پلاتفۆرمی دیموکراتیکی نێودەوڵەتی ژنان: ساڵح موسلیم سیمبوڵی نەریتی بەرخۆدان بوو
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی نێودەوڵەتی ژنان بە ڕاگەیاندراوێک هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی ساڵەح موسلیم، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی ئەنجوومەنی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک "پەیەدە" دەربڕی و ڕایگەیاند: ساڵح موسلیم سیمبوڵی نەریتی بەرخۆدان بوو.
ناوەندی هەواڵ
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی نێودەوڵەتی ژنان بە ڕاگەیاندراوێک هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی ساڵەح موسلیم، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک "پەیەدە" دەربڕی و ڕایگەیاند، ژیان و کۆچی ساڵح موسلیم جارێکی تر نیشانیدا کە نەریتی فیداکاری و بەرخۆدان لەم وڵاتە چۆن بەردەوام دەبێت.
ڕاگەیاندراوەکەی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی نێودەوڵەتی ژنان بەم شێوەیەیە:
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی ژنان بە داخێکی قووڵەوە، کۆچی دوایی تێکۆشەرێک بەرز ڕادەگرێت کە لە ویژدانی بەکۆمەڵی گەلدا بە "باوکی وڵات" ناسرا: ساڵەح موسلیم، مرۆڤێک کە زیاتر لە چوار دەیەی ژیانی لە تێکۆشاندا بۆ ڕزگاربوون لە داگیرکاری، بۆ ئازادی و بۆ یەکسانی تەرخانکرد.
ئەو لە نەوەیەک بوو کە تێکۆشانی بە بژاردەیەکی تاکەکەسی نا، بەڵکوو بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە بەرانبەر گەل و وڵات دەزانی. لە ساڵانێکدا کە کوردستان لەژێر سایەی نکۆڵی، سەرکوتکردن و دەسەڵات هەناسەی دەدا، ئەو لە پاڵ گەلەکەیدا وەستا و لەسەر ڕێچکەی هەوڵە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکان، بەشداریکرد لە کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە ڕۆژئاوا؛ ئاسۆیەک کە تێیدا خەیاڵەکانی ئازادی، یەکسانی و ژیانی پێکەوەیی مرۆیی شێوەیەکی نوێی گرت.
ئەم ڕێچکەیە فیداکارییەکی قووڵی لەخۆگرتبوو. ڕۆڵەکەشی لەسەر هەمان ڕێگا گەیشتە پلەی شەهیدبوون و خوێنی بووە بەشێک لە یادەوەریی زیندووی تێکۆشان بۆ ئازادی. ئەم کۆستە گەورەیە، نە ئیرادەی تێکشکاند و نە باوەڕی بە ڕێگای ئازادی لەرزۆک کرد؛ بەڵکوو بە پتەوییەکی زیاتر لەسەر هەمان بەڵێن مایەوە.
لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانیشیدا، کاتێک کە نەخۆشی جەستەی هیلاک کردبوو، لە هەر چوار بەشی کوردستان مرۆڤانێک ئامادە بوون کە بە بەخشینی بەشێک لە جەستەیان درێژە بە ژیانی ئەو بدەن. ئەم پاڵپشتییە فراوانە نیشانەی پەیوەندییەکی قووڵ بوو کە لە نێوان ئەو و گەلدا شێوەی گرتبوو. بەڵام، ئەو بە هەمان کەرامەت و خۆڕاگریی هەمیشەییەوە، ئازار و مردنی بەسەر بوونە بارگرانی بۆ ئەوانی تردا هەڵبژارد و تا دواهەمین چرکەسات بە شکۆ و بەرپرسیارێتییەوە ژیا.
ژیان و کۆچی ئەو جارێکی تر نیشانیدا کە نەریتی فیداکاری و بەرخۆدان لەم وڵاتە چۆن بەردەوام دەبێت؛ نەریتێک کە تێیدا ئازادی تەنها ئارەزوویەک نییە، بەڵکوو پەیمانێکە کە نەوە دوای نەوە لە پێناویدا وەستاون.
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی ژنان بە بەرزڕاگرتنی بیرهێنانەوەی ئەو و خوێنی ڕۆڵەی شەهیدی، جەخت لەم باوەڕە دەکاتەوە کە میراتێکی لەم شێوەیە تەنها بەشێک نییە لە یادەوەریی تێکۆشان، بەڵکوو دەبێتە ئیلهامبەخشی بەردەوامی ڕێگای ئازادی. ئێمە بە وەرگرتنی ئیلهام لەم ئەزموون، فیداکاری و بەرخۆدانە، بەڵێنی خۆمان بۆ درێژەدان بە تێکۆشان لەسەر ڕێگای ئازادی، یەکسانی و ڕزگاریی ژنان دووبارە دەکەینەوە.
یادی ئەو لە یادەوەریی گەلدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ڕێیەک کە بە ڕەنج و فیداکاریی نەوەکانی تێکۆشان فراوان بووە، بە ئیرادەی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئەم وڵاتە بەردەوام دەبێت.