بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکانی عەدەن دەخەون
ئازارەکانی دانیشتووانی عەدەن خراپتر بووە و پچڕانی کارەبا کە ڕۆژانە زیاتر لە دە کاتژمێر دەخایەنێت، وایکردووە زۆرێکیان لە شەقامەکاندا بخەون لە شوێنێکدا کە ناوی لێنراوە "ثورة الفرشان" "شۆڕشی جێگای خەو"، ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەبن.
ڕانیا عەبدوڵا
یەمەن-خۆپیشاندەران بە کۆی دەنگ لەسەر ئەوە کۆک بوون کە قەیرانی کارەبای عەدەن بۆتە کارەساتێکی مرۆیی و ئازاری خێزانەکان بەتایبەت ژنان زیاتر دەکات، داوای چارەسەری ڕیشەیییان کرد بۆ مسۆگەرکردنی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پاراستنی دانیشتووان لە لێکەوتەکانی بەردەوامی پچڕانی کارەبا.
هاوینی ئەمساڵ، ماڵەکان لە شاری عەدەن لە باشووری یەمەن ڕووبەڕووی قەرەباڵغییەکی بەرگە نەگیراو بوون و خەڵک چیتر بەرگەی مانەوەیان لە ژوورەوە نەگرت، گروپێکی زۆری هاوڵاتیان ڕژانە سەر شەقام و شۆستەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە درێژخایەنی پچڕانی کارەبا، لە ژێر ئاڵای "ثورة الفرشان" "شۆڕشی جێگای خەو".
پچڕانی کارەبا کە ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ کاتژمێر دەخایەنێت، دانیشتووانەکەی خستۆتە بژاردەیەکی سەختەوە، زۆربەی پیاوان شەوانە لەسەر شەقامەکان دەخەون بۆ ئەوەی لە گەرمای ماڵەکانیان ڕزگاریان بێت، بەدوای هەناسەیەکی هەوای پاکدا دەگەڕان، لەکاتێکدا ژنان لەناو ماڵە گەرمەکاندا گیریان خواردبوو.
ئەم دیمەنە خۆبەخۆ و بە ئازارە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی قەیرانەکانی ناو ماڵەکانە بەهۆی پچڕانی کارەبای درێژخایەن، کە کارەبا تەنها بۆ ماوەی دوو سێ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا لە نێوان گەرمای بەرگە نەگیراودا بەردەستە، ژنان و دایکان سەختیی ئەم قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن، ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بێئەندازە دەبنەوە لە چاودێریکردنی منداڵان، منداڵی ساوا، بەتەمەنەکان و نەخۆشەکان لەو ماڵانەی کە تەنانەت سەرەتاییترین ساردکردنەوە و هەواگۆڕکێیان نییە.
ئیحسان عەلی وتی: ئێمە لەم هاوینەدا دوو هێندە ئازار دەچێژین و بەداخەوە ئازارەکانمان هەر لەو شوێنەدا ئاڵۆزتر دەبن کە پێویستە ئاسوودەیی لێ بدۆزینەوە،ماڵەکانمان وەک فڕنیان لێهاتووە، تەنانەت ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانە و ئامادەکردنی خواردنیش بە شێوەیەکی ناباوەر سەخت بووە، وەستان لەبەردەم تەباخەکەدا زۆر ماندووکەرە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە تەنها داوای سەرەتاییترین خزمەتگوزاری دەکەین، کە کارەبایە، مافێکی بنەڕەتییە کە بۆ هەموو گەلێک لە جیهاندا مسۆگەری کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە هێشتا بەدوای ئەم سەرەتاییترین مافەدا دەگەڕێین لە ژێر ڕۆشنایی بێکردەوەیی و وەڵامنەدانەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان یان بێبایەخکردنی دیاریان بۆ ئەم بەرپرسیارێتییە.
داواکاری بۆ مافە سەرەتاییەکان
ئەفراح قائید، پەیامنێری تەلەفزیۆنی ڕوونی کردەوە، کە قەیرانی کارەبا چیتر قەیرانی خزمەتگوزاری نییە بەڵکو قەیرانێکی مرۆییە، هاوسنوورە لەگەڵ کارەساتبار، پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر وڵاتانی تازەپێگەیشتو هەبووە، شاری عەدەن لە نێو ئەو شارانەیە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و پچڕانی کارەباش ئازاری دانیشتووانەکەی زیاتر کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی دارایی سەخت توانای دانیشتووان بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی وزەی جێگرەوە سنووردار دەکات، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن، کە ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە، چونکە چارەسەری جێگرەوە بۆ خەڵک سەخت بووە، بەهۆی نەتوانینی کڕینی وزەی جێگرەوە.
توڕەیی بەربڵاو تەنها لە خەوتن لە شەقامەکاندا نەوەستا، خۆپیشاندەران ئازارەکانیان وەرگێڕا بۆ خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی توڕەیی کە چەندین پارێزگای شارەکەی گرتەوە، ئەوان بە بەرد و سووتانی تایەی ئۆتۆمبێل ڕێگا سەرەکییەکانیان داخست، کە ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەمنی بۆ هەوڵدان و کردنەوەیان و گەڕاندنەوەی هاتوچۆ.
داواکارییەکانی گەلان پەرەی سەندووە و کۆمەڵێک ماف لەخۆدەگرن کە مسۆگەری سەقامگیری و پاراستنی خێزانەکان دەکەن، لە هەمووی گرنگتر، دابینکردنی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کەرتی کارەبا، دەستەبەرکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، دڵنیابوون لە دابینکردنی ئاو، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی، چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە ئابووری و ژیانە ترسناکە کە بووەتە بارگرانییەکی سەخت لەسەر خەڵک.
ئەم ناڕەزایەتییە بەردەوامانە و "ثورة فرشان" "شۆڕشی جێگای خەو" ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی سەختە و بەرپرسیارێتییەکی بەپەلەی مرۆیی و ڕەوشتی دەخاتە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی عەدەن، هەنگاونان لە چارەسەری کاتی و ئارامکەرەوە.