"ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان جەختی کردەوە پڕۆسەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە"

شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" لە پاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی ئاماژەی بەوەکرد، ڕێبەرلە گفتوگۆکاندا جەختی لەوە کردووەتەوە پڕۆسەی ئاشتیی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" لە پاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوەو تییدا هاتووە: ئێمە ئەمڕۆ لە بەندیخانەی ئیمراڵی کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری و نیویمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام دا، زۆر بە باشی تێپەڕی چاوپێکەوتنەکە، دۆخی تەندروستی بەڕێز ئۆجالان زۆر باش بوو، لە گفتوگۆکاندا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پڕۆسەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و دەبێت هەموو لایەک بۆ ئەو هەنگاوە نوێیانە و بەگوێرەی پێویستی پڕۆسەکە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

 

هەروەها وەک پێشتر شاندەکەمان ئاماژەی پێدابوو، چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان ئەنجام دەدەین، ئەمەش زۆر سوودبەخش دەبێت، هەروەها کاتی دیدارەکە دیاریکراوە، هاوکات ئەو کۆمسیۆنەی کە لە پەرلەمانی تورکیا پێک دەهێندرێت، ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لە ئاشتیی و چارەسەریدا، هیوا و باوەڕیمان بە یەکپارچەیی پڕۆسەکە، سوودبەخش دەبێت بۆ پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و بەهێز دەبێت.

 

ئەمڕۆ لە کاتی چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ڕێبەر، گوێبیستی هەواڵی گیانلەدەستدانی چەند سەرباز بووین، بە گازی میتان لە هەرێمی کوردستان، ئەم هەواڵە سەرەتا ڕێبەر ئاپۆ و دواتر هەموومانی خەمبار کرد، خودا لێیان خۆشبێت و سەبووری کەسوکارەکەیان بداتەوە.