چالاکوانێك بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان دەستگیركرا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا بڵاویکردەوە، خوێندکارێکی تاران بە مەبەستی لێپرسینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستگیر کرا، ئەو ژنە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەستگیر کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە دەستگیركردنی خوێندکارێکی ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو هەستی ئەمیری، خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران و زیندانی سیاسی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە خوێندکارە لەدوای بانگهێشتکردنی لەلایەن لقی ١ـی داواکاری گشتیی زیندانی ئەوین دەستگیر کرا و بۆ زیندانی ئەوین گوازرایەوە بە مەبەستی لێپرسینەوە و هەڕەشە کردن لێی.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو ژنە بە تۆمەتی”پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت، بوونی لەسەر شەقامەکان بە بێ پۆشینی باڵاپۆشی” تۆمەتبار کراوە، هەروەها بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و پشتگیریکردنی لە هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە سزای لەسێدارەدان دەستگیر کراوە.

 

هاوكات، لە ڕۆژی ٦ی ئاداری ٢٠٢٥، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە ماڵەکەی هەستی ئەمیری پشکندرا، لە ئەنجامی پشکنینی ماڵەکەی، کەلوپەلە تایبەتیەکانی و مۆبایلەکەی دەستی بەسەردا گیراوە، دۆسییەی یاسایی لە دژی كرایەوە.

 

هەستی ئەمیری لە ڕۆژی ٥ـی ئابی ٢٠٢٤ کۆتایی بە سزای پێشووی هات و لە زیندانی ئەوین ئازاد کرا، کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٣، ئەو ژنە خوێندکارە لەلایەن لقی ٢٦ ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” بە یەک ساڵ زیندانیكردن سزا درا.