هۆشداری زیادبوونی توشبووانی تای خوێنبەربوون دەدرێت

داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن، بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی مردن بە تای خوێنبەربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەرێمی كوردستان ژمارەی تووشبووان و مردن بە تای خوێنبەربوون لە زیادبووندایە، تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن.

 

كاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاندووە، " تا ئێستا شەش حاڵەتی تووشبوونمان بە تای خوێنبەروون هەبووە و سێ لەو حاڵەتانە بەهۆی پەتاكەوە گیانی لەدەستداوە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو سێ كەسەی توشی تای خوێنبەربوون بوون ئێستا لەژێر چاودێری و چارەسەری چڕی پزیشكیدان.

 

بەڕێوەبەری تەندروستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسی لەوەکرد، " تیمە تەندروستییەكان لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە چاودێرییەكانیان چڕ كردۆتەوە، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەربارەی نەخۆشییەكە جێبەجێ بكەن."

 

ئەمە لەكاتێكدایە، لە هەولێر و دهۆك لە ماوەی ڕابردوودا تووشبوون و مردن بە تای خوێنبەربوون تۆماركراوە و ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووش تەندروستی سلێمانی تووشبوونی كەسێكی بە پەتاكە ڕاگەیاند.