"بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە گەڕانەوە بۆ عەفرین مسۆگەر دەکات" 

ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی عەفرین و شەهبا ئاماژەیان بەوەکرد کە بەرخۆدان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە پیشەنگایەتی ژنان ئەنجام دەدرێت و بەرخۆدانی ئەو دوو گەڕەکە گەڕانەوە بۆ عەفرین مسۆگەر دەکات. 

 

نەغەم چاچان  

 

قامیشلۆ-لەگەڵ هاتنی ئیدارەی کاتی بۆ سووریا، ڕۆژانە کۆمەڵکوژی لە بەشێک لە سووریا ڕوودەدات. لە کەناراوەکان بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکرێتە سەر گەلی عەلەوییەکان و لە سوەیداش بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکرێتە سەر گەلی درووزەکان و دانیشتووان دەکەنە ئامانج و خەڵکی سڤیل لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە تیرۆر دەکەن، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەرخۆدانی مێژوویی خۆیان نیشانداوە. 

 

ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی عەفرین و شەهبا سەبارەت بە هێرشەکان و بەرخۆدانەکان بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد. 

 

سۆزان ئۆسۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی عەفرین و شەهبا ڕایگەیاند، هێرش بۆ سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لەلایەن بەڕێوەبەریی کاتیەوە ئەنجام دەدرێت و وتی: بەێوەبەریی کاتی زیاتر لە ١٠ ڕۆژە گەمارۆی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەدات، خەڵکی هەردوو گەڕەکەکە بەرخۆدانێکی بێوێنە نیشان دەدەن، بەڕێوەبەری کاتی هەمان سیستەمی ڕژێمی بەعس جێبەجێ دەکات، لە هەمان کاتدا بەربەست لە تەڤگەرەکانی گەل دروست دەکات. 

 

"پشتیوانی لە بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکەین" 

سۆزان ئۆسۆ ڕایگەیاند کە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە هەموو پێکهاتەکان لە بەرامبەر سیاسەتی ئینکاری بەرخۆدان دەکەن و هەروەها ئەمە تیشک دەخاتە سەر فرەچەشنی و تەبایی کۆمەڵگە، لەگەڵ ژنان پێشەنگایەتی ئەم بەرخۆدانەن و وتی: شێخ مەقسود و ئەشرەفییە شوێنی شەرەف و بەرخۆدانن، هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دەژین و بەرخۆدان دەکەن، ئەمەش هاودەنگی گەلیش دەردەخات بەرامبەر بە سیاسەت، هاوکات پشتگیریان دەکەین و پشتیوانی بەرخۆدانیان دەکەین، کە تا مردن بۆ ئازادی و مافەکانمان تێدەکۆشین. بەرخۆدان بەسەر هەموو جۆرە هێرشێکدا سەردەکەوێت. 

 

"دەبێت چارەسەرێک بۆ ئاوارەکانی عەفرینیش بدۆزرێتەوە" 

سۆزان ئۆسۆ باسی لە ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار کرد و بەبیری هێنایەوە کە یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرینە، ئاماژەی بەوەکرد، بەڕێوەبەرێتی کاتی هێشتا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ ناکات، "دەبێت ڕێگەچارەیەکیش بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئاوارەی عەفرین بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، نابێت بەڕێوەبەریی کاتی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە پێشێل بکات و دەبێت جێبەجێی بکات. ئەو خێزانانەی ئێستا لە عەفرین نیشتەجێن تا ئێستاش لە پێشێلکارییدا دەژین. مافەکانیان پارێزراو نین و بێ پشتیوانین. پاراستنی گەل ئەرکی بەڕێوەبەرێتی کاتییەو دەبێت ئەرکی خۆی بپارێزێت و هێرش نەکاتە سەر خەڵک. 

 

"جەنگێک کە فشاری دەروونی لەسەر خەڵک دروست بکات" 

سۆزان ئۆسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرێتی کاتی هەوڵدەدات لەڕێگەی داخستنەکانەوە دەروونی خەڵک لەناوببات و ئیرادەیان لاوازبکات ، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕێگاکانی نێوان حەلەب و دیمەشق پێویستیان بە کردنەوە هەیە، زۆرێک لە تووشبووانی شێرپەنجە و ڕێڕەوی بازرگانی و خوێندکارانی زانکۆ و ئۆتۆمبێلی مەدەنی ناتوانن بچنە دیمەشقەوە بەهۆی بەربەستی ئیدارەی کاتیەوە، شەڕێکە فشاری دەروونی دەخاتە سەر خەڵک، ئێمە دەمانەوێت سوریایەکی لامەرکەزی بێت، بەڕێوەبەریتی کاتی پێویستی بە یەک بڕیار هەیە و چارەسەرێک بۆ هەموو کێشەکانی سووریا بدۆزێتەوە. 

 

"بەڕێوەبەرێتی کاتی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس جێبەجێ دەکات" 

ئارین بەکر هەروەها ڕایگەیاند، ئیدارەی کاتی درێژە بە سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس دەدات و وتی: هەموو ئایین و پێکهاتەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەبینرێن، ئەم خەڵکە لە ساڵی ٢٠١٣ لە هەردوو گەڕەکەکەدا بەرخۆدانێکی مێژوویییان لە دژی سیستم و سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس ئەنجامدا و بوونە هێمایەک، بەڕێوەبەرێتی کاتی ئێستا هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات، ئێمە پێمانوایە کۆتایی بەڕێوەبەرێتی کاتی وەک ڕژێمی بەعس دەبێت. گەل خۆی ڕێکخستووە و ئەنجومەن و کۆمۆنی خۆی دامەزراندووە و لە ڕووی سەربازییەوە خۆی بەهێزتر بووە، لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئەنجومەن و بوونی ژنان دامەزراون. بە پێشەنگایەتی ژنان بەرخۆدان دەکرێت، بەرخۆدانی خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی خەڵکی عەفرینە بۆ عەفرین.