دوای لێشاوی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار پەنابەر لە سودانەوە، چاد باری نائاسایی خۆراک ڕادەگەیەنێت
بەهۆی برسێتی و کەمی خۆراکەوە، دوای ئەوەی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار پەنابەر لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا لە سودان هەڵهاتن، چاد باری نائاسایی خۆراکی لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە، چاد میوانداری زۆرترین ژمارەی پەنابەرانی سودانی دەکات، کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی دارفۆری ڕۆژهەڵاتی سودانن.
بەگوێرەی فەرمانێک کە دوێنێ هەینی ١٦ی شوبات دەرچووە، چاد باری نائاسایی خۆراکی لە سەرتاسەری وڵاتەکەی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی ١٠ مانگدا زیاتر لە نیو ملیۆن پەنابەر لە سودانەوە ڕوویان لە ناوچەکە کردووە.
لە بڕیارەکەدا هیچ وردەکارییەک لەبارەی ڕێکارە فریاگوزارییەکان و ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەشدارن ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێشتر بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا هۆشداری دابوو لە وەستانی نزیکەی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە پێشکەشی دەکات لە بەرامبەر لێشاوی پەنابەرانی سودان ئەگەر کەس نەمێنێتەوە بۆ ناو چاد.
نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە چاد، چ ئاوارە و هەم پەنابەر لەو وڵاتە نیمچە بیابانییە، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەفریقا، لە لایەن پرۆگرامی خۆراکی جیهانییەوە هاوکاری خۆراک وەردەگرن.
بەپێی دوایین ئامارەکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دووپاتی کردووەتەوە کە زیاتر لە ٥٤٦ هەزار و ٧٧٠ پەنابەر لە سودانەوە بەرەو چاد هەڵاتوون.
چاد کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە دووەم وڵاتی کەم گەشەسەندوو لە جیهاندا پۆلێنی دەکات، دەبێت مامەڵە لەگەڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٧٠ هەزار کەس بکات کە بە زۆرەملێ ئاوارەبوون، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار پەنابەریشیان تێدایە.
جێگای سەرنجە، وڵاتی چاد کە دەکەوێتە ناوچەی سەحرا لە ئەفریقای ناوەڕاست، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە ئاڵنگاری ئەمنی پەیوەست بە ململانێکانی وڵاتانی دراوسێی و دەرئەنجامە کەشوهەواییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ خێرابوونی بیابانبوون و وشکبوونەوەی دەریاچەی چاد، کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەژاری لە وڵاتەکەدا، کە ٪٤٢.٣ی دانیشتووان لە مەترسی هەژاریدا دەژین.