لە سەمسور جەژن بە خەم و پەژارەوە  پێشوازی لێدەکرێت

لە سەمسور کە ٪٧٠ی بیناکانی لە بوومەلەرزەکەدا وێران و زیانیان پێگەیشت، ئەم جەژنەش لە گۆڕستان پێشوازی لێدەکەن، دانیشتوانی شارەکە باسیان لە کاری حکومەت لە کاتی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا کرد و ڕایانگەیاند، دڵتەنگی و توڕەییان زۆرە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە ناوەندەکەی شاری مەڕەش بوو، لە تورکیا و باکووری کوردستان ٥٤ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەو خشتەیەی دوای بوومەلەرزەکە بڵاوکرایەوە، دەریدەخات کە ژمارەکە بە سەدان هەزارە، هێشتا خەڵک لە هەوڵی چاک کردنەوەی برینەکانی ٥ مانگی ڕابردوودان لەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێیدا، قوربانیانی بوومەلەرزەکە لە بارودۆخێکی سەختدا بەردەوامن لە ململانێ لەگەڵ ژیانیان و جەژن لەسەر گۆڕستانەکان پێشوازی لێدەکەن.

 

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە سەمسور نزیکەی ٣٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار باڵەخانە وێران بوون. لەو شارەدا خەڵک لە نزیکبوونەوەی جەژندا سەردانی گۆڕستان دەکەن و شەکر و شیرینی بە ناو منداڵاندا بڵاودەکەنەوە، دەشڵێن: لەناو ئەم ئازارانەدا کەس هەست بە جەژن ناکات.

 

"ئایا جەژن بەم شێوەیە دەبێت؟"

سەفیە ئاڤچی، کە لە گۆڕستاندا بەسەر برا و خوشکەزاکەیدا دەلاوێتەوە و دەڵێت: هەرچەندە ٥ مانگ تێپەڕیوە، بەڵام پێدەچێت ٥ ڕۆژ بێت، لە دوای بوومەلەرزەکەوە هیچ شتێکی ژیانیان نەگۆڕاوە و وەک ئەوەیە لە قیامەتدا بن، ٥١ ساڵم و تا ئێستا بوومەلەرزەیەکی لەو شێوەیەم نەبینیوە، دوای بوومەلەرزەکە کەس لە ژێر داروپەردوودا دەنگی نەهات، هەرگیز دەنگی هاوار بۆ یارمەتی لە هەموو شوێنێکەوە لەبیر ناکەم، کەس نەهات یارمەتیمان بدات، دوای سێ ڕۆژ کە هەمووان گیانیان لەدەستدا تیمە ڕزگارکارەکان هاتن، جەژنمان هەمیشە بەم شێوەیە خەمناک دەبێت، تا دەژیم ئەو کەسانەی کە مردوون و ئەوەی بەسەرمان هاتووە لەبیر ناکەم.

 

"خەم و توڕەیی ئێمە وەک ڕۆژی یەکەم بەردەوامە"

سێڤگی کیلینچ وتی کە جگە لە دڵتەنگی، توڕەییشیان زۆرە: ئەو بەرپرسانەی دەوڵەت کە هاتوونەتە ئێرە، داوای گەردن ئازادییان کردووە، ئێمە هەرگیز دەستبەرداری مافی خۆمان نابین، بوومەلەرزەکە شتێکی سروشتی بوو، بەڵام ئەی کەمتەرخەمی حکومەت چی؟ خێزانەکەمان پشتگیری ئەم حکومەتەیان دەکرد، بەڵام کە بوومەلەرزەکە بوو کەس نەهات بە هانامانەوە، بۆ ئێمە جەژن و زەماوەند و ئاهەنگ نییە، هەروەها ئاهەنگی لەدایک بوون قەدەغەیە، خێزان و ژیان و خەونەکانمان هەموویان نەماون، هیچ سۆز و هیوایەکمان بۆ هیچ شتێک نییە، هەموو ئەو شتانەی کە هەمانبوو، لەگەڵ ئەواندا نەمان،ئێمە ئێستا تەنها چاوەڕێی مردنین.