زەینەب ئەردەم؛ ئەو تێکۆشەرەی بە دەستی خیانەتی پەدەکە گیانی بەختکرد

یەکێك لە ژنە شۆڕشگێڕەکانی ڕێگای ڕزگاڕیخوازی گەلی کورد کە  بۆ ئازادی ژن و کوردستان تیکۆشانی کرد، زەینەب ئەردەم.

ناوەندی هەواڵ

 

زەینەب ئەردەم ناسراو بە ژیان سێواس، ساڵی ١٩٦٧ لە سێواسی باکوری کوردستان لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر لەدایک بووە.

 

زەینەب ئەردەم کاتێک لە ئەنقەرە دەیخوێند لەوێوە ئاشنای شۆڕشگێڕەکان دەبێت، هەست بە ڕاستیەکان دەکات و بیری شۆڕشگێری لە ناخیدا چەکەرە دەکات و بەدوای ئازادایدا وێڵ دەبێت.

 

ڕێگای  سەربەخۆبوون و شۆڕشگێڕی و ڕێگای ئازادی ژن لە ناو پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەدا دەبینێتەوە، ساڵی ١٩٨٨ زەینەب ئەردەم لە ئەنقەرە بەشداری لە ڕێکخستنی ئەو پارتەدا دەکات و نازناوی ژیان سێواس هەڵدەبژێرێت. ئیدی لەوێوە هەنگاوەکانی بۆ شۆڕش دەبێتە ژیانێکی نوێ و بڕیار دەدات کە بەرامبەر بێ مافی و بۆ سەربەخۆبوون تێبکۆشێت.

 

ژیان سێواس بۆ بەشداریکردن لە پەروەردە سەرەتاییەکان ڕوو دەکاتە یۆنان، لە دواتردا ڕوو دەکاتە دۆڵی بیقاع و لە مەیدانی سەرۆکایەتی بەشداری پەروەردەی ئەکادیمیای مەحسوم قۆرقوماز دەبێت. سەرەڕای سەختیەکانی ڕێگای تێکۆشان، بیری ئازادی ژنان و ئازادی کوردستان لای هەڤاڵ ژیان دەبێتە ڕێگایەکەی نەبڕاوە.

 

ساڵی ١٩٩٢ ژیان ڕوودەکاتە هەرێـمی هەفتانین و بەشداری لە شەڕێکی سەخت دەکات بەرامبەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، دوای ئەوە ڕوو دەکاتە بۆتان و لە هەرێمی جودی لە خەباتی ڕاگەیاندن و لە ئەرشیفکردنی داستانی قارەمانانەی هەڤاڵانیدا ڕۆڵ دەگێڕێت.

 

لە کۆنگرەی پێنجەمی پارتەکەیدا ژیان بەشداری دەکات و ساڵێک دواتر بۆ زیاتر فراوانکردنی رێکخستنی ژنان، بەشداری کۆنگرەی نەتەوەیی ژنان دەبێت.

 

لە ساڵی ١٩٩٥دا بۆ خەباتی ڕێکخستی ڕوو دەکاتە کامپی ئەتروش کە گەلی بۆتان لە بەرامبەر زوڵم و ستەمکاریەکانی دەوڵەتی تورک کۆچیان بۆی کردبوو،  لەو کامپەدا ئەرکی بەڕێوەبردنی کامپەکەی پێدەسپێردرێت.

 

هەڤاڵ ژیان هەموو تێکۆشانی لە پێناو کوردستان و ژنان بوو، لە بەرامبەر هەستکردن بە ئازاری گەلەکەی لە بەرخۆداندا بوو، ساڵی ١٩٩٥ لەوکاتەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەهاوکاری پەدەکە هێرش دەکاتە سەر کامپی ئەتروش و زەینەب ئەردەم یاخود هەڤاڵ ژیان سێواس بە تەقەی هێزەکانی پەدەکە بریندار دەبێت، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٩٥دا لە ئەتروش گیانی بەختکرد و  بوو بە نموونەی ژنێکی ئازاد لە تێکۆشانی گەلی کورد و گەلانی شۆڕشگێڕدا.