مەها مەروان لە دێرەزوورەوە: ئێمە لە پشت قەسەدەوەین

مەها مەروان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، لەبارەی هێرش و فیتنە و پیلانەکانی کە لە دێرەزوور ڕوودەدەن، ڕایگەیاند: "حکومەتی دیمەشق و تورکیا و ئێران دەیانەوێت سەقامگیری ناوچەکە و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لەناوببەن".

عەبیر محمد

 

قامیشلۆ- ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣ لە دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد، لەژێر ناوی "بەهێزکردنی ئاسایش" بۆ گرتنی شانەکانی داعش و تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بەردەوامە، مەها مەروان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دێروزوور، ڕایگەیاند، حکومەتی دیمەشق و تورکیا و ئێران دەیانەوێت سەقامگیری ناوچەکە و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لەناوببەن.

 

دەستێوەردانی دەرەکی بۆ تێکشکاندنی پڕۆژەی دیموکراتیک هەیە

مەها مەروان ڕایگەیاند کە حکومەتی دیمەشق و ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەیانەوێت ئەو پڕۆژە دیموکراتیکەی کە لە دێرەزوور دامەزراوە، لەناوببەن و وتی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان کە شانە هەن هەوڵی هەڕەشەکردن دەدەن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن، ئامانجیان تێکدانی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە، بە شیکردنەوەی هەندێک لەو ڕاستی و ڕووداو و چەکانەی کە لە دژی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی دێرەزوور بەکارهێنران، بۆمان دەرکەوت کە دەستێوەردانێکی گەورە لەلایەن لایەنە دەرەکییەکانی پەیوەست بە ڕژێمی سووریا و ئێرانەوە هەبووە، بەدڵنیاییەوە بەهەمان پلان، ویستوویانە ئەو ئازادییەی ژنان کە لە ناوچەی دێرەزوور بەدەست هاتووە لەناوببەن و جارێکی دیکە مافی ژنان بسەننەوە.

 

تاڵان و دزیکردن لە ناوەندە خزمەتگوزارییەکان

مەها مەروان ڕایگەیاند، چەتەکانی داعش تاڵان و دزیان لە ناوەندە خزمەتگوزارییەکان کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە کاتی هێرشی هەندێک لە چەتەکان لە دێرەزوور، تاڵان و دزییان لە ناوەندە خزمەتگوزارییەکان کردووە، داوا لە دانیشتوانی دێرەزوور دەکەین کە ئاگاداری ماڵ و موڵکەکانیان بن، لە هەمان کاتدا، ئاگاداری موڵک و ماڵی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان بن چونکە ئەمە هی تەواوی دانیشتوانی ناوچەکەیە.

 

"خاوەنداری لە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بکەن"

مەها مەروان لەم کۆتاییدا دووپاتی کردەوە، کە پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە دەبن و بەرگری لە پڕۆژەی دیموکراتیک دەکەن، داواشی کرد، دانیشتووانی ناوچەکە خاوەندارێتی لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بکەن و بەرگری لێبکەن، چونکە ئەم پڕۆژەیە بە خوێنی شەهیدان بنیات نراوە، وتیشی: "ئێمە دەستبەرداری پڕۆژەکەمان نابین".