هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لەهەمبەر هێرشە موشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان هەڵوێستی هەبێت

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لەهەمبەر هێرشە موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەڵوێستی هەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکانى سەر هەرێمی کوردستان و بنکەو بارەگاکانی هێزەکانیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە توندی دەستدرێژی و  هێرشە مووشەکی و دڕۆنییه‌کانی کۆماری ئیسلامی و گرووپ و تاقمه‌ تێرۆریستییەکانی سه‌ر به‌و ڕێژیمه‌ بۆ سه‌ر  هه‌رێمی کوردستان و به‌ئامانج گرتنی شوێن و جێگەی ژیانی سڤیلی پەنابەرانی کوردستانی ئێران نیشتەجێ لە هەرێم و هەروەها هێرش بۆ سەر کۆنسوولخانە و بارەگای سیاسیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بە توندی مەحکووم ده‌کات.

 

هاوکات داوا له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دژی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌م ڕێژیمه‌ و میلیشیاکانی هەڵوێستی بەکردەوەی هەبێت.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیەیە:

هاونیشتمانییانی تێکۆشەر!

ناوه‌ند و  کۆڕ و کۆمەڵە‌  نێودەوڵەتییەکان!

هەرێمی کوردستانی عێراق لە سەرەتای شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە هەتا ئێستا سەدان جار بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کراوەتە سەر. لەو نێوەدا بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئیران و کەمپە مەدەنییەکانی ئەم حیزبانەش لە هەرێمی کوردستان بەئامانج گیراون کە لە تازەترینی ئەو هێرشانەدا پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی ئۆمید وەیسی و دوو پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە ناوی فەخرەدین مورادی و ئیقباڵ ساڵحی شەهید بوون.

 

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە توندی دەستدرێژی و  هێرشە مووشەکی و دڕۆنییه‌کانی کۆماری ئیسلامی و گرووپ و تاقمه‌ تێرۆریستییەکانی سه‌ر به‌و ڕێژیمه‌ بۆ سه‌ر  هه‌رێمی کوردستان و به‌ئامانج گرتنی شوێن و جێگەی ژیانی سڤیلی پەنابەرانی کوردستانی ئێران نیشتەجێ لە هەرێم و هەروەها هێرش بۆ سەر کۆنسوولخانە و بارەگای سیاسیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بە توندی مەحکووم ده‌کات. هاوکات داوا له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دژی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌م ڕێژیمه‌ و میلیشیاکانی هەڵوێستی بەکردەوەی هەبێت.

 

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەران و بەبارمتەگرتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە دەرەوەی سنوورەکانی بە قەیرانخوڵقێنی و هەڵگیرساندنی شەڕ و ناسەقامگیری هەوڵ دەدا تەمەنی دەسەڵاتەکەی چەندی دەکرێ درێژتر بکاتەوە. بۆیە پێویستە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی پشتیوانی نەتەوەکانی ئێران و ماف و داخوازییە ڕەواکانیان بن. هەروەها دژی دەستدرێژی و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ناوچە بوەستنەوە.

 

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران