پاڵەوانێکی عێراق مێژوویەکی نوێ بۆ ژنان لە وەرزشدا تۆمار دەکات
تەیبە فاهم، گەنجێکی خوێندکاری یاسای عێراقی، بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانی شکاند بۆ ئەوەی لە زۆرانبازی و کیک بۆکسینگدا سەرکەوتوو بێت، سەرکەوتنی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا و سەلماندی کە ژنانی عێراق سەرەڕای ئاڵەنگاریەکان توانای سەرکەوتنیان هەیە.
ڕەجا حمید ڕەشید
عێراق- سەرەڕای تەمەنی گەنجی و ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی بووەوە، تەیبە فاهم، زۆرانبازی عێراقی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی خۆی سەلماند، کە بووەتە هێمای ئیرادە و کۆڵنەدان لە نێو وەرزشوانانی گەنجدا.
تەیبە فاهم، ژنێکی گەنجی عێراقییە، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی یاسایە، لە تەمەنی سێزدە ساڵییەوە دەستی بە زۆرانبازی کردووە و شانازی بە ژمارەیەکی پێوانەیی دەستکەوتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دەکات، بە یەکێک لە دیارترین ژنە زۆرانبازەکانی عێراق دادەنرێت.
تەیبە فاهم پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لە چەندین پاڵەوانێتی ناوخۆیی کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە ساڵی ٢٠١٨ وەک باشترین ژنی زۆرانبازی لە عێراق هەڵبژێردرا، پلەی دووەمی لە پاڵەوانێتی زۆرانبازی ئازادی "کلاسیک" کە لە لوبنان بەڕێوەچوو، مسۆگەر کرد، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ ش لە پاڵەوانێتییەکدا کە لە میسر بەڕێوەچوو، تاجی پاڵەوانی ئەفریقا و عەرەبی لەسەر دانرا و بووە یەکەم ژنی عێراقی کە پشتێنی پیشەگەرانە بەدەستبهێنێت.
لە ساڵی ٢٠٢٣ ش، بەشداری پاڵەوانێتی جەزائیری کردووە و تیایدا پلەی سێیەم و مەدالیای برۆنزی بەدەستهێناوە، دوایین دەستکەوتی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕبوو لە پاڵەوانێتی مەکرەمی قورنامی کە لە ساڵی ٢٠٢٥ لە تونس بەڕێوەچوو.
''لە زۆرانبازییەوە بۆ کیک بۆکسینگ''
سەبارەت بە دەستپێکی زۆرانبازی، تەیبە فاهم، وتی: لە زۆرانبازی ئازاد دەستم پێکرد، لە ساڵی ٢٠١٨ بەشداریم لە پاڵەوانێتیەکی کلاسیکی لوبنان کرد و پلەی دووەمم بەدەستهێنا، دوای ئەوە چوومە وەرزشی بۆکسێن و کیک بۆکسینگ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم وەرزشە تەنها خولیایەک نەبوو بۆ من، بەڵام وەرزشەکە منی هەڵبژارد، زۆر کەس وەک خولیایەک یان بۆ پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکانیان ئەم هونەرە جەنگییانە مەشق دەکەن، بەڵام بۆ من ئەم وەرزشە لە خوێنمدا هەیە، ئەم بەهرەیە لەگەڵمدا گەشەی کرد، منیش حەزم کرد لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنانی بەردەوامەوە پەرەی پێبدەم، ئەمڕۆ ڕیکۆردێکی پڕ لە دەستکەوتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیم هەیە، شانازی دەکەم کە ١٣ ساڵ خزمەتی وڵاتەکەمم کردووە و ناوی وڵاتەکەم و ئاڵای عێراقم لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان بەرزکردووەتەوە.
