یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان کۆمەڵکوژی شەنگال شەرمەزار دەکات

یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان جەختی لەوەکردەوە، زیاتر لە ٢٨ هەزار ئێزیدی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە شەنگال ڕفێندرابوون، هێشتا بێسەروشوێنن.

حەسەکە

 

یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان لە حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ ٣ی ئاب بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی کۆمەڵکوژی شەنگالی کرد، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کۆتایی بەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانە بهێنێت، کە پێکهاتەکانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج و پشتیوانی لەو خەڵکانە بکەن کە بوونە قوربانی ئەو کۆمەڵکوژییانە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ٩ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی شەنگالدا تێپەڕیوە، هێشتا ٢٨ هەزار ئێزیدی بێسەروشوێنن و سەدان هەزار کەسیش لە کامپەکانی ئاوارەکاندا دەژین لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ەوە، ئەوە دوایین ڕۆژ بوو کە کۆمەڵگەی ئێزیدی بە ئاشتی ژیا، چەتەکانی داعش دەستیان بە هەڵمەتێک کرد دژ بە پێکهاتەی ئێزیدی کە پاکتاوی ڕەگەزی بە شێوەی کۆمەڵکوژی و گۆڕینی بەزۆری ئاین بوو.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: چەتەکانی داعش زیاتر لە ٦ هەزارو ٥٠٠ ژن و منداڵیان کردووە بە کۆیلە و زیاتر لە 350 هەزار کەس لە کامپەکانی ئاوارەکاندان، زیاتر لە ١٢٠ هەزار لەوانەی گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان هێشتا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە بنیادنانەوەی ژیانیاندا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شکستیهێناوە لە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی بۆ پاراستنی ئەو پێکهاتانەی کە هێشتا ڕووبەڕووی جینۆساید دەبنەوە.

 

یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان داوا لە هەموو جیهان دەکات کۆتایی بەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانە بهێنێت کە پێکهاتەکان دەکەنە ئامانج و پشتیوانی لە خەڵک بکەن لە بەرامبەر سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیدا.