دایکانی ئاشتی: داواکاری ئێمە ئاشتی و یەکسانی و ئازادییە

دایکانی ئاشتی لە شاری وانی باکووری کوردستان جەختیان لەسەر پێویستی هەنگاوی ڕاستی حکومەتی تورکیا بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی کردەوە و وتیان: داواکاری گەلی کورد ئاشتی و ئازادی و یەکسانییە و داوای بەردەوامی خەباتی هاوبەشیان کرد.

وان

 

دایکانی ئاشتی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەروەردەکردنی کولتووری گفتوگۆ و داوای کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی دەستگیرکراوەکان دەکەن، دەنگیان بۆ دادپەروەری و ئازادی بەرز دەکەنەوە، یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕێگەی بەرخۆدانی خۆیانەوە بەرجەستە دەکەن، هەروەها داوای کۆتایی هێنان بە شەڕ و بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ ئاشتی هەمیشەیی دەکەن.

 

دەستپێکردنی دەستپێشخەریی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوبات، لە چوارچێوەی چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد، هەنگاوی پراکتیکی بەرچاوی لەگەڵدا بوو، لە ١١ی تەمووزدا پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسنە لە سلێمانی چەکەکانی داماڵی، پاشان لە ٢٦ی تشرینی یەکەمدا ڕاگەیاندراوێکی نوێی بڵاوکردەوە و تیایدا دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا پشتڕاستکردەوە، پەکەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی فراوانی نێودەوڵەتی دەبێت، چاوی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەش لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو دەبێت کە دەوڵەت دەیگرێتەبەر.

 

لە ڕاگەیاندراوەکدا سەبارەت بە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"، دایکانی ئاشتی لە شاری وان لە باکووری کوردستان جەختیان لەوە کردەوە، کە کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی تورکیا هەنگاوی ڕاستی و کۆنکرێتی بەو ئاراستەیە بنێت و پێشکەوتن بەرەو گەیشتن بە ئاشتی و دامەزراندنی بەها دیموکراتیەکان مسۆگەر بکات، نوریە شەکا، دایکێکی شەهیدە و ڕایگەیاندووە، کە تامەزرۆی ئاشتییە، جەختیشی کردەوە لەوەی کە ئێمەی دایکانی ئاشتی داوای کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی منداڵەکانمان دەکەین لە ڕێگەی ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکانەوە و ئەمەش دەبێت لە ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەست پێبکات.

 

شوکریە ئۆزەر خواستی خۆی بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەربڕی، بۆ ئەوەی هیچ دایکێک تووشی لەدەستدانی منداڵەکانی نەبێت، وتی: پەکەکە هەنگاوی گرنگی بەرەو ئاشتی ناوە، پێویستە حکومەت هەنگاوی ڕاستی هاوشێوەی خۆی بنێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە ڕووینەداوە، پێویستە مەرج و مسۆگەری ڕوون بۆ تێکۆشەرانی ژن و پیاومان دابنرێت، هەروەها پێویستە زیندانیانی سیاسی وەک بەشێک لە پرۆسەکە ئازاد بکرێن، بەڵام ئەمە هێشتا جێبەجێ نەکراوە، ئێمە کورد وەک جاران ناتوانن ژێردەستە بکرێین، ڕاستی گۆڕاوە، کەسیش ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە هەموو گەلی کورد یەکگرتوو بێت و درێژە بە خەباتی هاوبەشی خۆیان بدەن.

 

عائیشە جەلیک ڕایگەیاندووە، کە داواکاری دایکان بۆ ئاشتییە و هیوادارین ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، هەروەها هەمووان، تاک و لایەنەکان بە هەمان شێوە، بە ڕۆحی هاوکارییەوە کاربکەن، ئەوە ڕوون بووەتەوە کە شەڕ هیچ سوودێک بۆ کەس ناگەیەنێت، هەر بۆیەش بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئۆجالان دەرگای گفتوگۆ کراوەتەوە، تاکە داواکاریی ئێمە ئاشتییە، ئێمە نامانەوێت چیتر منداڵەکانمان لەدەست بدەین، هەمووان بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی کۆتاییهێنانی کوشتن و تاڵانکردن و هەموو کێشەکانین، کە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک گەلی کورد داوای مافی خۆمان دەکەین لەسەر زمان و ناسنامە و کولتوورەکەمان، پێویستە منداڵەکانمان پەروەردەی خۆیان بە زمانی دایک وەربگرن و بتوانن بەزمانی دایکیان قسەبکەن، بۆیە داواکاری بنەڕەتی ئێمە ئاشتی و یەکسانی و ئازادییە.

 

موزیین جانکویون جەختی لەسەر پێویستی ئازادکردنی دەستبەجێی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی کردەوە، وتی: گەلی کوردستان هەنگاوی مێژوویی ناوە، پێویستە حکومەتیش هەنگاوی هاوشێوە بنێت، ئەگەر پڕۆسەکە وەک خۆی بەردەوام بێت سەرکەوتوو دەبێت، متمانەمان بە حکومەت نییە، بەڵکو بە پەکەکە هەمانە، دەبێت هەموو گەلی کوردستان یەکبگرن و بەردەوام بن لە خەباتی هاوبەش بۆ ئاشتی.