چەمچەماڵ، تاقانەکەی ئەنفال لەکاتی گرتنی ئاودا گیانی لەدەستدا
مەنیجە ئەحمەد یەکێک لە تاقانەکانی ئەنفال، دوێنێ بەیانی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لەوکاتەی هەوڵیداوە ماتۆڕی ئاوەکەیان کارپێبکات و ئاو بگرێت، کارەبا دەیگرێت و گیان لەدەستدەدات.
ناوەندی هەواڵ
مەنیجە ئەحمەدی تەمەن ٥٧ ساڵ، تاقانەیەکی ئەنفال، خەڵکی گوندی چەمسورخاوی سنوری شارەدێی قادرکەرەم بووە و لە گەرەکی قادرکەرەمیەکانی شارەدێی شۆڕش دەژیا، مەنیجە دوای ئەوەی گەڕەکەکەیان ١٥ ڕۆژ بێ ئاوی دەبینێت، بەرەبەیانییەک لەکاتی هاتنەوەی ئاو و هەوڵدان بۆ ئیشپێکردنی ماتۆڕی ئاوەکەیان، کارەبا دەیگرێت و گیان لەدەست دەدات.

مەنیجە لە کاتی شاڵاوی ئەنفالدا دوو برا و بەشێکی خێزانەکەی ئەنفال کراون، بەهۆی ئەوەی کەسی نەبووە بەتەنها لە ماڵێکدا ژیاوە، لەکاتێکدا بەرەبەیانی دوێنی لەکاتی گرتنی ئاودا گیان لەدەستدەدات و کەس پێی نازانێت لەبەر بەتینی خۆرەکە، تەرمەکەی تێکدەچێت، تا ئێوارە دراوسێکانی پێی دەزانن و لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار دەکەنەوە.
ت.پ