ڕژاک داوای ئازادکردنی سەرۆکی ڕێکخراوەکەیان دەکات کە ٢٥ ڕۆژە دەستگیر کراوە

ڕژاک لە بارەی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڕێکخراوەکەیان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بە توندی هێرشی تیرۆرستییانە بۆ سەر سیاسەتمەدار فریال سلێمان و ژنانی تێکۆشەر شەرمەزار دەکەین و بۆ عێراق جێگەی شەرمەزارییە کە سەرۆکی ڕژاکی دەستگیر کردووە".

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی ٢٥ ڕۆژە دلۆڤان ئەکرەم، سەرۆکی ڕیکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شاری کەرکوک، دوای تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار فریال سلێمان خالید دەستگیر کراوە و ڕژاک بەیاننامەیەکی نووسراوی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەم هەوڵە لەرزۆکانە شەرمەزار دەکەین و داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، لەگەڵمان بن، هەروەها داوا لە دەوڵەتی ئێراق دەکەین دەستبەجێ سەرۆکی ڕێکخراوەکەمان ئازاد بکات".

 

دەقی بەیاننامەکەی ڕژاک؛

"لای هەموو لایەک ئاشکرایە، ماوەیەکە لە باشووری کوردستان و ئێراق ژنانی تێکۆشەر دەکرێنە ئامانج، ئەم ژنە تێکۆشەرانە بۆ ئازادیی ژن و کۆمەڵگە ساڵانێکە لە تێکۆشاندان، بە ئامانجگرتنی ئەم ژنە تێکۆشەرانە بێدەنگکردنی ژنانە، وەکو بینرا، چۆن لە شاری سلێمانی بە ڕۆژی ڕووناک شەهید ناگیهان ئەکارسەل بە دەستی ڕەشی تیرۆرستان و ژنکوژان کرایە ئامانج و شەهید کرا، بە هەمان شێوە لە شاری کەرکوک ئەم تاوانە قێزەونە لەلایەن تیرۆریستانەوە دووبارەکرایەوە و شەهید فریال خالید کرایە ئامانج و شەهید کرا.

 

شەهید فریال لە تەمەنێکی زۆر گەنجدا ئاشنای ڕێگای ئازادیی ژن بوو، بەرەو ئازادی ژن لە ڕۆژئاوا، لە ئەرمەنستان و لە بەرامبەر تیرۆستێکی ترسناکی وەک داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕوو وەستایەوە و تێکۆشانی کرد.

 

بکەران و بکوژانی ئەم تاوانە قێزەونانە، لە ڕێککەوتنی تورکیای داگیرکەر و پارتی دیموکراتی کوردستان "پەدەکە" دوور نییە، لەو ڕۆژانەدا هاکان فیدان هەڕەشەی لە ئێراق و باشووری کوردستان کرد، ئەردۆغان کوردستانی بە تیرۆرستان ناوزەند کرد و هەڕەشەی هێرشی کرد، دەوڵەتی فاشیستی تورک لە ژێر ناوی تیرۆردا، ژنی تێکۆشەر دەکاتە ئامانج، بۆیە هەر دوای ئەم هەڕەشەیە ئەم کردەوە تیرۆریستیەی ئەنجامدا.

 

وەک ژن لە باشووری کوردستان پێمان وایە ئەم هێرشانە بۆسەر ژنی پێشەنگ زۆر ئامانجدار و بە مەبەستە، بۆیە بە توندی ئەم هێرشە تیرۆرستییانە بۆسەر ژنانی تێکۆشەر شەرمەزار دەکەین و بۆ عێراق جێگەی شەرمەزارییە، کە بکوژان و تیرۆرستان دەستگیر ناکات، بە پێچەوانە دەبێتە ئاستەنگ و ڕێگر لەبەردەم کاری ڕێکخراوەیی ئێمە، بۆ هەموو لایەک ئاشکرای دەکەین، سەرۆکی ڕێکخراوەکەمان، بە ناوی دلۆڤان ئەکرەم، ماوەی (٢٥) ڕۆژە دەستگیر کراوە، ئەم دەستگیرکردنە بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و هەبوونی بەڵگە، دەرچوونە لە یاسا بەرکارەکانی وڵات.

 

ئەم هەوڵە لەرزۆکانە شەرمەزار دەکەین و داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین لەگەڵمان بن، هەروەها داوا لە دەوڵەتی ئێراق دەکەین دەستبەجێ سەرۆکی ڕێکخراوەکەمان "دلۆڤان ئەکرەم" ئازاد بکات. ڕای گشتیش ئاگادار دەکەینەوە ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێکخراوی ئێمەیە، بەدڵنیاییەوە سبەی لەسەر ڕێکخراوەکانی تر ئەنجامدەدرێت، کاتێک ئامانج سەرکوتکردنی ژنان بێت، بۆیە پێویستە هەموو ڕێکخراوەکان خاوەن هەڵوێست بن و داوا بکەن بە زووی مامۆستا دلۆڤان ئازاد بکرێت.