بنەماڵەی قوربانییانی ڕۆبۆسکی داوای سزادانی تاوانباران دەکەن
١٤ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی گوندی ڕۆبۆسکی سەر بە ناوچەی قلەبانی شرناخدا تێدەپەڕێت، تا ئێستاش بکەران و تاوانبارانی پشت کۆمەڵکوژییەکە دادگایی نەکراون، هاوکات بنەماڵەکانیان لەسەر گۆڕی کەسوکارەکانیان داوای دادپەروەریی دەکەن.
ناوەندی هەواڵەکان
لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١١، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک لە گوندی ڕۆبۆسکی ناوچەی قلەبانی شەرناخ، ٣٤ هاووڵاتی مەدەنی، کە ١٩ یان منداڵ بوو شەهیدبوون.
بەرپرسانی حکومەتی ئەوکاتە و میدیای فەرمی لەژێر ناوی “ڕووداوی ئۆپەراسیۆن”ـدا، هەوڵیاندا کۆمەڵکوژییەکە پەردەپۆش بکەن، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ، لێکۆڵینەوەیەکی جدیی نەکراوە و بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکە دادگایی نەکراون.
لە پاش ئەو هەموو ساڵە تا ئێستا کەسوکاری قوربانییانی ڕۆبۆسکی داوای سزادانی تاوانباران دەکەن و دەڵێن: ١٤ ساڵ پێش ئێستا کەسوکارمان کوژراون، بەڵام دادپەروەری جێبەجێ نەکراوە، ئێمە تەنها دادپەروەریمان دەوێت. ئێمە دەمانەوێت دادپەروەری جێبەجێ بکرێت، برینەکانمان هێشتا ساڕێژ نەبوون.