کۆمەڵەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت؛ دەنگێک کە داوای ماف و گشتگیری کۆمەڵایەتی دەکات
کۆمەڵەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە باکووری سودان لە ٣٠ ژن پێکهاتوون، ئەم گروپە لە ئەنجامی ململانێکاندا دوو هێندە توندوتیژی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
ئایە ئیبراهیم
سودان- ئینتیسار مەحمود، سەرۆکی کۆمەڵەی باکوور بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، تووشی کێشەی بینین بووە، بۆیە لە ئازارەکانی ئەو ژنانە تێدەگات کە لە یەکێک لە هەستەکانیان بێبەشن یان توانای ڕۆیشتنیان نییە، وتی: ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە وڵاتەکەیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بەوانە جێبەجێ بکات.
ئینتیسار مەحمود داوای کرد ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت مافی خۆیان بەدەست بهێنن و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بن و کۆتایی بە جیاکاری بەرامبەریان بهێنن و بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە گرنگی بە بەهێزکردنی ئەندامەکانی دەدات لەڕووی ئابوورییەوە، وتی: ئاڵەنگاریەکی گەورەی بەردەم کۆمەڵەکە کەمی کەرەستەی پیشەسازی دەستییە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەتوانرێت ئەم کەرەستانە لەلایەن ڕێکخراوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانەوە دابین بکرێن کە دەتوانرێت پاڵپشتییەکانیان بگوازرێتەوە بۆ پڕۆژەی هۆشیاری و وۆرکشۆپ و هەڵمەتەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی وێنەی چەشنە چەقبەستووەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە کۆمەڵگەدا.
دووپاتی کردەوە، ئەو هەڵمەتانەی هۆشیاری کە لەلایەن کۆمەڵەکەوە جێبەجێکراون وەڵامێکی بەرچاویان لەلایەن کۆمەڵگەوە وەرگرتووە، هەروەها پەیوەندی بە پرسەکانی کەمئەندامییەوە هەیە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئاڵەنگریانە، بەڵکو تەنها سەرەتایەکە.
کۆمەڵەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگای باکوور لە ٣٠ ئەندام پێکهاتووە، دوای ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دامەزراوە، کە لە نیسانی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، کۆمەڵەکە کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەتایبەتی لە بوارەکانی پشتیوانی دەروونی و بەهێزکردنی ئابووری.
ئینتیسار مەحمود، سەرۆکی کۆمەڵەکە وتی: کاری بناغەیی کۆمەڵەکە لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکردووە، بەڵام تەنها دوای ململانێکان هاتە ئاراوە و لە ساڵی ٢٠٢٣ بە فەرمی دەستیپێکرد، ئەمەش بەهۆی پاڵپشتی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوەیە.
باسی لە یاساکانی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کرد، وتی: یاسایەک بۆ کۆمەڵەکان لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بوونی هەیە، بەڵام بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ ناکرێت، جەختی لەسەر پێویستی بەشداریکردنی زیاتری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خۆیان کردەوە و ناڕەزایی دەربڕی بۆ نەبوونی زمانی ئاماژە و وەرگێڕ.
ئینتیسار مەحمود جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پاڵپشتیکردنی هەڵمەتەکانی پەروەردەی زمانی ئاماژە کردەوە، هەروەها ئەو کۆمەڵەیەی کە سەرۆکایەتی دەکات، یەکەم کۆمەڵەیە کە دوای ڕاگرتنی کۆمەڵەکانی ناوچەت قەزارف و کەسالا لە ڕۆژهەڵاتی سودان چالاک دەبێت.
"سێ بواری سەرەکی بۆ کۆمەڵەکە"
سەبارەت بەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو ئەو پرسانەی کە تیشکیان دەخەنە سەر، ڕوونیکردەوە، کە هەلی کاریان نییە و لە مافە تەواوەکانیان بێبەشن، جگە لەوەش تووشی هەڵاواردن و قسەی ناشرین و توندوتیژی دەروونی دەبن، هەروەها کۆمەڵەکە لە سەرجەم بەرنامەکانیدا سێ بواری سەرەکی دەخاتە ڕوو: پرسی مافەکان، هەڵوەشاندنەوەی چەشنە نەرێنییەکان سەبارەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەناو کۆمەڵگەدا، توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی.
جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە شێوەیەکی بەرفراوان کاردەکات لە پێشکەشکردنی پشتگیری دەروونی، بەتایبەتی لە حاڵەتەکانی قسەکردن وتەی ناشرین، لەڕێگەی بەرنامەکانی کات بەسەربردن و دەستپێشخەرییەکانی دیکە کە ئامانجیان کەمکردنەوەی کاریگەرییە دەروونییەکانە.
داوای لە کۆمەڵگە کرد کە ئاگاداری مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بێت، هەروەها دوورکەوتنەوە لە جیاکاری بەرامبەریان، گرنگی بە پێداویستی و پرسەکانیان بدات، تێکەڵیان بە کۆمەڵگە بکات، چالاکانە بەشدارییان بکات لە هەموو بوارەکاندا.
ئینتیسار مەحمود، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگای باکوور، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگاریانە کرد کە ڕووبەڕووی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەبنەوە لە ڕێگەی هاودەنگییەوە، هەروەها ئێمە داوای مافەکانمان دەکەین، بەڵام وەک پێویست نایدۆزینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پلانی داهاتوومان زۆرە، دەبێت لایەنە بەرپرسیارەکان زیاتر گرنگیمان پێبدەن.