قەیرانی تەندروستی سودان دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار

ململانێکان لە سودان قەیرانی تەندروستی بۆ سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس دروستکردووە، ناچاربوون بەرەو شوێنی سەلامەت هەڵبێن، لەناوخۆی یان لەدەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەخۆشییە درمیەکان و نەخۆشییەکانی دیکە لەنێو خەڵکی ئاوارەی سودان لەو شوێنانەی داوای پەناگەیان کردووە تۆمارکراون، کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سنووردارە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەوڵی دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان دەدات لەو وڵاتانەی کە قەیرانەکان تێیدا سەریهەڵداوە، لەدوای دروستبوونی شەڕ لە ناوەڕاستی مانگی نیسان لە نێوان سوپای سودان هێزەکانی دیکەی ناوچەکە، هەوڵی پاڵپشتیکردنی دارایی بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی ناوچەکەی داوە.

 

زیاتر لە دوو لەسەر سێی نەخۆشخانەکان ناتوانن خزمتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تا ئێستا ٥١ هێرشی بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان پشتڕاستکردووەتەوە، کە لە ئەنجامدا ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٤ کەسیش برینداربوون.

 

نزیکەی ٧٦٠ هەزار کەس کە بەهۆی شەڕەوە ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە، هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ لەوانە، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، چاد، میسر، ئەسیوپیا و باشووری سودان، کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و هاوبەشەکانی پاڵپشتی دەسەڵاتە نیشتمانییەکان دەکەن بۆ پێشکەشکردنی بەپەلەی هاوکاری تەندروستی.

 

زۆربەی پەنابەران بەرەو چاد بەڕێکەوتوون، کە ڕۆژانە بە تێکڕا دوو هەزار و ٥٠٠ پەنابەر دەگاتە وڵاتی چاد، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و هاوبەشەکانی زیاتر لە ١٤٠٠ حاڵەتی زەبر و زەنگیان لەوێ دەستنیشان کردووە و چارەسەریان کردووە، لەنێویاندا زیاتر لە ٦٠ نەشتەرگەری گەورە ئەنجامدراوە.

 

نزیکەی لەسەدا ٧٠ی حاڵەتەکانی زەبر و زەنگ بەهۆی برینەکانی تەقەوەیە، لە هەمان کاتدا مەلاریا، بەدخۆراکی و تووشبوون بە کۆلێراش لەنێو ئاوارەکاندا تۆمار دەکرێت.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە، حاڵەتەکانی تووشبوون بە مەلاریا لەنێو منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵدا، هەروەها حاڵەتەکانی گومانی تای زەرد، لەنێو ئەو ١٧ هەزار کەسەدا دەستنیشانکراون.

 

لەلایەکی دیکەوە، دامەزراوەکان لە باکووری ناوچەی ڕێنک بەهۆی هاتنی زیاتر لە ١٧٦ هەزار کەس بۆ باشووری سودان، بەرزبوونەوەی سکچوونی توندی لەنێو تەمەنی خوار تەمەنی پێنج ساڵاندا ڕاگەیاندووە کە ڕێژەی مردن زیاد دەکات، هەروەها بەرزبوونەوەی بەرچاوی حاڵەتەکانی بەدخۆراکی توند و سورێژە لەنێو ئەم منداڵانەدا تۆمارکراوە.