ژن و ژینگە سیما دیارەکەی سەدەی ٢١

کەژاڵ ئەحمەد - نووسەر

بزووتنەوە فێمینیستییە مۆدێرنەکان  کە خۆیان لە رێکخراوەکانی ژنان و نووسەران و بیرمەندانی ئەو بوارەدا دەبیننەوە، باوەڕیان بە فێمینیزمی ژینگەیی "Ecofeminism"هەیە، کە بەشێکە لە زانستی نوێی لێکدانەوەی هزری و فەلسەفی بۆ دنیای ئەمڕۆ، لێکدانەوەکەش تەواو ژنانەیە. راستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە، زۆرینەی خوێنەری کورد زانیارییان لەسەر ئەو سیما نوێیەی خەباتی ژنان لە سەدەی بیست و یەکدا "واتا ئەم سەدەیە" نییە. هۆکاری ئەمە بۆ کەمیی نووسەری ژن و خەمساردیی بەشەکەی دیکەمان لە باشتر گەیاندنی ئەم بیرۆکە مرۆییە دەگەڕێتەوە. بۆخۆم ئەوە دووەم جارە باسی فیمینیزمی ژینگەیی دەکەم، یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٢١دا لە سیمپۆزیۆمێکی زانکۆی راپەڕین بە بۆنەی هەشتی مارس-ەوە باسێکم پێشکەشکرد سەبارەت بە مێژووی بزووتنەوەکانی ژنان و جۆرەکانی فیمینیزمی جیهانی، ئیدی نەگەڕامەوە سەر ئەو باسە تا ئەم چرکەیە،  لەبەرئەوەی راونینێکی پێشوەختەی کوێرانە هەیە بۆ وشەی فیمینیزم و جێندەر و بزووتنەوەکانی ژنان و هەموو ئەو خانمانەش کە لەو بوارەدا ناوی دیارن و خەباتدەکەن. بۆئەوەی دووبارە هەوڵی ناساندنی ئەم شێوازە لە تێکۆشانی ژنان بدەم بۆ هەمووان لەوێوە دەستپێدەکەم کە خۆم دەستمپێکرد، بۆ پێداویستی ئامادەکردنی تێزی دکتۆرا و ماستەر، هەندێ مامۆستای بەڕێز داوای ئەو شیعرانەمیان کرد کە مەسەلەی ژن و ژینگەی کوردستانی تێدا بەیەکەوە گرێدراوە، کە پرسیارەکانم دەخوێندەوە و ئەو شیعرانەم دەنارد بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانە، هەستم کرد پێویستم بە زانیاریی هەیە سەبارە بە چەمکی ژن و ئیکۆلۆژی "زانستی ژینگەیی"، لەبەرئەوەی بەبێ مەبەست لەو جیهانی بیرکردنەوەیەدا شیعرم نووسیبوو. فیمینیزمی ژینگەیی چەوساندنەوەی چین و توێژە پەراوێزخراوەکانی وەک ژن و منداڵ و رەشپێست و هەژارەکانیان دەبەستەوە بە باڵادەستیی پیاوسالارانەوە، کە بڕیاری شەڕ و کوشتار دەدەن و زۆربەی قوربانییەکان ژنن، بۆ نموونە داعش هەزاران ژنی ئێزدی کردووە بە کۆیلەی سێکسی و بەشێکیانی کوشتووە و بەشێکی زۆریان چارەنووسیان نادیارە و ئەوانەی گەڕاویشنەتەوە منداڵیان بووە لەو ناپیاوانە و کۆمەڵگە و دیانەتەکەیان ئەو منداڵانە قبوڵ ناکەن، کەواتە داگیرکردن و وێرانکردنی ژینگەی شنگال ژنانی ئەو دەڤەرەشی وێرانکردووە، کە ئەمە حاڵەتێکی تایبەتە بە ژنەکان، بەڵێ نێرەکان لێیان کوژراوە بەڵام بەو ژمارە زۆرە نەکراونەتە کەنیزەک و منداڵیان نەخستۆتەوە لە ژنی موسڵمان. ئەگەر نموونەی روونکردنەوەکەم بگوازمەوە، بۆ بواری ئەدەب، ئەوا پێتان دەڵێم هان کانگ خەڵاتی نۆبڵی لەسەر (گژوگیاخۆر- نەباتی) وەرگرت کە سەر بە تەوەری فیمینیزمی ژینگەییە. ئەگەر ئەو گێڕانەوە مێژووییەش بە هەند وەربگرین کە ژن کشتوکاڵی داهێنا و پیاوانیش هەر لە ئەزەلەوە راوچی بوون، ئەوا لەو بنەما فیکرییە بە ئاسانی تێدەگەین کە بۆچی ژن و ژینگە بەیەکەوە پەیوەستن.