ئەڤین جومعە: ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت سەرەتای شەڕی ناوخۆیە
ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە سووریا، شەرمەزاری ئەو پێشێلکاریانەی کرد کە لە چەند ناوچەیەکی سووریا ڕوویانداوە و داوای لە سووریاییەکان کرد بەشداری گفتوگۆی سیاسی بکەن.

شیرین محەمەد
قامیشلۆ- مرۆڤایەتی شاهیدی پێشێلکاری شەرمەزارکەر بووە بەرامبەر بە کەناراوەکانی سووریا و کۆمەڵگەی دروز لە سوەیدا و پێکهاتەکانی دیکە لە زۆرێک لە شارەکانی سووریا. ئەو کەسەی کە ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە هەموو ئەم شەڕانە، ئەحمەد شەرع "جۆلانی" و حکومەتە کاتیەکەیەتی.
ئەڤین جومعە، کارگێڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، لە سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسەکەمان ڕوونیکردەوە: کە ئەم کارانە بە ئەنقەستن و سووریا و گەلەکەی بەرەو لەناوچون دەبەن.
"قۆناغێکی گوازراوە دەستی پێنەکردووە... بەڵکو پێشێلکارییەکان بەردەوامن"
ئەڤین جومعە ڕوونیکردەوە، کە هیوای گەلی سووریا لەکاتێکدا تێکچو کە جیهادییەکانی هەتەشە دەسەڵاتیان گرتە دەست لە سووریا ، دوای ڕوخانی ڕژێم، هیوامان بۆ بونیادنانی سووریای نوێ گەڕایەوە، بەڵام تەواو پێچەوانەکەی ڕویدا، چەکەکان بەربڵاو بوون، گفتوگۆکان ڕاست نەبوون، هەمووان ترسیان لە دۆخی ئێستا هەیە، سەرەڕای هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەندێک بابەت، دواجار لە کۆنتڕۆڵ دەرچون.
سەبارەت بەو شتانەی لە کەناراوەکانی سووریا ڕویدا، وتی: ئەوەی پێی دەوترا پوچەڵکردنەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشو بە کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی مەدەنی کۆتایی هات، هەموو ئەم پێشێلکاریانە بەهۆی ئاژاوەگێڕی و نەتوانینی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەوە بوو، جگە لەوەش ڕاپۆرتەکەی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ڕەنگدانەوەی ڕاستی نەبوو و ناوەڕۆک و چاودێریکردنی ڕاستی بۆ ڕوداوەکان نەبوو، زۆرێک لە پێشێلکارییەکان باس نەکراون و ئەو ڕاستیانەی کە ڕوویانداوە پشتگوێ خرا بوون، لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە یەک شت دەکرێت، لەکاتێکدا قوربانیان و دۆکیۆمێنتەکانی ناوچەکە پشتڕاستی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیەکە دەکەنەوە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوون و ڕفاندنی ژنان، کە تەنانەت باسیش نەکراون.
"شەڕی ناوخۆ و خێڵایەتی مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست دەکات"
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشێلکارییەکان تەنها لە کەناراوەکاندا سنووردار نەبوون، هەرچەندە ترسناکترینیان لەوێ ئەنجامدراون، ڕووداوەکان خێراتر بوون، هەروەها پێشێلکارییەکان لە حومس، حەما، جەرمانە و سەحنایا ئەنجامدرا، هەروەها بۆردوومانی کڵێساکە لە دیمەشق، لە دوای ئەمەش کارەساتەکەی سوەیدا ڕوویدا، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدرا، دەتوانین ئەوەی لە سووریا ڕودەدات پێی بڵێین شەڕی ناوخۆ، کە مەترسییەکی گەورە بۆ ناوچەکە دروست دەکات، ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک و ڕونکردنەوەیەک سەبارەت بە چارەنووسی ونبوەکان دەرنەچوە، چ ژن یان پیاو، هەروەها دەیان تەرمی نەنێژراو کە تا ئێستاش نادیارن.
