دیلەک ئۆز و سورەیا بوڵود دوای ٣٢ ساڵ زیندانیکردن ئازاد کران

دیلەک ئۆز و سورەیا بوڵود دوای ٣٢ ساڵ زیندانیکردن، لە زیندانی ژنانی باکرکۆی ئازاد کران و بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”ـیەوە پێشوازییان لێ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دیلەک ئۆز و سوورەیا بوڵود، هەردوو زیندانیکراوی کورد کە لە زیندانی داخراوی ژنانی باکرکۆی ئازاد کران، لەبەردەم دەرگای زیندانەکەدا لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاریی بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراونی مه‌ڕمه‌ڕه‌ (ما-توهای دەر)، دەستپێشخەریی دایکانی ئاشتیی ئەستەنبوڵ، کۆمەڵەی کاتی ژنانە و ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری زیندانیان بە هەلهەلە و گوڵ پێشوازییان لێکرا.

 

لە کاتی پێشوازیکردنەکەدا درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و “بژی بەرخۆدانی زیندانەکان” بەرزکرایەوەو سوورەیا بوڵود وتی: تاوەکو ڕێبەرەکەمان و هەموو هەڤاڵانمان لە زینداندا بن، ئێمە هێشتا ئازاد نین، دوای ٣٢ ساڵ، بە جۆش و خرۆشەوە لە ناو گەلی خۆمانداین، لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بەرپرسیارێتییەکی زۆر دەکەوێتە سەر شانمان و ئێمە ئامادەین هەرچی لە دەستمان بێت ئەنجامی بدەین.

 

هەروەها دیلەک ئۆزیش گوزارشتی لە هەستی خۆی کردو وتی: ماوەی دوو ساڵە پرسیاری “ئایا پەشیمانن؟”مان لێ دەکەن، ڕەنگە ئەمە دوو ساڵ ئێمەی دواخستبێت، بەڵام ئێمە دوێنێ لە کوێ بووین، ئەمڕۆش لە هەمان شوێنین.