"سەرەڕای پێشێلکارییەکانی، داگیرکەری تورکیا داوا لە خەڵک دەکات بگەڕێنەوە بۆ عەفرین"
ژنانی ئاوارەی عەفرین توڕەیی خۆیان لە دژی بانگەوازی گەڕانەوە بۆ عەفرین لەلایەن تورکیای داگیرکەرەوە دەربڕی و دەڵێن: چۆن ئەو ژیانەی لەژێر بۆردومان و پێشێلکارییەکانی تورکیادان، دەگەڕێتەوە؟.
فیدان عەبدوڵا
شەهبا- هەواڵگری تورکیا لە ڕێگەی بەشێک لە بەکرێگیراوەکانییەوە، بەفێڵ و بەڵێنی درۆ بانگهێشتکردنی ئاوارە بەرخۆدێرەکانی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گوندەکانی قەزای شێراوە دەکات، کە بگەڕێنەوە بۆ عەفرینی داگیرکراو.
"چۆن ژیانی لەدەستچوو دەگەڕێتەوە؟"
فاتیمە داود، ژنێکی عەفرینی ئاوارەیە و باس لەوە دەکات، تۆمەتەکانی داگیرکاری تورکیا و کوتلە چەکدارەکانی ئاشکرا و ڕوونە، عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لەژێر داگیرکاری و هێرشدایە، تورکیای داگیرکەر لەڕێگەی بەکرێگیراوەکانیەوە داوا دەکات خەڵکی عەفرین لە شەهبا و حەلەب و قەزای شیراوەوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە، وتیشی: داگیرکاری تورکیا هەموو جارێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئاسایش و سەلامەتی بۆ خەڵکی ڕەسەنی عەفرین دابین دەکات و ماڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکان و هەموو موڵک و ماڵیان ڕادەستی خەڵک دەکاتەوە کە تاڵانیان کردووە، چۆن ڕۆحە لەدەستچووەکانی ژێر بۆردومانی داگیرکەری تورکیا و پێشێلکارییەکان دەگەڕێتەوە؟، ئەو دارە هەمیشەییانەی تەمەنیان زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ بوو و بڕدرانەوە، چۆن دەگەڕێنەوە؟، ئەو شوێنەوارە مێژوویی و ئاسەوارانەی کە تاڵان کراون، چۆن دەگەڕێنەوە؟.
فاتیمە داود دەشڵێت: ئەگەر داگیرکەری تورکیا دڵسۆز بووایە لە دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەت بۆ خەڵکی عەفرین، ئەوا ئەو هەموو تاوان و کۆمەڵکوژییەی ئەنجام نەدەدا و شەش ساڵ لەمەوبەریش سیاسەتی قڕکردنی دژی خەڵکی عەفرین پراکتیزە نەدەکرد.
"بانگهێشتەکە بۆ قڕکردنی خەڵکی عەفرینە"
ڕەوشان سینۆ ئاماژەی بەوەدا، دەرچوونی زۆرەملێ لە عەفرین دوای ئەو بەرخۆدانەی کە خەڵک لە بەرامبەر داگیرکاریدا نیشانی دا، بۆ دانیشتوانی ناوچەکە ئاسان نەبوو، بەڵام هێرش و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی داگیرکەری تورکیا، خەڵکی ناچار کرد بە زۆر هەڵبێن، وتیشی: بانگەوازەکانی داگیرکەری تورکیا و کوتلە چەکدارەکانی ناوبەناو بۆ ئاوارەکانی عەفرین لە شەهبا و قەزای شێراوا، تەنها شەڕێکی تایبەت و سیاسەتێکن بۆ ڕاکێشانەوەی خەڵک بۆ عەفرین، ڕۆژانە شایەتحاڵی کوشتن و دەستدرێژی و ڕفاندنین، هیچ شتێک لە پشت ئەم بانگەوازە درۆینانەوە نییە، جگە لە ڕاکێشانی خەڵکی عەفرین بۆ ڕفاندنیان و زەوتکردنیان و تاڵانکردنی پارەی زیاتر لێیان.
ئامینە حەسەن، وتی: تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر تا ئەم ساتە هێشتا زیندوون و ڕۆژانە ئەنجام دەدرێن، مەحاڵە بە شەوێک کۆتاییان پێبێت، چونکە تورکیا بە داگیرکردنی عەفرین، سەرجەم پەیمان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کرد، بانگهێشتەکەش بە ئامانجی قڕکردن و سەرکوتکردنی خەڵکی ناوچەکەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئامینە حەسەن داوای لە خەڵکی عەفرین لە هەموو شوێنێک کرد، کە بە بانگەوازی داگیرکەری تورکیا و کوتلە چەکدارەکانی نەگەڕێنەوە ناو عەفرین و کاریگەرییان لەسەر نەبێت و بەردەوام بن لە خۆڕاگری و بەرخۆدان بەرامبەر سیاسەتی داگیرکاری تورکیا، تا ڕزگاربوون و گەڕانەوەی بە کەرامەتەوە بۆ عەفرین.