هەروەها جەختی لە گرنگی هەوڵ و کۆڵنەدان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتندا کردەوە، وتی: لەپشت هەموو سەرکەوتنێکەوە ماندووبوون و هەوڵی بەردەوام هەیە، هەموو بەیانیەک لە کاتژمێر شەش لە خەوهەڵدەستم بۆ دەستپێکردنی مەشق و ڕاهێنانەکانم، سەرەڕای ماندوێتی و هەلومەرجەکەم، دوای تەواوکردنی ڕۆژی کارەکەم، جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانەکان، بە پاڵنەری ئیرادە و سۆز، ئەم ڕێگایە بە هیچ شێوەیەک ئاسان نەبوو و هەموو ئەو پاڵەوانێتیانەی کە لە ماوەی ١٣ ساڵدا بەدەستم هێنا بە ئاسانی نەهاتن، بەڵکو لەسەر حیسابی تەندروستی و هەوڵ و کاتم هاتن، بەڵام ئەمڕۆ بە شانازییەوە وەستاوم چونکە دەستکەوتکان کە بەدەستم هێناوە لە مێژووی وەرزشی عێراقدا چەسپاون.
''پشت بەخۆبوون''
تەیبە فاهم، ڕوونیکردەوە، خێزانەکان بە سروشتی خۆیان دوودڵن لە ڕێگەدان بە کچەکانیان بچنە ناو وەرزشەکانی وەک زۆرانبازی و کیک بۆلسێنگ، بە پیاوانە و تاڕادەیەک توندوتیژیان دەزانن، بەڵام خاوەنی توانای پراکتیزەکردنیان و تەنانەت سەرکەوتووبوونیان لێیە، هەروەها هەموو هەوڵێکمدا بۆ ئەوەی ئەو شتە بەدەستبهێنم کە دەمویست، سەرەڕای هەموو ئەوئاڵنگاری و سەختییانەی کە ڕووبەڕووم بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بوومەوە، چ لەلایەن خێزانەکەمەوە و چ لە کۆمەڵگەوە، بەڵام ئەوە ئاڵەنگاری نەبوو بۆ من، بەڵکو پاڵنەرێکی زیادە بوو کە هێزێکی پێبەخشیم بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانم و ببمە پاڵەوان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەم وەرزشەدا، ئێستا ژنان ئەو ڕۆڵانە دەگرنە ئەستۆ کە پێشتر بە دۆمەینی تایبەتی پیاوان دادەنرا، ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە کە هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری لە ژنانی عێراق بکات.
''ڕوانگەی کۆمەڵگە و ئاڵەنگاریەکان''
تەیبە فاهم تیشکی خستە سەر خاڵێکی چارەنووسساز سەبارەت بە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنانی سەرکەوتوو، وتی: ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە ژن بە ئاسانی قبوڵ ناکات سەرکەوتوو بێت، ئەمەش پرسیاری زۆر دەوروژێنێت، بۆ؟ هۆکارەکەی چییە؟ چۆن دەتوانرێت سەرکەوتنی ژن بە ڕەتکردنەوە بەرەوڕووی ببنەوە؟ چۆن پیاو خۆی بە ژنێک بەراورد بکات، تەنانەت ئاڵەنگاری بکات بۆ شەڕێکی جەستەیی بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کێ بەهێزترە؟ پیاوی ڕاستەقینە خۆی بەراورد ناکات بە ژنێک.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک ژن بە پیاوانە پێناسە دەکەن کە لە بوارەکانی وەک بۆکسێن یان شۆفێری تاکسی کاردەکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، ژنێک کە کارکردن لەم بوارانەدا هەڵدەبژێرێت، بە جیاوازی خۆی دەسەلمێنێت و توانای کارکردنی خۆی پشتڕاست دەکاتەوە و سەرکەوتوو دەبێت لەوەی کە هەڵیدەبژێرێت.
هەروەها ڕەنگە هەندێک لە پیاوان خۆیان لە هەندێک جۆری کار بپارێزن، بەڵام ژنان هەرگیز درێغی ناکەن لە کارکردن و بە پەرۆش و کار لە هەر بوارێکدا دەکەن کە هەڵیدەبژێرن، زۆرجار دەبینین پیاوان ڕۆژانە تەنها یەک کار دەکەن، لەکاتێکدا ژنان زۆرجار چەندین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن و لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە بوارێکدا کاردەکەن، ژنانی عێراقی خوێندەوار و هۆشیار و پاڵەوانن لە هەموو بوارێکدا، توانای خۆیان دەسەلمێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگاریەکان و سەرکەوتن و زاڵبوون بەسەر هەموو ئاڵەنگاریەکان.
