ژنانی پارێزەری کۆڵۆمبیا پەیوەست بە "مافی هیوا" نامەیان بۆ ئەنجومەنی ئەوروپا نارد
ژنانی پارێزەری "کۆلەکتیڤی دژی سزا" لە کۆڵۆمبیا، نامەیەکیان بۆ ئەنجومەنی ئەوروپا نارد و داوای دەستەبەرکردنی 'مافی هیوا'یان بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.
ناوەندی هەواڵ
پارێزەرانی ژنی "کۆلەکتیڤی دژی سزا" لە کۆڵۆمبیا، سەبارەت بە 'مافی هیوا' نامەیەکیان بۆ کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا نارد.
لە نامەکەدا گرنگیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مانای "مافی هیوا" و پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و گەلانی ئابیا یالا دەستنیشانکران.
لە نامەکەدا هاتووە: زۆر نیگەرانین لەوەی کە فەیلەسووفێکی دڵسۆز، ڕێبەرێک کە بۆ گەلەکەی و بە تایبەتی بۆ ژنان، ژیانی خۆی داناوە و بۆ بنیادنانی ئاشتی بووەتە بەردەنگێکی ناسراو، ئەوە ماوەیەکی زۆرە لە هەلومەرجی گۆشەگیریدا ماوەتەوە. بە تایبەت لە کاتێکدا کە تێیدا دیالۆگی جددی لەسەر ئاشتی بەڕێوەدەچێت.
پرۆسەکانی دیالۆگ، لێکتێگەیشتن و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی ناتوانن لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لەو کەسانە دابمەزرێن، کە تێیاندا بەشدار دەبن.
بە هەمانشێوە، لە دیدگایەکی ئافرۆ "ئەفریقا" -یاسایی و مافەکانی مرۆڤەوە لە باشووری جیهان، دووپاتی دەکەینەوە کە ناشێت یاسا ببێتە ئامڕازێکی تەکنیکی، بێ چوارچێوەیەکی مێژووی.
پێویستە یاسا وەڵامدەرەوەی ئەرکە ئەخلاقییەکان بێت بەرانبەر ئەو گەلانەی کە لە مێژوودا چەوسێنراونەتەوە و ئەوانەشی کە بەشداربوون لە خەیاڵکردنی شوێنگرەوەی دیموکراتیک و کۆلەکتیڤ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
تێکۆشانی گەلی کورد لەگەڵ زۆرێک لە تێکۆشانەکانی ئێمەدا لە ئابیا یالا هاوتایە: پاراستنی خاک، سەربەخۆیی، بیر، ڕێکخستنی کۆمەڵگە، ژیانی شکۆمەندانە و فۆرمی کۆلەکتیڤی بوون لە بەرانبەر پرۆژە دیکتاتۆر و کۆڵۆنیاڵیستەکان.
وەکو پارێزەر، ژنان و فێمینیستانی ڕەش، ئێمە دەزانین کە هیوا ئەبستراکشنێکی یاسایی نییە. هیوا پراکتیکێکی سیاسی کۆلەکتیڤە. گریمانەی بەرچاوی بەردەوامیی بوون، خۆڕێکخستن و بنیادنانی داهاتوویەکی ئازادە.
لە هەمانکاتدا سیاسەتە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزارکران و ڕەخنە لە ئەنجوومەنی ئەورووپا گیرا، بەهۆی ئەوەی کە بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای سەبارەت بە مافی هیوای ڕێبەری گەلی کورد جێبەجێ نەکردووە. نامەکە ئاشکرای دەکات کە لە تورکیا نزیکەی ١٠ هەزار و ٢٣٥ زیندانی هەن کە سزای زیندانیکردنی هەتاهەتاییان بۆ بڕدراوەتەوە.
پارێزەر دیانا مارسێلا ئۆرتیز مێسا، کە ئەندامە لە کۆلەکتیڤی "دژی سزا" و نامەکەشی واژۆکردووە، لەو دیمەنەدا کە بۆ پشتیوانیکردنی گەلی کورد ناردوویەتی، سڵاوی بۆ تێکۆشانی گەل نارد، لە هەمانکاتدا داوای مافی هیوای کرد بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بۆ هەزاران زیندانی سیاسی.