ئاهەنگی کۆتایی خولی فێربوونی زمانی کوردی لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو

فێرکردنی زمانی کوردی بە شێوەی فەرمی و نافەرمی یەکێکە لە نموونەی چالاکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە سەرەڕای فشارەکانی دەسەڵات تا ئێستا بەردەوامە.

لارا گەوهەری

 

میاندواو- لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە زمان و کولتوورە جیاوازەکان بە خێرایی لە ناو دەچن و زمانە باڵادەستەکان شوێنیان دەگرنەوە، زمانی کوردی داستانێکی بێهاوتای بۆ مانەوەی خوڵقاندووە، ئەم زمانە ساڵانێکی زۆرە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە بەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشە کولتوورییەکان لە پشت پەردەیەکی سیاسیی دەبێتەوە، بەڵام گەلی هۆشیاری کورد بە چالاکییەکانی خۆی ئەم گەنجینەی مێژوویی و کولتوورییەی پاراستووە، بەتایبەتی لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا فێرکردنی زمانی کوردی بە شێوەی فەرمی و نافەرمی یەکێکە لە نموونەی چالاکییەکان کە سەرەڕای فشارەکانی سەر چالاکوانانی تا ئێستاش بەردەوامە.

 

یەکێک لە دامودەزگا چالاکەکانی ڕۆژهەڵات دامەزراوەی ڕۆشنبیری و هونەری "بۆ ژیان"ە، کە لەم دواییانەدا لە گوندەکانی ناوچەی موکریان دەستی بە چالاکییەکانی کردووە، ئەم دامەزراوەیە ماوەی ١٤ ساڵە بە شێوەیەکی نافەرمی چالاکییەکانی لە بواری زمانی کوردیدا دەستیپێکردووە و ئێستا تەنیا ٢ ساڵە بە فەرمی و بە پابەندبوون بە ڕێسا تایبەتەکانەوە کاردەکات، یەکێک لەو ناوچانەی کە ئەم دامەزراوەیە لەم دواییانەدا تێیدا چالاک بووە، گوندی "تەپەڕەش"ە لە پارێزگای میاندواوە.

 

لەم گوندەدا یەکەم سەرکەوتنی خوێندکارانی زمانی کوردی بە ئامادەبوونی دایکان و باوکان و مامۆستایان بەرز ڕاگیرا و لە کۆتایی خولەکەدا نزیکەی ٣٤ کەس بڕوانامەیان پێبەخشرا، زۆربەی بەشداربووانی خولەکە منداڵانی کچ بوون.

 

شاناز.م، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکەیە و وتی: "لەو کاتەوەی منداڵەکان هاتوونەتە پۆلەوە زۆر گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە، بەها و گرنگی کلتوور و جلوبەرگەکانیان دەزانن، فێری خۆشویستنی خۆیان بوون، شیعر و چیرۆکی کوردی بۆتە بەشێک لە بوونیان و زۆر دڵخۆشن پێی."

 

خوێندن بە زمانی دایک لە ئێران یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەکان کە لە لایەن حکوومەتی فاشیستییەوە دانیپێدانانرێت، هەوڵی لەناوبردنی دەدات، بەڵام سەرەڕای هەڕەشە و سانسۆرەکانی حکومەت خەڵکێکی زۆر فێری زمانی کوردی بوون، سەرەڕای دژایەتی حکومەت بۆ تۆمارکردنی ناوی کوردی لە بەڵگەنامەی لەدایک بوونی منداڵان، هێشتا خێزانەکان ناوی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵدەبژێرن.

 

بە لابردنی زمانی دایک، مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیەک لەدەست دەچێت، بەڵام دەبێت هەوڵبدرێت بۆ پاراستنی زمانی دایک و فێرکردنی لەو بوارانەی کە زیاتر مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، حکومەت زۆربەی ناوچەکانی پەراوێزخستووە.

 

https://youtu.be/_ErKVkRY8OM?si=zwmgwsv3spHc5Oh4