جیهان عیسمەتی؛ چالاکوانێکی بێ سنوور

جیهان عیسمەتی، شێوازەکانی شەڕکردنی نەک هەر شوێنێکیان بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی دابین کرد، بەڵکو لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانیشدا شێوازی جیاوازی چالاکی هێنایە کایەوە و داوای بەردەوامبوونی خەباتی بۆ ژنان و کۆمەڵگە کرد.

ئارشین راد

 

مەریوان- جیهان عیسمەتی، ژنێک لە خاکی زاگرۆس و زرێبار، بوو بە هێمای خەبات بۆ ژنانی ستەملێکراو لە وڵاتەکەیدا، ژنێک کە هەر لە سەرەتای ژیانیەوە بەدوای ئازادی و یەکسانی ڕەگەزیدا دەگەڕا، شەو و ڕۆژ لە خەبات نەوەستا، زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و چەوساندنەوە لەلایەن هاوژینەکەی و دوورکەوتنەوە لە منداڵەکانی نەبووە بەربەست لە بەردەم ئامانجەکانیدا، بەڵکو بەهێزتر و چالاکتر گەڕایەوە و بەشێوەیەکی کارا داکۆکی لە پرسەکانی کوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و نایەکسانی و ژینگە کرد.

 

جیهان عیسمەتی نمونەیەک بوو بۆ ژنان و پیاوان کە بە هۆشیارییەوە بە دوای ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتیدا دەگەڕێن، جیهان لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و لە بەهاری ١٩٤٥ لەدایکبووە، تەمەنێکی درێژی بۆ خەباتی ئازادی تەرخان کرد و لە ٢٥ی ئایاری ئەمساڵدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران تەنانەت ڕێگەیان پێنەدا سەردانی شوێنی لەدایکبوونی لە شاری مەریوان بکات، بەو هۆیەوە لە سنە بە خاک سپێردرا.

 

لە دیدارێکدا لەگەڵ بەیان بەختیار، یەکێک لە کەسوکاری جیهان عیسمەتی، ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای خەم و پەژارەی خۆی، بڕیاریداوە بەردەوام بێت لەسەر ڕێگاکەی بەو ئەزموونانەی لە ژیانی خەباتگێڕانەدا بەدەستی هێناوە.

 

لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری کرد

وتی: جیهان عیسمەتی بەپێی داب و نەریتی ئەو سەردەمە، لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری کردووە، لە تەمەنی گەنجیدا ڕۆحێکی ئازا و ئازادی نیشانداوە کە خستویەتیە سەر ڕێگای بەرخۆدان لە دژی دەسەڵاتی پیاوسالاری و ڕژێمی ئیسلامی، لە شۆڕشی ئیسلامی کە لە ئێران سەریهەڵدا لە سەردەمی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٥٧دا ڕووبەڕووی توندترین نەیارەکانی بووەوە، باوەڕی پتەوی جیهان عیسمەتی بە یەکسانی ڕەگەزی و جیهانبینی کورد درزێکی قووڵی لە نێوان ئەو و هاوژینەکەیدا دروست کرد.

 

لە زیندانی ئەڤین زیندانی کرا

ئاماژەی بەوەشکرد، جیهان عیسمەتی بە دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسلام و یاخیبوون و تاوانی چالاکیی شۆڕشگێڕانە و سەر بە حیزبی کۆمەڵە تۆمەتبار کرابوو، لە ساڵی ١٩٨١ زیندانی کرا، هاوژینەکەی بە پێی یاسای ئیسلامی دووبارە هاوسەرگیری کردەوە، بە بیانووی کاریگەرییەکەی لە چالاکییەکانی لەسەر ژیانی، داواکارییەکی فەرمی پێشکەش کرد بۆ لەسێدارەدانی، کە بووە هۆی زیندانیکردنی لە زیندانی ئەڤین لە تاران.

 

سەبارەت بە ڕژێم لە ئێران و سیاسەتەکەی لەگەڵ سەرهەڵدانە جەماوەرییەکاندا، بەیان بەختیار وتی: ڕژێمی ئێران هەوڵی پاراستنی دەرکەوتن و سنووردارکردنی سەرهەڵدانی جەماوەری دەدات، بۆیە لەناو ئەوانەی کە سزای لێخۆشبوونیان بۆ درا، جیهان عیسمەتی بوو کە دواجار دوای چوار ساڵ و نیو زیندانیکردن ئازاد کرا، لەبەر ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکدا بوو بە دایک و چوار منداڵی هەبوو کە ئەوکات تەمەنیان لە نێوان ٣ بۆ ١٢ ساڵدا بوو، لە ماوەی زیندانیکردنیدا بەپێی یاسای ئیسلامی مافی دایکایەتی لێ زەوت کراوە و لە ساڵانی دوای ئازادکردنیدا، بژێوی ژیانی بە دوورین لە ژوورێکی بچووکدا پەیدا کردووە، جیهان ڕەگ و ڕیشەی لە شاری مەریوان هەیە، ئەو شارەی کە زیاتر لە ٤٥  ساڵە خەڵکەکەی لە بواری مافەکانی ژنان، ژینگە، و پرسی کورد چالاکن، هەر بۆیە ڕژێمی ئێران بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەوە لێی دەترسان، بەڕادەیەک نەیهێشت لە مەریوان بەخاک بسپێردرێت، چونکە دەیزانی هەزاران کەس ڕێزیان لێدەگرت.

 

ئەندامی چالاکی دایکانی ئاشتی بوو

بەیان بەختیار بە ئاماژەدان بە چالاکییەکانی جیهان عیسمەتی وتی: یەکێک بوو لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژنانی مەریوان، هەروەها ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی چیای سەوز و دایکانی ئاشتی بوو، بەڕاستی چالاکوانێکی بێ سنوور بوو، هەروەها لە ڕێگەی بەشداریکردن و ئامادەبوونی لە چالاکییەکانی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان داوای درێژەدان بە خەبات بۆ ژنان و کۆمەڵگە کرد، بەتایبەتی دوای کوشتنی شلێر ڕەسوڵی.

 

 

لە کۆتاییدا وتی: شێوازەکانی خەباتی جیهان، نەک هەر شوێنێکی بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی تەرخان کرد، بەڵکو هۆکاری زۆر گۆڕانکاری سیاسی و کولتووری بوون.