بڕیارەکەی ئەردۆغان بە دژایەتییەکی مێژووی لەقەڵەم دەدرێت
بڕیارەکەی ئەردۆغان توڕەیی ژنانی تورکیای لێدەکەوێتەوە، بەهۆیەوە خۆپیشاندان دژ بە کشانەوەی ئەرۆغان لە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ دەستیپێکرد.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ 2ی تەمموز، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بە ئامادەبوونی ژنان و پیاوان لە تورکیادا بەڕێوەچوو دژ بە بڕیاری کشانەوەی ئەردۆغان لە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ، زۆرێک لە حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و تەوژمی گەلانی ئازادیخواز دژ بەو بڕیارەی ئەردۆغان هەڵوێستیان نواند.
سەرۆککۆمار تەیب ئەردۆغان ئەوەی خستەڕوو کە لە مانگی ئادار/٣ەوە بڕیاری داوە لەو ڕێککەوتننامەیە بکشێتەوە، چاودێرەکانیش ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەردۆغان دەیەوێت ڕەزامەندی کۆنەپارێزەکان بەدەستبهێنێت بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣.
سیاسەتمەدارانی تورکیاش ڕایان وایە کە ئەردۆغان ئەو بڕیارەی بۆ ڕازیکردنی بزوتنەوە ئیسلامییە سیاسییەکان داوە کە دژی ژنانن، ڕێککەوتننامەکە هەموو میکانیزمێکی دژ بە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و دەستدرێژی هاوسەر و هاوسەرگیری پێشوەختە و خەتەنەی ژنان و هەموو جۆرە جیاکارییەکی دژ بە ژنان و پێشێکاری ماف و شکاندنی شکۆی ژنان و دەگرێتە خۆ، کە لە ساڵی ٢٠١١ لە شاری ئیستەنبوڵ واژۆ کرا.
ئەو بڕیارەی ئەردۆگان گەردەلولێکی لە ڕەخنە و خۆپیشاندان لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیادا بە دوای خۆیداهێنا، بە تایبەت لەلایەن ئەو ناوەندانەوە کە داکۆکی لە ماف و یەکسانی ژنان دەکەن، چاودێران و داکۆکیکارانی مافی ژنان لە تورکیا، ئەم بڕیارە بە لێدانێکی ئاشکرا لە مافەکانی ژنان و ڕوخانی ئازادی ژنان هەژمار دەکەن.
ت.پ