پێی وایە، هۆکاری هەموو ئەمانە نەتوانینی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی کاتی و دانیشتوان، یان وەک خۆیان پێیان دەڵێن کەمینەکان، ئەم دەستەواژەیە نادروستە، هەموو پێکهاتەیەک بناغەی گەلی سووریا پێکدەهێنێت، و ڕۆڵ و مێژوو و کولتور و مافی ژیانی تایبەتی خۆیان هەیە، سووریا بە فرەچەشنییەکەی ناسراوە، لەگەڵ چەندین پێکهاتەو و ئایین، هیچ گروپ و پێکهاتە و نەتەوەیەک ناتوانرێت بەدەر بکرێت.،ئەم بۆچونە ئێمەی گەیاندۆتە ئەم ئاستە، لەگەڵ لەدەستدانی متمانە لە نێوان حکومەت و زۆرێک لە ناوچەکانی سووریا.
سەبارەت بە پێویستی ڕوکردنەوە بۆ سیاسەت و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، بەداخەوە پرسی شەڕی ناوخۆ سیناریۆیەکە بە هێز لەسەر زەوی سەپێنراوە و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ خۆدزینەوە لێی، پێداگری لەسەر ناوەندگەرایی حوکمڕانی، نەگرتنی هەموو پێکهاتەکان دەبێتە هۆی تێکچونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سووریاییەکان، هیوادارین بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆی ڕاست لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی سووریا، کارکردن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ڕێگەی سیاسیی ئاشتیانە و ڕزگارکردنی سووریا لە شەڕێکی ناوخۆ کە تەنها ئازاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان بە تایبەتی ژنان دەهێنێت، بەو پێیەی ژنانی سووریا دیارترین قوربانی شەڕەکەن.
"دەبێت هەمووان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت"
ئاماژەی بە یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، کە بارودۆخی سەردەمی جەنگ ڕێکدەخات و هاوڵاتیانی مەدەنی دەپارێزێت، گرنگترین شتە کە لە قۆناغی گوازراوەیدا پەیڕەوی لێبکرێت بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی جەنگ و کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکان و پەرەسەندنیان، لە سووریا دەبێت دەستورێکی ڕاستەقینە دابڕێژرێت لە ڕێگەی دانوستان لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا، هەروەها دەبێت خشتەیەکی کاتی بۆ تەواوکردنی دابنرێت، ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە لەم قۆناغەی ئێستادا.
ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و هێنانەکایەی ڕەشنوسی دەستوورێک کە لەلایەن زۆرینەی هاوڵاتیانی سووریاوە پەسەند نەکرا و دواتر گواستنەوەی بۆ قۆناغی هەڵبژاردن و پەرلەمان بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک لەسەر دەستوورێکی یەکگرتو، وتی: دەبێت کۆدەنگی لەسەر فۆرمی دەستوور، حوکمڕانی، هەڵبژاردن، پەرلەمان هەبێت، ئەگەر دەستوورەکە گشتگیر نەبێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا نەپارێزێت، ئەوا بەشداری ناکات لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا یان دەرچون لەم شەڕە کە بووەتە مایەی نیگەرانی گەلی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
"ئەو بەڵگەنامانەی گەیشتوونەتە دەستمان ترسناکن"
ئەڤین جومعە، لە کۆتایی قسەکانیدا، ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ کرد لە بەڵگەنامەکردنی ئەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر پێکهاتەکانی سووریا ئەنجامدراون و وتی: ئێمە بەدواداچونمان بۆ زۆربەی ئەو حاڵەتانە کرد کە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شایەتحاڵ بوون، هەروەها لە ژمارەیەک ناوچە لە ناوخۆی سووریا، هەندێک خاڵی پەیوەندیمان لەگەڵ زۆرێک لە چالاکوانی مافی مرۆڤ هەبوو، کە بەشدارییان کرد لە بەڵگەنامەکردنی زۆرێک لەو پێشێلکاریانەی کە ڕویانداوە، ئێمە وەک ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە سووریا، هەندێک شایەتحاڵیمان بیست، بەڵام ئامادەنەبوونمان لەسەر زەوی، بەڵگەنامەکردنمان قورس دەکات، ئەمەش پێویستی بە میکانیزمی تایبەتمەند هەیە لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو بەڵگەنامانەی کە گەیشتوونەتە دەستمان ترسناکن.