نیشتمانێک لە دەستی دوو

مەدیحە سۆفی - نووسەر

نیشتمانێك لە دەستی دوو

 

وا هاتووم، بە کۆمەڵێ برینی کەرکوکەوە
بە مرازە زیندەچاڵکراوەکانی سۆرانی مامەحەمەوە 
بە سیما هەتا هەتا غەمگینەکەی دایکی سەردەشتەوە
بە پێستی ئەستوری چاوەڕوانی و
 بە سەبری دێرینی سەر کۆڕنیشی دێرینەوە
هاتووم بە پەیامێکی پڕ لە ئەمەکی گردی سەیوان و 
بە ڕەشنووسی مێژووی دیوانی بابانەوە
بە ڕقی ئەستوری قەڵا و بە وردە ژیلەمۆی باڵای منارەوە
بە سەبری لاسار و بە ڕەخنەی پەنگخواردووی پردی دەلالەوە
بە نەقشی سەربەردی هەیبەت سوڵتان و
بە ڕوحێکی تادار و بە خەرمانەی مێژوویەك قوربانیەوە
بە برینی هێشتا تەڕی هەڵەبجەوە
بە درامای بۆنی سێو و گازی خەردەڵەوە
بە چمکێ لە سەرپۆشی ژنێکی هەڵکڕوزاوی گەرمیانەوە
بە ملە گەردانەو بۆنی خەنەی نێولەپێکی ژێر لمەوە
من هاتووم ........ بە نامەی وێڵی سەدوهەشتاودوو هەزار ڕوحەوە
بە ئەزمونی ژانی دایکی ئەنفالەوە 
لێرەوە بەرەو دەستەخوشکی ئەمڕۆی شنگالەوە 
بە تابووتی هەموو خەونەکانەوە هاتووم
بە ئیمزای هێشتا تەڕی پێنج هەزار گوندی ڕوخاوەوە
بە شەهامەتی چیا و روبار و ڕەز و بێستان و کانیەوە
بە وەسێتێکی بێ دەنگی قەومێکی ڵاڵەوە
بە تورەکەیەك لە نوقڵی بەراتی بەر مزگەوتی گەورە و
 بە موتفەڕکی زەینالعابدینەوە........... هاتووم
بە چوالەی ڕوحی سەر تەنافی سێدارەی ڕۆژهەڵاتەوە هاتووم
بە چرای نەکوژاوەی ڕوحە ناکامەکانی سنەوە هاتووم
بە تاڵێ لە نیگای قووڵی چاوەڕوانی دایکی ڕامین و
بە هەنسکی بێدەنگی هەودای ملی کچە شٶخێکی سەقز و 
بە سەرگوڵی ژاکاوی  نێو زیندانەکانی تاران  و
بە سەدای زوڵاڵی نێو ڕوحی کچانی کۆبانی و 
بە مۆمی بوێری  و بە ژیلەمۆی باڵای دەرسیم و 
بە خەڵوزی ڕوحی هەموو نێرگزەکانی کوردستانەوە هاتووم
بە ئیمزای برسیەکان و بە زەنگیانەی حەزی کپبووی گەنجەکانەوە
بە لیستێكی ڕەش لە ناوی موستەشار و
 بە چەندەها لیستی خانەنشینی نایاساییەوە
بە بۆنکروزی چەندەها ئەستێرەی کوژراوەوە
بە سوێندی گیرفانی بەتاڵی هەموو ڕەشوڕووتەکانەوە ........هاتووم
بە کۆمەڵێ حەقیقەتی تاڵەوە هاتووم
بە لیستێکی درێژی ناوی بێکارەوە
بە بارێك لە خەمی سەرشانی قەومێکی خۆنەویستەوە
بار قورس و پێڵوی چاو وەنەوز و قێز لە بوونی خۆم دەکەمەوە 
بە ملوانکەی دانە دانە هەنسکی دایکی قەڵەمەکانەوە
 بە نیگا لە سێدارەدراوەکەی دایکە سنەوبەرەوە هاتووم
هاتووم  چرۆیەکی ژاکاوی شۆڕش دەدوێنم و دەڵێم :
من باراناوی دێم
تۆش ببە خۆر و گەرمی خۆت دابکە
من چنگ پڕ لە تیشکی هیوا دیم

تۆش ببە بە پەنجەرە و گەردن ئازایی ڕۆبکە
من بە دونیایەك لێبوردنەوە دێم و
تۆش ببە بە بادەی دەم ئێوارەی هەواری کوێستانێك
من بە بارێك لە یادەوەری ترش و شیرینەوە دێم
تۆش بە ڕنینەوەی ڕوحی زامداری شمشاڵێك
شمشاڵێك لە ناڵەی پەڕی تاوس و
 لە هەناسەی پەرستگای لالش و 
لە ژەنینی پێناسەی قەومێکی بە ژان ئاوس
......
