یانەکانی وەرزشی ژنان لە لیبیا؛ شوێنی سەلامەت و پەناگەیەکی دەروونی

یانە وەرزشییەکانی ژنان لە لیبیا وەک شوێنی سەلامەت سەریان هەڵدا،کە تایبەتمەندی و پشتیوانی دەروونی پێشکەش دەکەن، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بوونەتە پێویستییەک بۆ ئەو ژنانەی کە بەدوای هاوسەنگییەکدا دەگەڕێن لە نێوان تەندروستی جەستەیی و ئاسوودەیی دەروونیدا.

ئیبتیسام ئیغفیر

 

بنغازی – ژنانی لیبیا لە مێژە بەدوای شوێنی سەلامەتدا دەگەڕێن کە لەگەڵ ژنانی دیکەدا کۆیان بکاتەوە، دوور لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای هەوڵەکانی پێشوو بۆ دروستکردنی ژینگەی تایبەت بە خۆیان، جا چ لە ئارایشتگاکان یان هۆڵەکانی هاوسەرگیری، زۆرجار ئەم شوێنانە تووشی هێرش و ڕەخنە بوون.

 

بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا دواجار ژنان پەناگەیەکیان دۆزیوەتەوە کە تایبەتمەندی و ئاسوودەیییان بۆ دابین دەکات: یانە وەرزشییەکانی ژنان، ئەم یانانە وەرزشیانە تەنها شوێنی  وەرزشکردن نەبوون، بەڵکو زیاتر بوون بە شوێنی کۆمەڵایەتی و دەروونی ئاسوودە.

 

لەم یانانەدا، ژنان هەست بە سەلامەتی دەکەن لە بەربەستەکان، هەندێکجار باڵاپۆشەکانیان لادەبەن بۆ ئەوەی بە ئازادی دابنیشن و ئەزمونەکانیان لەگەڵ فێرخوازانی دیکەدا باس بکەن، دوور لە ژاوەژاو و فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە وا لە هەندێک لە ژنان دەکات کە ئامادە نەبن ڕێگە بە هەموو جۆرە ڕۆژنامەگەرییەک یان وێنەگرتنێک بدەن لەناو ئەم شوێنانەدا، لە ترسی ئەوەی وێنەکان دزەپێبکەن کە گفتوگۆی لێبکەوێتەوە یان بیانخاتە بەردەم قسەی ناشرین.

 

"وەرزش ژیانی منی گۆڕی"

سەرەڕای ئەم ڕەخنەگرتنانە، بەشێک لە ژنان ڕازی بوون چیرۆک و ئەزمونەکانیان لەگەڵ وەرزشدا باس بکەن، لەوانەش ڕیهام عەمامی کە ئەزمونی خۆی لەگەڵ یانەکەدا گێڕایەوە دوای ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلی ئازاربەخش کە ساڵانێک بوو لە جێگادا کەوتبوو، وتی وەرزشی ڕێگەیەکی بۆ وەرگرتنەوەی جوڵەی جەستەی و باشترکردنی باری دەروونی دۆزیمەوە، ماوەی سێ ساڵە ڕۆژانە بەشداری یانەکە دەکەم، هەروەها دووپاتیکردەوە، کە وەرزش ژیانی بە تەواوی گۆڕیوە، بەڵام ڕەتیکردەوە وێنەی بگیرێت و دەموچاوی پیشان بدرێت.

 

مەنال حوتی، پزیشکی ددان و ئەندامی کۆلێژ لە زانکۆی بنغازی، ئەزمونی خۆی لە یانەکەدا بە سەرچاوەی ئاسوودەی جەستەی و دەروونی پێناسە دەکات، سەرەتا بۆ دابەزاندنی کێشی لەشی بە پشتبەستن بە ئامۆژگاری پزیشکی پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، بەڵام وەرزشکردنی بە پەناگەیەک لە فشاری ڕۆژانەی زانیوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە نهێنی هەستکردن بە ئاسایشی لە متمانەی بە ڕاهێنەرەکەیدایە،هەروەها بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی دزەپێکراوی کۆبوونەوەکانی ژنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وایکردووە کە زیاتر وریا بێت لە هەڵبژاردنی یانەیەک و ڕاهێنەر، کە ئەم یانانە بە توندی بەکارهێنانی مۆبایل قەدەغە دەکەن بۆ پاراستنی تایبەتمەندیەکانی فێرخوازان.

 

''وەرزشی ژنان... لە پەراوێزخستنەوە بۆ کولتوورێکی ژیان''

ئەمال زەلاوی، ڕاهێنەری لەشجوانی و مامۆستای پەروەردەی وەرزشی، پێی وایە گرنگی یانە وەرزشییەکان تەنها لە باشترکردنی تەندروستی جەستەی سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی تەندروستی دەروونیش بگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک بەرزی پەستانی خوێن یان شەکرە دەناڵێنن، یان تەنانەت ئەوانەی ئەزمونی سەختی پزیشکییان وەک شێرپەنجە ئەزمون کردووە، هەرەها وەرزشکردن یارمەتیدەرە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هۆرمۆنەکان و نەهێشتنی فشاری دەروونی، جگە لەوەی ئامرازێکی کاریگەرە بۆ بەهێزکردنی دڵ و خوێنبەرەکان.

