٣ی ئاب، هاوکات لەگەڵ ٩یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال، کە هەزاران ژن، ڕفێندران، کۆمەڵکوژ کران و لە بازاڕەکانی کۆیلەکردندا فرۆشران و دەستدرێژییان کرایەسەر، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داننان و قبوڵکردنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال هەڵوێستێکی ویژدانی و ئەخلاقییە.

 

دەقی بەیاننامەکەی شەنگال بەمشێوەیەیە؛

"٩مین ساڵیادی فەرمانی سەر گەلی ئێزیدیمان لە شەنگال شەرمەزار دەکەین و ئەو شەهیدانە بەبیر دەهێنینەوە کە لەو کۆمەڵکوژییەدا گیانیان لەدەستدا.

 

لە ساڵی ٢٠١٤دا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە جینۆسایدێک لە دژی گەلی ئێزیدی ئەنجامدرا، هەزاران کەس بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران، هەزاران ژن و منداڵ ڕفێنران و لە بازاڕەکانی کۆیلەدا فرۆشران، لە هەمان کاتدا کچان و ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژیی کولتووری و جەستەیی و سێکسی بوونەتەوە، ئەو هێرشانەی کە پشکی مرۆڤایەتییان تێدا نییە، بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدرا، بەڵام بەداخەوە هەمووان بە کەڕ و کوێر و لاڵی مانەوە و کۆمەڵکوژی گەلی ئێزیدیش تەنیا لە تەماشاکردندا سنووردار بوو.

 

بێ گومان لەو کۆمەڵکوژییەدا ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، تا ئێستاش گەورەترین ئازار ئەوەیە کە نازانرێت چارەنووسی ئەو ژنە ئێزیدیانەی کە بە دیل گیراون، چۆنە، ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ژنان دژی ناسنامەی هەموو ژنانە.

 

دەسەڵاتە هەژموونگەراکان لە دوای فەرمانی ٧٤ لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تێر نەبوون و بەردەوامیی فەرمانەکە بە هێرشەکان بۆ سەر گەلی ئێزیدی و ئەو شەڕڤانانەی کە بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن بۆ "شەنگالێکی ئازاد" بەردەوامە، ماڵ و منداڵ و نەخۆشخانەکانی خەڵک بۆردومان دەکرێت، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگی و بێ هەڵوێستێکی نیشاندرا، کە ئامانجی کۆمەڵکوژی سەر گەلی ئێزیدییە و گەورەترین شەرمەزارییە لە مێژوودا. ئێمە ئەو هێرشانە ئیدانە دەکەین و داوای تێکۆشانی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بە ڕۆحی بەرخۆدانی فەرمانی ٧٤ خۆیان بگەیەننە ئەو ژنانەی کە بەرخۆدان و خەبات دەکەن.

 

بێگومان فەرمانی ٧٤ لەسەر گەلی ئێزیدی لەلایەن چەند وڵاتێکەوە بە 'جینۆساید' ناسێندرا، بەڵام ئەو 'ناساندنە' بە تەنیا بەس نییە، دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو جینۆسایدە بکرێت و تاوانباران لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، تەنا بەس نییە ئازار و هاواری هەزاران ژن و منداڵ بە 'جینۆساید' ناوببەین، خەڵکی شەنگال بە پاراستنی جەوهەری خۆیان بەڕێوەبردنی خاکەکیان دامەزراندووە، بۆ ئەوەی خەڵکی شەنگال بە ئاشتیانە لەسەر خاکی خۆیان بژین، پێویستە پێگەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بناسرێت و قبوڵ بکرێت، داننان و قبوڵکردنی خۆبەڕێوەبردنی شەنگال هەڵوێستێکی ویژدانی و ئەخلاقییە، لە هەمان کاتدا وینەی کۆمەڵکوژی ژنانی ئێزیدی، لە گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، لەسەر ژنانی ئەفغانی نیشان درایەوە، دوژمنایەتی دژ بە ژنان ئەوەندە قووڵە لە ئەفغانستان، لەم دواییانەدا دیکتاتۆری تاڵیبان بڕیاری سووتاندنی ئامێرەکانی هونەری دا و هەزاران ئامێری مۆسیقا لەژێر ئەو خۆنمایشکردنەدا سووتێنران کە "ژن لەڕێگەی هونەر و گۆرانییەوە فێری بێ ئەخلاقی دەبن"، مافی ژیانیان لە ژنان سەندەوە، بەتایبەت ئەو ژنانەی لە ژیانیاندا گەورەترین ئازاریان چێشتووە و تا ئێستاش لە دژی تێکۆشان دەکەن.

 

بە دڵ و گیان سڵاو لەو ژنە بەرخۆدێرانە دەکەین و داوای یەکڕیزی تێکۆشانی ژنان دەکەین، لە سەرەتادا ژنانی ئێزیدی و ئەفغانی، پێویستە هەموو ئەو ژنانەی لە ژێر دەستی دەسەڵاتدا بەرخۆدانی دژی زوڵم و چەوساندنەوە دەکەن، ڕێکخستنەکانی خۆیان بەهێز بکەن و پاراستنی جەوهەرییان بگەیەننە ئاستی باڵاتر.