ئەم شانامە زۆر دێرینە، ڕەشنووسی ڕوحمە،
 هەر وەکو خۆی خاکی.....چەندەها جار دەکەوێتە ڕێ و
چەندەها جار پێی لە بەردی حوکمڕانی هەڵدەکەوێ و 
 بە پۆستی نسکۆیەکی بەردەوامەوە 
 لە بانگە خنکاوەکانی نێو  گەرووی باڵندەیەکی لە کوێستان هاتووەوە،
 لە پریاسکەی سەرشانی ڕێبوارێکی گەلێك ماندووەوە
بە تاڵە ئاوریشمی خۆزگەی نێو ناخی کچانی شنگالەوە و
لە کوانووی ساردی ئەم دەڤەرەوە و 
لە چۆڕێ توینێتی خۆڵی سەر جەستەوە
لە چەند دێڕێك نائومێدی و لە چەندەها هەناسەی نێو شەوەزەنگەوە هاتووم
هاتووم و  بۆنکروزی حەقیقەتی نێو کوانووی ڕوحی ( کۆجۆ ) م هێناوە
بۆن کروزی ڕوحی تەوارەکانی( مادد) م هێناوە
هەواڵی قەتیسماوی سەبایای بۆکۆ حەرامم هێناوە
هاتووم 
زادی وشەی گەنم ڕەنگ و سازی مۆسیقای پێش گزنگ و
ئاهی ساردی قەڕنی پێشوو 
بە تەنگەی شکستی ئەمڕۆیا ڕۆکەم
هاتووم بۆنکروزی حەقیقەتی نیشتیمانێك لە دەستی دوو و 
 کۆمەڵێ گیرفانی قووڵ و
چەند دەموچاوێکی چەقیوو و 
لوولەی هەڕاجی بەرەو ئەستەمبوڵ و
ڕەنجی نەتەوەیەکی بەبا چوو و
ڕەنگی زەردی گەنجی باشورم ..... هێناوە
ئەوەی لێرە ..........بەشە قەومی ژانە
چاویلکەیەکی دوکەڵاوی ئەم شارە  و
غەزەلێکی بێ قافیەی منارە و 
 گەواهینامەی لێخوڕینی قەدەرێك بەرەو  مەرقەد و عەمامە 
 بەرەو ئاوی دوعا و نوشتە و تەفسیری خەونامە
بەرەو ئاودانی (نەمام )ی ئەندێشەمان بە خورافات 
ئەوەی هاوردە دەکرا،  لەم زێدی پڕ لە تاریکیە
 هەر قوماشی سپی بوو، بۆ کفنی خەونەکان و
قوماشی ڕەشیش بۆ کەرنەڤالی پرسەکان
چەند دەوڵەمەندین
هەرچی کلیلی دەرگای دۆزەخ هەیە
هەرچی چرپەچرپی نێوان برسێتی و سەرما هەیە
هەرچی گرێی نێوان چاوەڕوانی و مێژوو هەیە
وا لە کیشوەری نیشتیمانێك لە دەستی دوو و و 
لە ژێر ڕەشماڵی ئەم خۆزگەیە
هەرچی تاسەی نێو لۆچی خۆزگە و خەندەی شەهید و 
ئەستێرەی کوژراو و هەرچی لالەی ژاکاو و نەمامی قەرسیلەیی ژێرپێیە ...
لای ئێمەیە
دوکەڵکێشی ژانی ئەم جارەمان... پڕ لە خۆڵەمێشی ژیلەمۆی ڕوحی شنگال و 
پڕ لە ناڵەی ژێر ساباتێکی بێ سەرکردەیە..
