لە جەژندا دەبێت پێش خواردنی شیرینی منداڵ نان بخوات

تارا عەلی بابان، پزیشکی پسپۆڕی گەشە و خۆراکی منداڵان، ڕێنمایی دایکان دەکات پێش خواردنی شیرینی جەژن، ڕێکاری تەندروست بگیرێتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

تارا عەلی بابان، پزیشکی پسپۆڕی گەشە و خۆراکی منداڵان، دەربارەی خۆراکی منداڵ لە ڕۆژانی جەژندا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕێنمایی دایکان دەکات پێش خواردنی شیرینی جەژن، ڕێکاری تەندروست بگیرێتەبەر.

 

پزیشک تارا عەلی بابان دەنووسێت: گرنگە مناڵ لە هەموو کاتێکدا خواردنی تەندروست بێت و شیرینی و شەربەت و خواردنە ناتەندروستەکان بەڕێژەیەکی زۆر کەم بخوات، بەڵام وەک دەزانین لە ڕۆژانی جەژندا ڕێژەیەکی زۆر شیرینی و شەربەت بەکاردەهێنرێت، لەبەر ئەوە ناتوانین بڵێین با مناڵ بەهیچ شێوەیەک شیرینی نەخوات، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت:

 

١. منداڵەکە دەبێت نانی بەیانی بخوات، ئەگەر ئەوەش نەخوات کە بۆ جەژن ئامادەکراوە، هەوڵ بدە کوپێک شیر یان هێلکە یان لەفەیەکی پەنیری بدەیتێ، چونکە گونجاو نیە نانی بەیانی نەخورێت و یەکەم خۆراکی مناڵەکە شەربەت و شیرینی بێت.

 

٢. هەوڵ بدە کاتژمێر و نیوێک پێش ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە نەهێڵیت مناڵەکە شیرینی و شەربەت بخوات، چونکە گەدەی مناڵ بچوکە و زوو تێر دەبێت، ئەمەش وای لێدەکات نانی ژەمەکەی بفەوتێت.

 

٣. بەهیچ شێوەی ڕێگە مەدە خواردنەوە گازیەکان و جبس بخوات، چونکە هۆکاری سەرەکی بەدخۆراکین لە مناڵاندا.