''گرنگی پەروەردەکردنی بەهرەی ژنان''
ئاماژەی بە پشتگیری لاوازی فیدراسیۆنە وەرزشییەکانی بۆ ژنان کرد، بەتایبەتی لە وەرزشە تاکەکەسییەکانی وەک زۆرانبازی و کیک بۆکسینگ، وتی: بەداخەوە دەڵێم ڕۆڵی ژنان لەم وەرزشە شەڕکەرانەدا، زۆرانبازی، کیک بۆکسینگ و ئەوانی دیکە، داهاتوویەکی ڕوونی نییە، سەرەڕای هەموو ئەو توانایانەی کە ژنانی عێراق خاوەنیانن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شوێنی پێویستمان پێنەدراوە بۆ سەلماندنی بەهای خۆمان لەم بوارەدا، هەرچەندە چەندین جار توانای خۆمان بۆ سەرکەوتن نیشانداوە، بەڵام فیدراسیۆنە وەرزشییەکان خۆیان بەدەست گەندەڵی کارگێڕییەوە دەناڵێنن.
جەختی لە گرنگی دابینکردنی شوێنی پێویست و پاڵپشتی ڕاستەقینە بۆ ژنانی عێراقی کردەوە و ڕایگەیاند : ''کە ژنان پێویستیان بە دەرفەتی بەرفراوان هەیە، بۆ ئەوەی ئازادانە بەدواداچوون بۆ خولیاکانیان بکەن و گەشە بکەن لە بوارەکانی خۆیاندا، بەتایبەتی لە وەرزشی تاکەکەسیدا''، هەروەها پێویستمان بە گرنگیدان و پاڵپشتی وەزارەتی گەنجان و وەرزش هەیە، لە لیژنەی ئۆڵۆمپی و هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، لە عێراقدا توانای بەرچاوی ژنان هەیە و ئەم توانایە پێویستی بە پەروەردەکردن و چاودێریکردن و گەشەپێدانی بەردەوام هەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە، ئەگەر ئەم پشتگوێخستنە بەردەوام بێت، ڕەنگە بگەینە ئاستێک کە ژنانی وەرزشوانانی عێراقی ناچاربن لە وڵاتانی دیکەدا بەدوای دەرفەتدا بگەڕێن، تەنها بۆ دۆزینەوەی کەسێک کە پەروەردەی بەهرەکانیان بکات و باوەڕیان پێبکات، لەو کاتەدا بێدەسەڵات دەبین و هیچ وەرزشەوانێکی ژنمان لەم بوارەدا نابێت.
''ئیرادەی سەرکەوتن''
تەیبە فاهم جەختی لە گرنگی فێربوون لە ئەزموونەکانی ڕابردوو و وەرگرتنی ئیلهام لە چیرۆکی سەرکەوتنەکان کردەوە، وتی: بەبێ ئەوەی واز لە خوێندن بهێنم سەرکەوتوو بووم، کاردەکەم بۆ ئەوەی بژیم، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز وازم لە پراکتیزەکردنی ئەو وەرزشە نەهێناوە کە خۆشم دەوێت و هەوڵدەدەم تێیدا سەرکەوتوو بم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەوانەی هەوڵدەدەن لە ئاواتەکانمان بێهیوا بین یان دەستکەوتەکانمان بچووک بکەنەوە، ئێمە شایەنی چەپڵەین کاتێک سەرکەوتوو دەبین، نەک پشتگوێخستن یان بێهیواکردن، لە کۆتاییدا، وتی: ئێمە نەوەیەکین کە ڕەتیدەکەینەوە پاشەکشە بکەین، نەوەیەکین کە جیاوازی دروست دەکات و جێپەنجەی خۆی بەجێدەهێڵێت، واز لە خەونەکانمان و ئامانجەکانمان ناهێنین، گرنگ نییە سەختییەکان، ئیرادە ڕێگەی ئێمەیە، سەرکەوتنیش شایستەی مافی خۆمانە.