ئێمەی کەنیزەی مۆدێرن و کەنیزەی ناتۆ و کەنیزەی بەردەستی تەوری مەرگ،
ئەم پەڕی تاوسی دورگەی تەمتومانە...
چ ڕوحێکی سرکەییە
 وا بە دەستی ژەنگاوی خەونە تاریکەکان
هەڵدەوەڕی و دادەوەرێ و تێکدەشکێ 
ئەم فریشتەی دەمەو بەیانی ڕۆژی حەشرە
 ئەم کەنیزە و سەبایای پۆستمۆدێرنە
ئەم ژەهری ( بۆکۆ حەرام ) ی دەڤەرە
تابلۆیەکی هەڵکۆڵراوی دیوەدەرە
بە کامێرای نێونەتەوەیی و
 بە چەکی ناتۆیی و
 بە چرپەی نێو چوار دیواری نێوخۆیی 
بۆ ئەبەدیش زەنگی زوڵاڵی ویژدانێکی بەخەبەرە
بە گوریسێکی سێ ڕەنگی خۆڕسك
 بەرەو ئامیزی دڕندە
 ڕەنگێکی تەبا بە خیانەت و تاڵانی 
ڕەنگێکی تەبا بە پاشماوەی بەعسی
 دوا ڕەنگی سەرمەشقی سەدساڵەی ئەتاتورکی 
 ڕایەڵ و تێکئاڵاو ، هەرلە ماری متبووی ئەشکەوتێکی بەجێماو دەچوون
 دەمێکە دەستاڕی مێژوو هەر خەون دەهاڕێ 
 دەمێکە مەقاشی خیانەت هەر ڕوحی وەفا دەگرێ
 دەمێکە شورای زیندان هەر بۆ ( نا )  هەڵدەچنرێ
دەمێکە حەساری شێنەیی ... بۆ قەوزەی نێو هزری سەرکردەکانی........
دەبێتە باڵەخانەی ئەبەدی
زکماکە..زکماك ئەم ڕەوەزی پایز و ئەم بانگدانی بڵندگۆی جەلادانە
 ئەم نادادیەی سەر پشتی ئەسپی ئەم سەدەی پاسفندانە
.............................
 لە ئەنفالا درەخت و گوند دەسووتا... لە ئەمڕۆی ئازادیا ..... ئینسان
لە گەرمیانا کاکۆڵی  دار دادەماڵڕا...
 لێرە نوکی کەویاری شاخی سنجار 
، لە پیرەمەگروون تاشەبەرد غلۆر دەبووەوە
  شەم و شەونمی سەر ناسکە دار  و
  مەڕاڵ و سوێسکەش، لە سنجار،
 لە ئەنفالا پایتەخت فەتوای دەدا،
 لێرە نیشتیمانێك لە دەستی دووی .... زەدەدار،
 لە هەڵەبجە هەناسەی ژەهراوی..... مردن بوو
لێرە کاڵێ و شەم، بوونە سەبایای دەستی غەددار
چــــەند نەزۆکە ئەم هاوارە، 
 چ  کەڕوڵاڵە ئەم قیژەیە و
 چ زەین کورت و سەراب سیمایە
 تابلۆی  ئەم  نوزە و واوەیلایە
 چ قەمبورە باڵای  ئەم سەودایە....
