کچەکەی کوشت و دادگا کەمترین سزای دا

تەیبە عەلی. ڤلۆگەرێکی عێراقی بوو، لە ٣١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن باوکییەوە کوژرا، دوای ٩ مانگ بەسەر کوشتنەکەیدا، دادگا بڕیاریدا تەنها ٦ مانگ سزای بکوژەکەی بدات.

ناوەندی هەواڵ

 

٣١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ڤلۆگەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی تەیبە عەلی لەلایەن باوکیەوە، لە پارێزگای دیوانییەی عێراق کوژرا، کوشتنی تەیبە شەقامی عێراقی جوڵاند و چالاکوانان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی داوای بە سزا گەیاندنی بکوژەکەیان کرد.

 

تەیبە عەلی ڤلۆگەرێکی ٢٢ ساڵ بوو، لە وڵاتی تورکیا دەژیا، بەپێی زانیاری میدیا عێراقییەکان کە لە سەرچاوەی ئەمنییەوە وەرگیرا و بڵاوکرایەوە، تەیبە چەند ڕۆژێک بووە لە وڵاتی تورکیا گەڕاوەتەوە بۆ شاری بەغدای پایتەختی عێراق لەسەر داوای دایکی، بەڵام کاتێک خێزانەکەی زانیویانە گەڕاوەتە بەغدا هەڕەشەکردن لێی دەستی پێکردووە، کاتێک تەیبە لە شاری بەغدا بووە، لای پۆلیس سکاڵای تۆمار کردووە و ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ تورکیا و لەگەڵ گەنجێکی خەڵکی سووریا هاوسەرگیری بکات، بەڵام كەسوكارەكەی توانیوویانە شوێنی تەیبە لە بەغدا بزانن و بیگەڕێننەوە بۆ پارێزگاری دیوانیە، دوای دروستبووونی دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو و باوكیدا، تەیبە لەلایەن باوكییەوە خنکێندراوە، دواتر خۆشی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە، بەڵام هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە سەبارەت بە كوشتنەكە و ئەو زانیاریانەی لەسەر ئەو ژنە گەنجە بڵاوبووەتەوە دەرنەچوو.

 

دوای ٩ مانگ بەسەر کوشتنی تەیبە عەلیی ڤلۆگەردا، ٧ی ئەیلوول، دانیشتنی کۆتایی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی تەیبە عەلی، کە باوکی بوو، لە دادگای تاوانەکانی بەغدا بەڕێوەچوو و تێیدا سزای تەنها شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە بەر لە کوشتنی، تەیبە هەڕەشەی لێکراوە و بەزۆر براوەتەوە بۆ ماڵی باوکی، پاشان کوژراوە.

 

دۆسیەکەی تەیبە بە پێی مادەی ٤٠٩ـی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا کرا، کە تایبەتە بە تاوانی کوشتنی ژن، بەڵام لە ماددەکانیدا، ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر پیاوێک ژنێکی ناو خێزانەکەی یان هاوسەرەکەی لە ژێر پاساوی “پاککردنەوەی شەرەف” بکوژێت، سزاکەی تەنها ٣ ساڵ دەبێت بەو مەرجەی تاوانبار پێشینەی تاوانی نەبێت، بەمەش تاوانبارانی کوشتنی ژنان لە سزا دەربازیان دەبێت.