ئایندەی ژنانی عێراق... دید و ستراتیژی پارتی مەودە
پارتی مەودە بۆ داکۆکیکردن لە پرس و مافەکانی ژنان لەدایک بووە، پێیوابوو ئەم پرسانە لە پرسەکانی سیاسەت و ئابووری و ئاسایش و پەروەردە جیاناکرێنەوە، پارت لە ڕوانگەی ژنانەوە لەسەر بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی باس لە پرسە جۆراوجۆرەکان

ڕەجا حەميد ڕەشيد
عێراق ـ لەناو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا، پرسی ژنان شاهیدی هەڵکشانی داواکارییەکانی یەکسانی و دادپەروەرین، دامەزراندنی پارتی ژنانی عێراق نوێنەرایەتی زیادکردنێکی نوێ دەکات بۆ دیمەنی سیاسی نیشتمانی، کۆنگرەی دامەزرێنەرەکەی ڕۆژی ٢٦ی تەمووز بەڕێوەچوو.
جیهان عەبدوڵا، ئەندازیاری دیدگای گەورەی خۆی و ڕۆڵی پارتی مەودەی لە بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا خستەڕوو، باسی لە دیدگا و ئەرک و ئامانج و پلانەکانی پارتەکەی کرد بۆ چارەسەرکردنی ڕاستی سەختی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەها ئەو ئاڵەنگاریانەی کە لەبەردەم ژنانی عێراقیدان، هەروەها کئامانجاکانی پارتی بۆ بەرە وپێشبردنی مافەکانی ژنان و بونیادنانی ئایندەیەکی دادپەروەری و یەکسانتر ڕوونکردەوە، دیدگای خۆی بۆ ئایندەی ژنان لە عێراق و ڕۆڵی پارت لە بەدیهێنانی گۆڕانکاریی خوازراو لەسەر زەمینە هاوبەش کرد.
سەبارەت بە پاڵنەرەکانی بۆ دامەزراندنی پارتی ژنان، ئاماژەی بەوەشکر کە گەشتەکەم بە هەستێکی قووڵی نەبوونی دەنگی ڕاستەقینەی ژنان لە پێگەی بڕیاردان دەستیپێکرد، من شایەتحاڵی ئازاری ڕۆژانەی ژنان بووم، لە پەراوێزخستنەوە بۆ توندوتیژی کۆمەڵایەتی، تێگەیشتم کە گۆڕانکاری تەنها لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی سیاسی ژنانەوە دەکرێت کە پرسی ژنان بخاتە ناوەڕۆکی پلاتفۆڕمەکەیەوە دامەزراندنی پارتەکە لەو قەناعەتەوە سەرچاوەی گرتووە کە ژنان دەبێ بڕیاردەر بن نەک تەنیا ژێردەستەی بڕیارە سیاسییەکانی پیاوان بن.
تیشکی خستە سەر ئەو ئامانجە سەرەتاییانەی کە پارتی ژنانی نوێ هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، ئامانجی پارتەکە بەهێزکردنی ژنانە لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، کارئەکات بۆ گۆڕینی یاسا ناڕەواکان بەرامبەریان، هەروەها بەرگریکردن لە مافەکانیان لە هەموو بوارەکاندا،هەوڵدەدەین کۆمەڵگەیەک بەنیاد بنێین لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری، کە تێیدا ژنان هاوبەشی چالاک و ڕاستەقینە بن لە داڕشتنی داهاتوودا.
دیدێکی سیاسی گشتگیر
جیهان عەبدوڵا وتی: دیدگاکەمان گشتگیرە، ئێمە پارتێکی ژنانین، بەڵام پێمان وایە پرسی ژنان لە پرسەکانی سیاسەت، ئابووری، ئاسایش، و پەروەردە جیاناکرێنەوە، ئێمە بەرنامەیەکی سیاسیی نیشتمانیی گشتگیرمان هەیە کە لە ڕوانگەیەکی ژنانیەنەوە لەسەر بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی مامەڵە لەگەڵ پرسە جۆراوجۆرەکان دەکات.