چ پێچاوپێچە.... ئەم چاوەڕوانی و چاولەڕێی هانایە،
 بەرمۆدای چ گێژەنێکە
ڕاونانی چ مانگەشەوێكە 
چ تۆفانێ وا کەوتۆتە ڕێ
نێو لەپی چ هەرەسێکە وا دەلیلە و دەمبا
چ حاکمێك لە بەرگی هیتلەرە و وا جاڕ دەدا، 
شەوکوێری ئێوارەی چ سەردەمێکە 
وا وڕینەکانی.... خوانی دواخراوی بەربانگێکە
لەوێ.... پێدەشتی قاقڕی ویژدان و
 قاتوقڕی غیرەت و نمەی چاوچنۆکی و 
ڕسکانی ترسنۆکی و غاردانی چڵێسی و
 شاردنەوەی فریاڕەسی
 تۆماری  شکستی و ملکەچی 
 هەڵاتن و سێدارەی ئیرادە و
 فرۆشتنی ناسنامە و
هەراجکردنی خاك و  فریشتە و نەمامەکانە
لەوێ ...لە ژێر سەرینی هەورەوە...نیگای عەمامەی پڕ لە جانەوەر
 بەسەر ژانەکانا، بەسەر توینێتی مانگی خەرمانانا 
وەکو قەلەڕەشکەی توینوو....وا دەنیشنەوە
شەمێکی باڵا شمشاڵی کۆجۆ دەڵێ :
ئێستا جەستەی ڕووتم  هەر ئەڵێی تەڵاشەدارە
 لێم بووە بە ئیمپڕاتۆڕی  قەڵا و
 لێم بووە بە گەورەترین دەرد و بەڵا
 ئاخۆ زاخانی ڕێی لالش نەبێتە گوێچکە و هاواری ڕوحم ببیستێ؟ 
یا باباشێخ بێ و دەستی فریای لێم نزیك بێ؟
 ئەبێ دێڕێکی کتێبی جیلوە نەبێتە نزا و بەرەو من نەفڕێ؟
 ئەبێ مۆمێکی لالش گڕی ڕوحم نەبێ 
یا هاوارێکم نەبووبێ بە کڵپە و لەوێ بسووتێ؟
 ئەبێ هەڵاتنی خۆری بەربەیانێك
 پاڕانەوەیەکم بەباڵای تیشکی خۆی نەنێرێ؟
 ئەبێ نوزەی ئەم هەموو نیوەمەرگە لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە 
بەرەو مەلەك  تاوس دانەبەزێ؟ 
دەبێ نزایەکی جەژنی حەفتە بەرەو ژوور نەچێ و 
لای خودای تەنها گیر نەبێ؟ 
تۆ بڵێی سۆراخێکی دونیای زیندوو سەرەداوێکی هەناسەم نەناسێتەوە و 
بروسکەی ڕوحم نەبینێ و 
تارمایی ئەشکەنجەم بەدی نەکا و نەمدۆزێتەوە؟ 
تۆ بڵێی دونیا فانی بێ و دەستی ڕەشی دڕەندەکان هەموو وجودی سڕیبێتەوە؟ 
دەبێ تنوکێ لە ئارەقەی جەستەم، 
سوێیەکی چاوم..... لەدەست مێردەزمەی شەوانی ڕەش، 
دزە نەکا و نەچێتە سەر دەفتەری حاکمێ؟
 یا نەکەوێتە نێو تەرازووی دادورەێ؟ 
یا نەگاتە دوا نهۆمی باڵەخانەی فریاڕەسێ؟
 ئاخۆ بۆنکروزی هەناسەیەکم
  نەگاتە  ئاسایشی دەڤەرێکی داد؟
 ئەبێ وڕینەیەکم باڵ نەگرێ و  نەبێتە خوداد؟ 
ئەبێ نوزە و ناڵەیەكم نەگەیشتبێتە ئامێزی درەختێك یا خوڕڕەی چەمێك؟ 
یا نەبووبیتە بروسکەی پەڵەهەورێك ، 
یا نەگەیشتبێتە نێو نیگایەکی تیژی هەڵۆیەك
یا مەڵۆی گەنم و جۆیەك؟ 
دەبێ بۆن سوێی شەوێکی گڕاوی پاکیزەیەك
نەگاتە گوێسەبانەی پاسەوانێك... یا  تەور لە دەستێك
شەم ڕادەما و خەیاڵ لوولی دەدا و وڕێنە دەیڕفاند و 
دەچووە گژ ئەگەرەکانی مەحاڵ و دایدەپڵۆساند و دەیوت:
( ئەوەی شەو ڕۆی دەکردە نێو ناخمان زەنگی جەستەیەکی تۆقێنەر بوو
ئەوەی لەوێ ...لەگەڵ ڕۆژ هەڵدەهات هەر جانەوەر بوو  )
لەوێ دەرگایەک نەبوو، دەسکی پەنجەرەیەك نەبوو بۆ ئەودیوی ژیان
مردنێک نەبوو، شەنگ  شەنگ موژدە بێ بۆ شەوان
گەر لەوێ لە درزێکەوە تیشکێکی خۆری گریاو 
یا بایەکی ڕۆژکوێری شێواو
 یا چەند گەردێ لە تۆزی دڵشکاو 
یا زمانی کڵپەیەك ئاگری تۆراو 
بەژوور کەوێ
 دەبێ  نزایەکم........ مرازێكم..... نوزانەوەیەکم لە چوارچێوە نەگرێ و
 بەرەو پەرستگای لالشی لەکۆڵ نەکا؟
دەبێ لەسەر بەرماڵی ڕوو لە خۆری ئەو قەومە هاوار و فیغانێکی نەگاتە خوا 
ئەبێ چمکێکی ئەم کۆستە یا کزەیەکی ئەم برینە تەڕە
 نەدا لە شەقەی باڵ و بەرەو هۆڵی دادگاکان 
 یا بەرەو نێو تــــای  ترازووی مافی نێودەوڵەتی نەبا؟
یا تاسەیەکم بە لۆژەلۆژە بەرەو زێدی کۆجۆ نەچووبێ و
 نەبووبێتە پەیکەری دیلێ؟
لێرە من...........
هەر دەستەوەستانی دەمبێژێ
هەر چرکەیەك بەساڵ عومرم دەژمێرێ
هەر ژەندرمەیە و لیستی شەوی دەنێرێ
خۆ  لێرە هەر من زیندان و دیل نیم...
ئەوە ئەستێرە و ئەوە مانگ و ئەوە خۆر و ئەوە هەموو فەلەک
  هەموو کەون و قەوم و قیلەی ئەم دەڤەرە بە ڕچەڵەك، 
ئەوە مافی مرۆڤ و ئەوە یو ئێن و ئەوە جاڕی نێودەوڵەتی،
 ئەوە کراسی بێ ئیرادەی خۆماڵی و ئەوە ترسنۆکی و 
ئەوە چاوی دونیای سەرمایەداری پڕ لە تانە و بەڵەك،
  هەر من لەوێ زیندان و دیلی نێودەوڵەتی نیم، 
ئەوە کۆنفڕانسی پشت پەردەکان و ئەوە بانقی نێودەوڵەتی و
 ئەوە حاکمی یەخسیر و ئەوە سیخوڕی نێوخۆیی
هەموو هەوێنی زاد و ئیمزای ڕەزامەندین
بۆ هەڵهێنانی بۆکۆحەرام و ئەسپێی هزری وێرانکرنی ڕافیدێن و
بۆ ڕۆچوونی ئەفغانستان و پەرێزخستنی ئەفریقا و
 فاشیستێکی سەر گیرفانی تورکیا
...............................................................................................
دەڵێن ............ دەڵێن جوانەمەرگ، مەرگی جوانە!
 ئێمە هەموو لێرە جوانەمەرگین، کەچی هیچ جوان نین!
 دەسکەنەی دەست ئەسحابەکانین و گوڵ نین
کانی سەر لێوی دڕندە و دیلی چەمی وشکی ویژدانی بەناو ئینسانین
لێرە هەموو ژورێ.........
لێرە هەموو ژوورێ... کتێبێکی خوای لێیە و کەچی خۆیان خوێندەوار نین...
ئەم چارۆکە پڕ لە نەوای ڕوح و پڕ لە سەدا بریندارەی ئێوە
پڕ لە ناڵەی فیراق و چاوەڕوانی و غەدرەی ئێوە
پڕ لە لەرەی نهێنی و کۆتری کوژراو و نەفسە دیلەی ئێوە
بەجێمناهێڵێت...
 چمکێکی وا لە ژووری پەرستگای لالش و 
چمکێکی وا لە مەودای فەناکان و 
چمکێکی وا لە لە هۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و 
چمکێکی وا لە سەر پلان و نەخشەی ناتۆ و
......دواتر بۆنی چارۆکەی پڕ لە ناڵەی سوێسکەی ڕوحتان
وا لە نێو چاوی یو ئێن و بانکی نێودەوڵەتی ناسەربەخۆ
ئەوەی چقڵی سەرسوڕمان و رامانە
 ئەوەی ژەکی ژەهر و فەرمانە
هەر یاسا بێ یاساکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و
 هەر چڵێسیان بۆ سامانە
 هەر چەقی چاوی جیۆپۆلیتیک و 
هەر ، ئاسمان بە کۆتری باڵکراو 
 زەوی بە مینی تەوقیتکراو دەخوێننەوە
و ئەفسەر بە پلانی هەڵاتن و
 فەرمان بە ئیمزای ئوردوگان و
  بە شەرتی پاکیزەیی پەڕی باڵندەی تاوس بوو  
 لەم شەوەزەنگە ئەنگوستەچاوەدا چەند پەڵەدارە داری ئازادی
 چەند نەزۆکە مێژووی خەبات
چەند حەقیقەتێکی پڕ لە نوزەیە سوپای هەڵات
ئێوەش وەکو گوڵی هەڵپڕوکا و چرۆی ژاکاو 
ئەوەی یاوەرتان بوو
 ترسەنیگای بێ فریا و شنەی لە سێدارەدراو و
قیژەی خنکاو بوو
 تیغێکی تیژی خۆزگەی مردن و
موژدەی ڕوحە تەماویەکانتان بوون
وەرن خۆمان بە یەقین بناسێنین 
بە گەمەی خیانەت و بە بیردۆزی تاڵانی و
 بە سەودای کڕینی جەهەننەم بۆ پەراوێزنشینەکان...
لەوێ ...لەو شاڕێی ئاوارەییە، شەهامەت چی بوو؟
مەتارەیەك ئاو بوو بۆ مناڵ
بڕینی فەرسەخێك ڕێگا بوو....... بە باڵ
پەنایەك ...قەدپاڵێك...لاڕێیەك..... بـووبووە ساڵ
گەواڵە بارانێك تاسوق بوو و نەبوو لە ماڵ
دڵۆپەئاوێك بوو هیچ تاشەبەردێك نەیدەدەڵاند
..............................................
سورمێ دیلەمانی هەزارەی سێیەم..........
کاتێ لەرەی دەنگتان... نێو هۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی وەکو نێو ژووری سێدارە سڕ کرد
کاتێ زەلیلیتان دەگێڕایەوە و سوێی ژانتان دەبووە  زمانی ئاخاوتن
کاتێ هەموو دونیا هەستایە سەرپێ و سوجدەی بۆ باری قورس و ناخی سووتاوتان برد
کاتێ هەموو جیهان گوێقوڵاغی تراژیدیای نێو چاوتان بوون
کاتێ خەیاڵ بەرەو دونیای بازاڕی عوکاز و بازاڕی کڕین و فرۆشتنی سابایای دەبرد
هەر ئەو کاتە  قەڵەمی مافی مرۆڤ دەشکا و 
زمانی  نێونەتەوەیی ڵاڵ بوو و نیگاکەی لە بۆتەی تاوانی خۆیدا دەخنکا ......
ئیوە باڵای زریانن و دژی نەمانن
ئێوە هەر یەکێکتان تاجێکی مرۆڤایەتین
تاجێك بۆ سەر چرای ڕێگا
تاجێك بۆسەر بیری جودا
تاجێك بۆ عیشقی خودا و 
تاجێك بۆ بەرخودان و بەها
ئەوان....ئەوان....
.ئەوان هەر لوولەی پڕ لە نەوتیان ئاودیو نەدەکرد
ئەوان...ئەوان
چاوی قەزوانی کچانی کۆجۆ و کەزی خەناوی  شنگال و
 باڵای سنەوبەری پەری  و ڕوحی پاکیزی عەوداڵ و
 شنەبای هەناسە و گلێنەی  پڕ لە نووری مناڵ و
 پەنجەی شوشەیی بەرتەنوور و
 سوێندی مرازەکانی تەواف و 
کچە گورج و بەخەبەرەکانی سپێدەی گوندیشیان هەڕاج کرد
 ئەو خەندە پەریزادانەی............ خوا دەزانێ ئێستا 
لە توێی کام تاوانا لە گۆ کەوتوون و
وەکو خەڵوز و قەقنەسیان لێ هاتووە،
 ئەوان چیان هەڕاج نەکرد،
ئەوان چیان نەکردە بەربوك 
تا پایەی سەکۆکانی مینبەر درزێکی تیا نەکەوێ
 تا مەڕمەڕی داڵانەکەی فەتوای سوڵتان نەلەرێ
خۆ من لە گومانا لەدایك بووم، 
لە گومانا قومات کرام،
 لە ترسی هەڕەشەی خوایەکانی سەرزەوی
 لەگەڵ گومانا سەرخەوی شەومان دەشکان
ئەوسا لە هاڕەی بۆمبا و لە قەڵەمی ڕاپۆڕت و لە تەقەی دەرگای شەو ڕادەچڵەکاین، 
ئێستا بە چرپە ڕادەچڵەکێین
بە چرپەی نێوان ستونی ژورەکانی نێو ماڵێکی  گومڕای چەند دەرگا
ئێستا لە دۆزە دۆزەی ژیانداین بە شوێن 
هەناسەیەك لە دڵنیایی ، تارماییەك لە شەبەقی شەرمن 
دروێنەی پێدەشتێك لە زاد
گومانیش هەر یاوەری  هەناسە بوو و
هەر پوشێكی سەر ئاو بوو
 بۆ بەرەو پەڕینەوە لە زەلکاوەکانی وڕێنە و پشکۆی ختورەکانی دڵ..
چارەکە سەدەیەك بوو جاڕمان دەدا: 
ئێمە قوربانی غازی خەردەلی لابورەکانین، ئێمە بە چەکی ئەوان پاکتاودەکرێین
 ئێمە قوربانی و ئێمە جینۆساید و ئێمە قڕ دەکرێین
هەتا چرپەکانی زمانی زکماک هاوارێکی هاودەنگ و هاوڕەنگی لە بینی مەلەك تاوس چاند و بروسکەی  لە هەوری خۆماڵی کردە میوان و ئاسمانی تۆرا و زەوی شەق بوو..............
ئێستا گومان گوزەشت....ئێستا بۆنکروزی حەقیقەتە...حەقیقەتێکی تاڵ
ئێستا بۆنکروزی حەقیقەتی نیشتیمانێك لە دەستی دوو
  ئێستا قافڵەی پەریەکانی ژێر دەواری مەلەك تاوس
 بە سواری ئەسپی  سەرای حەقیقەت بەرەو خوارتر لە  عەرعەر 
قێزەوەنتر لە نوگرە سەلمان ...
بروانن : بڵندگۆکان چۆن بە سەدەها گێژەلوکەی سەرپێی 
میللەتێ لە سێگۆشەی بەرمۆدا دەسوڕێنێتەوە...
بڕوانن  چۆن کامێراکان لەسەر پایەی گومڕایی کردن  چەقیون
چۆن ڕوباری سوێری دۆلار بۆ کەناڵە شێواوەکان بەخوڕ دێن
بڕوانن چۆن نواندنی دۆبلاجەکان دەرمانی هۆشبەرن و بۆ کێن؟
 بڕوانن چۆن بزماری چاویلکەی ڕەش لە تابوتی  هەموو پیرۆزیەكان دادەکوترێن؟
 بڕوانن ڕەوە گەنجی لە هەڕەتی تین و توانا چۆن ڕیسوا و گومڕا دەکرێن؟ 
بڕوانن زانکۆکان چۆن سڕ دەکرێن، 
ئەستێرەکانی جوانیش بە گوللە و بە مشتێ نەوت و بە بلۆکی بەرد دەکوژرێن،  
ئەم خاشاکی فەرمانڕەوایی و ئەم گەشەی ستەمە 
 ئەم  هەڕاجی ئیرادە و ئەم دەبەنگی  سەردەمە،
 ئەم تاوان و ئەم غەدرە بێ  وێنە و دەگمەنە، 
وا لە نێو چاوی برسیەك وا لە خۆزگەی گەنجێکی بەردەرکی سەرا و شێخەڵڵا،
 وا لە نێو نیگای تیژی ڕامانێکی سەر پردەکەی کۆڕنیش
 وا لە خەیاڵی خۆزگەیەکی شورا بەرزی دایکێکی بێوەژن 
وا لە خەونێکی پەمەیی ئەو ڕەوە نەوجەوانە باڵکراوانە
وا لە نێو گەردیلەی تۆزە نیشتووەکانی سەر بڕوانامەی هەزارەها دەرچوی ئەم زانکۆ شێواوانە
 وا لە سەر حەسرەتە پیرەکانی هەموو نیشتیمان..
.ئەم دەنگەژێی باڵادەست و خەواڵوانە 
ئەم بەفیڕۆچوونی تەمەن و ئەم شەهیدی دەستی قاسەپەرستانە،
 دەبێ پۆشاكی چاو بگۆڕن، هاوێنەی چاو بەسەر پەنجەرەی حەقیقەتدا هەڵێنن
ئەی ژیان..........چارەکە سەدەیەکە
 من ناوم چاوەڕوانی و تۆش ناوت نەگەیشتن 
من ناوم حەسرەت و تۆش ڕێگرتن
من ناوم بێدەنگی و تۆش قۆرخکردن 
من ناوم ڵاڵ و بیدەنگ، تۆش هەر ( دوێنێ )  پەرستن
 چارەکە سەدەیەکە باگردێنی چاوەڕوانی وا ژیان دەکوتێتەوە و 
بنمیچی ڕۆژگاریش  هەر هەڕەشەکردن
چارەکە سەدەیەکە چوارچێوەی یەك دەموچاو 
هەر خۆی تەوربەدەست و هەر خۆی  قەڵەمی ئیمزا و 
ڕەنگی ئەم بێزاریەش هەر نەگوڕا
چارەکە سەدەیەکە جەژنی ئازادی هەر بێ سەدا
 چارەکە سەدەیەکە
 لە گەڵ شەقامە توڕەکان و باخچە توینووەکان و ژورە تاریکەکان ڕۆژ دەژمێرین 
لەگەڵ گۆڕستانەکان پەیمان ئیمزا دەکەین و 
لەگەڵ ژیان سەبووری نۆش دەکەین.
چارەکە سەدەیەکە من لە سەر کەشتی گومان و 
ئێوە لەسەر پردی  بوون و مان
ئیدی من لە ژێر لیزمەی ئەم بارانی درۆ و گەندەڵیەدا
فێری تیمارکردنی ئەو دڵە شکاوانە نابم..کە دەبنە دیاری سەر شانۆی مەرگ
ئیتر لاسکی سەوزی ئەو باڵا شەکەت و شکاوانەم پێ ڕزگار ناکرێت
 کە دەستی گڵاوی زێڕنگەرەکانی سەردەم دەیقرسێنن...بۆ سەر مێزی شەوکوێرەکانی خۆی
ئیدی من لە سەر ئەم عەرشی دڕندانەدا.. ناتوانم داوی ڕەش و سپی خۆماڵی ....
پێکەوە تەون بکەم و لە جیاتی ناز....مناڵێکی بێ نازی پێ داپۆشم..
ئیدی فەرشی بەرپێی ئەم حوکمڕانیەم پێ خاوێن ناکرێتەوە، کە دڵۆپی عار و پەڵەی تاوان سەرڕێژی کردووە
ئیدی ئەم پلیکانە ڕوو لە مینبەرانەم پێ گسك نادرێ، کە خوڕافیات کرمڕێژی کردووە
ئیدی هیچ گۆرانیەکی کەنار دەریا بەرەو ڕۆمانسیەتی چیام ناباتەوە
ئیدی ئەم چارەکە سەدەیە دەبێتە مێژوویەکی موزەیەف و گڤەی پەندێکی ئەبەدی..
دەبێتە تورەکەی سواڵکردنی ملی قەومێك
بۆ سواڵکردنی سەرکردەیەك.. لە نەسڵی خاك و ڕەگێکی خاکی
سەرکردەیەك لە سێبەری لی کوان یو و ماندێللا
سواڵکردنی مسقاڵێك ئەمەك ...تۆزقاڵێك غیرەت
سواڵکردنی گرامیك تۆوی خۆنەویستی
میکرۆگرامێك لە دەرمان بۆ شوشتنەوەی کاژێكی خیانەت.