 

ساڵی ١٩٩٦ بە بیر دێنێتەوە، کاتێک دەستی بە کاری وەرزشی کردووە لە خەلی پەروەردەی وەرزشیدا، لە بنغازی تەنها چوار یانەی ژنان هەبوون، دیارترینیان یانەی ژنان و منداڵان بوو، ڕوونی دەکاتەوە، کە دواتر بڵاوبوونەوەی یانەکان دەرفەتی زیاتری بە ژنان بەخشی بۆ خولی پەروەردەی وەرزش، لەگەڵ گۆڕانکاری لە هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان وایکرد یانەکان زیاتر قبوڵ بکرێن و تەنانەت لەلایەن ژنانی پاشخانی جیاوازەوە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت، بەتایبەتی پزیشک و ئەکادیمی ژن، کە لە بەرامبەردا دەستیان کرد بە گواستنەوەی ئەم کولتوورە بۆ نەخۆشەکانیان.

 

ئەمال زەلاوی جەختی لەوە کردەوە، کە ئاسایش و تایبەتمەندی لە ناوەڕۆکی ئەزمونی یانەکانی ژناندایە، زۆرجار مۆبایل لەناو هۆڵەکاندا قەدەغەیە یان داپۆشراوە، تەنانەت کاتێک کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئامادەن، بەڕێوەبەرایەتی یانەکان داوا لە فێرخوازان دەکات کە لە کاتی وێنەگرتندا پاڵاپۆش بن، ئەمەش گرتە ڤیدیۆییەکانی پاشبنەما تەنها لە پاشخانەکەدا سنووردار دەکات.

 

ڕوونیکردەوە، کە ڕۆڵی ڕاهێنەر تەنها بە خولی پەروەردەی وەرزشی سنووردار نییە، بەڵکو چاودێریکردنی تەندروستی فێرخواز و مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە تایبەتەکاندا بە شێوەیەکی نەرم و نیان لەخۆدەگرێت، هەروەها پێویستی بە شارەزای فریاگوزاری سەرەتای هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی فریاگوزاری تەندروستی، وتی: چیتر ژنان وەک جاران بە شێوەیەکی هەڕەمەکی یانەکان هەڵنابژێرن، بەڵکو پرسیار لە بڕوانامە و ئەزمونی ڕاهێنەران دەکەن، و بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن کە زانیاری ئەکادیمی لەگەڵ ئەزمونی پراکتیکیدا تێکەڵ بکات.

 

پێی وایە، کە یانەکانی ژنانیش بوونەتە جێگرەوەیەک بۆ هەندێک لە ژنان کە توانای ئەوەیان نییە ڕاوێژکاری پزیشکی پسپۆڕی خۆراک لەگەڵ پەیوەندیکردن بە یانەیەک تێکەڵ بکەن، ئێستا هەندێک لە ڕاهێنەران شایستەن بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری خۆراکی سەرەتایی کە یارمەتی فێرخوازان دەدات تەندروستی گشتی خۆیان باشتر بکەن.

 

وتی: ئەمڕۆ دوای نزیکەی سێ دەیە لە سەرهەڵدانی یەکەمین یانەکانی ژنان لە شاری بنغازی، وەرزش چیتر تەنها ئامرازێک نییە بۆ دابەزاندنی کێش یان باشترکردنی ڕوخسار، ئەو وەرزشە بووەتە کولتوورێکی چەسپاو لە نێو ژناندا، پەیوەندی بە هەردوو تەندروستی جەستەی و دەروونیەوە هەیە، هەروەها ئەوەی هەندێک پێی دەڵێن وەستانی سوڕی مانگانە، من وەک تەمەنی ژیان دەیبینم، وەرزشکردن ئەم قۆناغە دەکاتە گواستنەوەیەکی نەرم و یارمەتی ژنان دەدات بە متمانەیەکی زیاترەوە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە دەروونی و جەستەییەکانیان ببنەوە.

 

ئەمال زەلاوی، ڕاهێنەر لە کۆتاییدا، وتی: لە نێوان چیرۆکی فێرخوازان و ئەزمونی ڕاهێنەران، خاڵی هاوبەش ئەوەیە کە یانە وەرزشییەکانی ژنان لە لیبیا دواجار شوێنی سەلامەتیان بۆ ژنان دابینکردووە و ئازادی جوڵەیان پێبەخشیوە و پاڵپشتی هاوسەنگی دەروونییان دەکەن و وێنەی پەیوەندی ژنانی لیبیایان لەگەڵ وەرزش و ژیاندا کێشاوەتەوە.