چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان کیسی مەمک و شێرپەنجەی مەمکدا؟
پزیشک هاوار حەسەن نەقشبەندی دەربارەی کیسی مەمک و شێرپەنجەی مەمک چەند جیاوازییەک دەخاتەڕوو دەڵێت: شێرپەنجەی مەمک بەزۆری لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بێ ئازارە، هەرچەندە ئازارەکە دواتر دەردەکەوێت.

ناوەندی هەواڵ
پزیشک ھاوار حەسەن نەقشبەندی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی مەمک دەربارەی جیاوازی کیسی مەمک و شێرپەنجەی مەمک نووسیویەتی:
کیسی مەمک
بریتییە لە کیسی پڕ لە شلە "نا شێرپەنجەیی".
زۆرجار بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکانەوە دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە ڕژێنەکانی مەمکدا
کیس بەزۆری نەرمە، دەجووڵێت لە کاتی دەستلێدان.
لەوانەیە ئازاربەخش بێت، بەتایبەتی پێش سوڕی مانگانە.
لە سۆنەردا، وەک کیسێکی پڕ لە شلە دەردەکەوێت.
بۆ چارەسەر زۆرجار پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نییە؛ کیسی گەورە یان ئازاربەخش دەتوانرێت بە دەرزی شلەکەی ناوی ڕابکێشرێت.
شێرپەنجەی مەمک
وەرەمێکی ڕەقی شێرپەنجەییە.
بەهۆی گەشەی نائاسایی خانەکانی مەمکەوە کە بە شێوەیەکی بێ کۆنترۆڵ زیاد دەکەب.
زۆرجار گرێیەکی ڕەقە و نەجووڵاو و بێ ئازارە "لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا".
بەزۆری لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بێ ئازارە، هەرچەندە ئازارەکە دواتر دەردەکەوێت.
لە سۆنەر یان مەمۆگرامدا، وەک بارستەیەکی ڕەق و ناڕێک دەردەکەوێت.
پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە وەک نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی، تیشک، یان چارەسەری هۆرمۆنی، ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەتوانێت بڵاوبێتەوە.