ژنانی یەمەن بارگرانی شەڕو توندوتیژی هەڵدەگرن

لە گوندەکانی تەعز، دەرئەنجامەکانی شەڕ بەردەوامن و کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ژیانی ژنانهەیە، کە بارگرانی ئاوارەبوون و لەدەستدان و زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەریان هەڵدەگرن.

رانیا عەبدوڵا

 

یەمەن-ئەو چیرۆکانەی کە لە یەکێک لە شوێنە سەلامەتەکانی گوندەکانی ترعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن شاهیدیمان بینی، ڕەنگدانەوەی ڕادەی ئەو ئازارانەن کە ژنان تووشی بوون و ئەزموونی دەکەن، بەڵام بەردەوامیی ئەم شوێنانە بە تایبەت لە گوندەکانی یەمەن پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە.

 

بێ ماڵ و حاڵ!

فاتمە محەمەد، ژنێکی ئاوارە لە گوندەکانی دەوروبەری گوندی ئەدیم لە شاری تربە لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن وتی: من و منداڵەکانم دوای وێرانبوونی ماڵەکەم لە شەڕەکەدا بێ ماڵ و حاڵ بووین.

 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ بەهۆی شەڕەوە ماڵەکەی وێران بوو، لەگەڵ منداڵەکانی ناچاربوون بەرەو شاری تربە ئاوارەبن، بەهۆی ئەوەی نەیتوانی کرێی خانووەکەی بدات، ناچار بوو لە تەوێڵەی کۆن بژی کە بۆ ئاژەڵ بەکارهاتبوو، هەموو ئەم مەرجە سەختانە بەهۆی شەڕەوە بەسەریدا سەپێندرا، یەوێڵەکە کە هی کەسێکی خزم بوو، لە پاشماوەی ئاژەڵان پاککردەوە و هەوڵمدا نۆژەنی بکەمەوە بۆ ئەوەی ببێتە پەناگەیەک بۆ من و منداڵەکانم، بەو پێیەی نەمانتوانی خانوو بەکرێ بگرین.

 

فاتمە محەمەد شوێنی سەلامەت بۆ ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی دۆزیەوە، کە دەکەوێتە ناوچەی ئاش شەمایتنی سەر بە شاری  تربە و سەر بە ناوەندی ڕێبەری ڕاگەیاندنی یەمەن بۆ گەشەپێدان، دەرچەی ئەو فشارە دەروونییەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە لە دوای ئاوارەبوونی لە ماڵەکەیەوە، دەستم کرد بە قسەکردن لەگەڵ پزیشکێکی دەروونناس و پرسەکانم پێشکەشی ئەوم کرد، هەندێک خولی پەروەردەی و چاکسازی و پشتگیری دەروونیم وەرگرت، هەر لەو کاتەشدا کەمێک دەستم بە چاکبوونەوە کرد.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی ٨٠%ی ٤.٥ ملیۆن ئاوارە لە یەمەن ژن و منداڵن، ژنان پشتگیری چارەکێکی خێزانە ئاوارەکان دەکەن.

 

زاڵبوون بەسەر زەبر و زەنگدا

سەبارەت بە سوعاد ناسر (ناوی خوازراو) کە پێی باش بوو ناوی نەهێنرێت، چیرۆکەکەی لەوەش بە ئازارتر بوو، چیرۆکە دڵتەزێنەکەی کاتێک دەستی پێکرد کە کچە ١٢ ساڵانەکەی لەکاتی چوون بۆ حەمام لە گۆشەی حەوشەی ماڵەکەدا هەوڵی ڕفاندنی درا، هەرچەندە ڕزگاری بوو، بەڵام ئەو شۆکە کاریگەرییەکی قووڵی دەروونی لەسەر خۆی و کچەکەی بەجێهێشت.