سەبارەت بەو گروپانەی کە پارت هەوڵی نوێنەرایەتیکردن و بەرگریکردنیان دەدات، ڕوونیکردەوە، سەرەتا و پێش هەموو شتێک، ئێمە نوێنەرایەتی ژنانی هەموو چین و توێژەکان دەکەین، بەتایبەتی پەراوێزخراوەکان و هەژاران و ڕزگاربووانی توندوتیژی، بەڵام خەباتی ئێمە تەنها بەوانە سنووردار نییە، هەروەها بەرگری لە هەموو گروپە بێ تواناکان دەکەین، وەک کەمینەکان و پێکهاتە پەراوێزخراوەکان، لە دەرەوەی باوەڕمانە کە دادپەروەری دابەش ناکرێت، ئەو ئاڵنگاریانە ڕووبەڕوومان دەبنەوە زۆرن، دیارترینیان دیدگای کۆنەپەرستانە بۆ ڕۆڵی ژنان، قۆرخکردنی بڕیاردانی سیاسی لەلایەن پیاوانەوە، هەروەها سەختی بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی و ڕاگەیاندنی، هەروەها ژنانی سیاسی ڕووبەڕووی هەڵمەتی چەواشەکاری و هەڕەشەی سیستماتیکی دەبنەوە کە ئامانج لێی پەراوێزخستنی ڕۆڵی خۆیان و بێدەنگکردنی دەنگەکانیانە.
جەختیشی لەوە کردەوە، ڕاستە لە ئێستادا هاوکاری هیچ لایەنێکی سیاسی ناکەین، بەو پێیەی ئێمە لایەنێکی سەرهەڵداوین، بەڵام باوەڕمان بە هێزی کردەوەی دەستەکۆمەڵی و هاوپشتی ژنان هەیە، ئێمە پەیوەندی و کۆردۆناسیۆنی بەردەوام لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان لە چوارچێوەی عێراقدا دەپارێزین، هەروەها هەوڵدەدەین هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بونیاد بنێین بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی خۆمان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان، ئێمە ئاواتەخوازین لایەنەکانی دیکە ببنە هاوبەش و لایەنگری گەشتەکەمان.
هەڵوێستی پارت لە پرسەکانی هاوسەرگیریی زۆرەملێ و توندوتیژی
وتیشی: ئێمە بە عەقڵێکی کراوە گوێ لە ڕەخنەکان دەگرین، بەڵام هەڵمەتی چەواشەکاری بە ئەنقەست ڕەتدەکەینەوە، هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە کە فێمینیزم دژی ئایین یان بەهاکان نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتی، ئێمە کراوەین بۆ گفتوگۆ و پابەندین بە مافی تەواوی ژنان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەلامەت لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزگرتن.
هەڵوێستی پارتەکەی لەبارەی پرسەکانی وەک هاوسەرگیری پێشوەختە، توندوتیژی خێزانی و یاساکانی باری کەسی ڕوونکردەوە، ئێمە بەڕوونی ڕایدەگەیەنین کە دژی هاوسەرگیری زۆرەملێ و پێشوەختەین، هەروەها داوای هەموارکردنەوەی ڕیشەیی لە یاسای باری کەسایەتی دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانی ژنان، هەروەها خەبات دەکەین بۆ دەرکردنی یاسایەکی توند و کاریگەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی کە پارێزگاری لە هەموو ژنان بکات بەبێ جیاوازی.
سەبارەت بە پڕۆژە یان هەڵمەتەکانی داهاتوو لەناو پلاتفۆرمی پارتەکەدا، وتی: هەڵمەتی هۆشیاری بەردەوام هەیە لەسەر توندوتیژی خێزانی، وۆرکشۆپی بەهێزکردنی سیاسی بۆ ژنانی گەنج، دەستپێشخەری بۆ هەموارکردنەوەی هەندێک لەو یاسایانەی کە نادادپەروەرن بەرامبەر بە ژنان، لە گۆڕەپانە گشتییەکان و لەسەر پلاتفۆرمە ڕاگەیاندنییەکان، لە پەرلەمانیش دەمانبینن.
سەبارەت بە پشتیوانی لە پارت یان بەشداریکردن لە چالاکییەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، پشتیوانی لە باوەڕبوون بە بیرۆکەکە دەستپێدەکات، کۆمەڵگە دەتوانێت پاڵپشتیمان بکات بە بەشداریکردن لە پارت، خۆبەخشی لە چالاکییەکانمان، یان بڵاوکردنەوەی پەیامەکەمان، دەرگاکانمان کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە باوەڕی بە دادپەروەری دۆزی ئێمە هەیە و دەیەوێت بەشێک بێت لە گۆڕانکارییەکە.
لە کۆتایی قسەکانیدا جیهان عەبدوڵا پەیامێکی ئاراستەی ژنان و کچانی عێراقی کرد کە بیر لە بەشداریکردن لە چالاکیی سیاسی یان ژنان دەکەنەوە و وتی: دوودڵ مەبن، عێراق پێویستی بە دەنگی ئێوە و ئامادەیی چالاکانەی ئێوەیە، گۆڕانکاری بە چاوەڕوانی نایەت، بەڵکو بە کردار دێت. پلاتفۆرم بگرە، داوای مافەکانت بکە، هاوبەش بە لە داڕشتنی داهاتوودا.