بە دەیان ژن کە لە خۆپێشاندانەکانی سیرجاندا دەستبەسەر کرابوون هێشتا زیندانین

ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٤٠٠ کەس لە خۆپێشاندانەکانی سیرجاندا لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا دەستبەسەر کران. لە نێوانیاندا ژنانی خۆپێشاندەر و چالاکوانانی مەدەنی هەبوون، کە هەندێکیان هێشتا لە زینداندا ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەو خۆپێشاندانانەی کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لە سیرجان بەڕێوەچوون، لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی کانوونی یەکەمدا نزیکەی ٤٠٠ کەس دەستبەسەر کرابوون. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لەو کەسە دەستبەسەرکراوانە هێشتا لە زینداندا ماونەتەوە، لە هەمان کاتدا زۆرێک لەوانی تر بە کەفالەتی قورس بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون.

لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا، ژنانی خۆپێشاندەر و چالاکوانانی مەدەنی هەن کە پێکهاتوون لە؛ د. سپێدە فەخریان، د. نەستەرەن کورکی، زەهرا قوربانی، سارا زەینەلی، فەهیمە زەینەلیان، ڕەیحانە موقەدەم، فاتیمە شوول، سارا کازروونی، د. مەنسوورە مورشیدی، فائیزە عەسکەری، فاتیمە شەریفپوور، یاسەمین بەهنام، عاتیفە عەرەب، ئەفسوون دەشتی، د. فاخر و میترا ئەسعەدی.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، زۆربەی ئەم ژنانە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا بوون.

 عاتیفە عەرەب،کە دایکی دوو منداڵە، هێشتا بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە ڕێبەرایەتی" لە زینداندایە.

 سپێدە ڕەهبەر،دایکی منداڵێکی بچووکە، بۆ جاری دووەم دەستبەسەر کرایەوە و ڕووبەڕووی تۆمەتی قورس بووەتەوە.

 هەروەها، سارا زەینەلی، فەهیمە زەینەلیان و فاتیمە شەریفپوور بە تۆمەتی "سەرکردایەتیکردنی خۆپێشاندانەکان" دەستگیر کراون.

 د. سپێدە فەخریان لەگەڵ کوڕە گەنجەکەیدا، بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی "ڕەزا شوول" (کە لە خۆپێشاندانەکانی پێشوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرابوو) دەستبەسەر کران.

سەرچاوە ئاگادارەکان داوایان لە میدیاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە سەرنج بخەنە سەر ڕەوشی دەستبەسەرکراوانی سیرجان و داوایان کردووە ڕێگری لە دەرکردنی سزای قورس بەرامبەریان بکرێت.