 

بە ئاهێکی قووڵەوە چیرۆکەکەی بۆ ئاژانسەکەمان گێڕایەوە، وتی: بەهۆی شەڕەوە لەگەڵ منداڵەکانم ئاوارە بووم بۆ ماڵی باوکم، بەڵام ماڵەکە تایبەتمەندی نییە، حەمامەکە لە گۆشەی حەوشەی ماڵەکەدایە، شەوێک، کچەکەم کاتژمێر ٩:٠٠ی شەو چووە دەرەوە بۆ حەمام، کەسێک هەبوو لە چاوەڕوانیدا بوو، ئەویش لێیدا لە سەری و لە ماڵەوە ڕاکێشایە دەرەوە، بە قژیەوە ڕاکێشا، بەڵام چارەنووس ویستی کە لە دەستی ڕزگاری بێت دوای ئەوەی گوێی لە دەنگەکانمان بوو کە بەدوایدا دەگەڕان، ئەویش هەڵهات و لە شوێنێکی تەنیشت ماڵەکەدا خۆی حەشاردا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەم ڕووداوە کچەکەم تووشی شۆک بوو، بەڵام شۆکەکەم لەوە زیاتر بوو، لەو کاتەدا بڕیارمدا ماڵی باوکم بەجێبهێڵم، هاوڕێیەکم ئامۆژگاری کردم بچمە شوێنی سەلامەتی نزیک گوندەکەم، من و کچەکەم دانیشتنی پاڵپشتی دەروونیمان وەرگرت، شۆکەکەمان کەمبووەوە تۆزێک.

 

فاتمە و سوعاد تەنها ئەوانە نین کە سوودیان لە شوێنی سەلامەتی گوندەکە وەرگرتووە، بەڵام بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ بەستنی یارمەتییە مرۆییەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بەردەوامی دابینکردنی پشتیوانی بۆ ژنان هەبووە، بەتایبەتی لە گوندەکان. فاتمە محەمەد وتی: دوای ڕاگرتنی پاڵپشتی لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە، لە پاڵپشتی پچڕاین کە هەندێک لە پێداویستییەکانمان پڕدەکردەوە، لە ئێستادا هەوڵدەدەم، بە هاوکاری لەگەڵ کوڕەکەم، بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییە ناوەڕۆکیانە کە کەوتوونەتە سەر شانم.

 

ڕیم ئەدەمی، سەرپەرشتیاری شوێنی سەلامەت بۆ ژنان و کچانی سەر بە ناوەندی ڕێبەری ڕاگەیاندنی یەمەن بۆ گەشەپێدان وتی: شوێنەکە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات، لەوانە کۆبوونەوەی پاڵپشتی دەروونی کۆمەڵایەتی تاکەکەسی و گروپی، یارمەتی یاسایی، کۆبوونەوەی هۆشیاری لەسەر ژنان و پاراستنی منداڵان، یارمەتی فریاگوزاری، بەرنامە و دەستێوەردانەکانی دیکە کە خزمەت بەو ژنان و کچانە دەکەن کە لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە و بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون.

 

شوێنێ ناوەندەکە مانگانە خزمەتگوزاری پێشکەش بە زیاتر لە ٢٥٠ ژن دەکرد، لەوانە ڕزگاربووانی توندوتیژی، ئاوارەکان و ئەو دایکانەی کە بژێوی ژیانیان لەدەستداوە، لەم دواییانەدا دەستمان کردووە بە لەدەستدانی پشتیوانییەکی دەرەکی زۆر، بەتایبەتی دوای بڕیارەکانی ئەم دواییە بۆ بەستنی هاوکارییە مرۆییەکان.

 

بەپێی ئامارەکانی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٧ ملیۆن کەس لە یەمەن پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی دەروونی و پشتیوانی هەیە، لەکاتێکدا تەنها ١٢٠ هەزار کەس دەستڕاگەیشتنێکی جێگیریان هەیە بۆ ئەم خزمەتگوزارییانە، کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی شەڕ و بێبەشی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی دەروونی یەمەنییەکان و بەتایبەتی ژنان و کچان هەبووە.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ڕاگرتنی لەناکاوی یارمەتییە دەرەکییەکان لەلایەن ئەمریکاوە، تەندروستی و مافی ملیۆنان کەس لە یەمەن دەخاتە مەترسییەوە کە پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبەستن.