فەتانە وەلیدی، ژنە ڕەچەشکێنەکەی هونەری کوردی کۆچی دوایی کرد

فەتانە وەلیدی، هونەرمەندی پێشەنگی  کورد و یەکێک لە یەکەم ژنی گۆرانی بێژی ڕۆژهەكاتی کوردستان لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

فەتانە وەلیدی، ژنە گۆرانیبێژی ڕۆژهەڵاتی کورستان کە سەرەڕای داب و نەرییتەکانی کۆمەڵگە کە دژی گۆرانی وتنی ، دیسان هەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بە ئارەزووەکانی دادەنا و بووە ئیلهامبەخشی ژمارەیەک هونەرمەندانی ژن و تەنانەت پیاو لە کوردستان، دوێنی ٢٤ ئەیلول ٢٠٢٤ لە تەمەنی ٧١ ساڵی دا لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

 

"فەتانە، تەمەنێکی هونەری کورت، بەڵام دەنگێکی هەمیشە زیندوو"

فەتانە وەلیدی لە ساڵی ١٩٥٣ لە بنەماڵەیەکی هونەری لە شاری سنە لە دایکبووە. هەر لە منداڵیەوە بە هۆی ئەوەیکە باوکی گۆرانیبێژ دەبیت لە خێزانێکی هونەریدا گەورە دەبێت، لە حەسەن کامکارەوە دەست بە فێربوونی میوزیک دەکات و ڕۆحی گەشە دەکات.

 

لە تەمەنی ٧ ساڵیدا لە ڕێگای باوکی و حەسەن کامکار زیاتر ئاشنای جیهانی میوزیک دەبێت، بە کاری هونەری دەکات و لە کۆمەڵگەیەکدا کە گۆرانی وتنی ژنان نائاساییە، لە ڕادیوی سنە گۆرانی تۆمار دەکات و ناوی وەک یەكێک لە یەکەمین ژنانی دەنگخۆشی گۆرانی بێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مێژوو هونەری کوردی دا دەمێنێتەوە.

 

فەتانە لە خوێندگەی باڵای میوزیک لە تاران خوێندوویەتی، بە  گۆڕانی " سەبری گوڵفرۆش" هەنگاوی بەرەو مەیدانی هونەر ناوە، هەرچەندە ژیانی هونەری کورت بوو بەڵام پڕ بووە، فەتانە توانیویەتی ٥٦ گۆرانی لە ڕادیۆ سنە و کرماشان تۆمار بکات، بەڵام تەنها یەک ئەلبومی لە بەردەستدایە.

 

ژیانی ھونەری فەتانە وەلیدی بە ھۆی باری نالەباری ژیان و نەخۆشی دەروونیەوە زۆر زوو کۆتایی پێ ھات. بەڵام لەو تەمەنە کورتەشدا توانی ڕۆڵێکی مێژوویی لە ھونەری میوزیکی کوردیدا ببینێت.