لە مەدوساوە بۆ ڕۆژئاوا؛ دەوڵەتێک کە لە کەزییە هۆنراوەکان دەترسێت

ئەسرا بیلەن - نووسەر

 ئایا پێویستیمان بە هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بەرگێکی جیاواز لە یاخیبوون بپۆشین و خۆمان لەناو بەرهەڵستکارێکی یاخیبوودا بهۆنینەوە؟ (١)

دیمەنی کەسێک کە پەیوەندیی بە چەتە جیھادییەکانی سووریاوە هەبوو، بڵاوکرایەوە کە پرچی شەڕڤانێکی ژن دەبڕێت و وەک دەستکەوت لە سۆشیاڵ میدیادا نیشانی دەدات. لە دیمەنەکەدا، ئەو کەسەی پرچەکەی بە دەستەوەیە، بە زمانێکی گاڵتەجاڕانەوە نیشانی دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە “تەنها ئەمە” لەو ژنە ماوەتەوە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دیمەنانە، ژنان لە کوردستان و لە جێگەی جیاوازی جیهانەوە دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کورت کە تێیدا کەزی-پرچیان دەهۆننەوە. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی گرتووە، لەسەر بنەمای پرچی شەڕڤانێکی ژنی شەهیدکراو گیراوە و بە ئاشکرا تاوانی جەنگە، لە تورکیا دەژی.

 

لە ڕۆژگارێکدا کە گفتوگۆ لەسەر داننان بە کورد لەسەر بنەمای هاووڵاتێتی یەکسان دەکرێت، چاوەڕوان دەکرا یاسا – نەک وەک قامچییەک لەسەر کورد وەک ١٠٠ ساڵی ڕابردوو- بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان کار بکات بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسەی کە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە، بەڵام لێپرسینەوە لەو ژنانە دەستی پێکرد کە ڤیدیۆی هۆنینەوەی پرچیان بڵاوکردبووەوە؛ دەستگیرکردن، پشکنینی ماڵان، چاودێری دادوەری و دوورخستنەوە لە کار بۆ فەرمانبەرانی حکومی ڕوویاندا. لە بەرامبەردا، هیچ هەواڵێکی پشتڕاستکراو نییە کە لێپێچینەوە لەو کەسە کرابێت کە پرچە بڕاوەکەی وەک دەستکەوت نیشانداوە و بە ئاشکرا سووکایەتی پێدەکات. چیرۆکی ١٠٠ ساڵە دووبارە بووەوە؛ ئەو کەسەی سوکایەتی بە کورد و بەهاکانیان دەکات، نادیدە کرا. ئەو ژنانەی چالاکی نافەرمانی مەدەنییان دژی ئەو دەستپێکرد، سزا دران. ئەمە ناکۆکیەکی یاسایی نییە، بەڵکو بژارە. ژنان ئەم بژارە دەبینن و ئەم چالاکییە نافەرمانییە مەدەنییە زیاتر گەورە دەکەن.

 

لە میتۆلۆژیادا، وێنەکانی پەت، گرێ، پرچ و هۆنینەوە، وەک شێوازێکی ڕێکخستنی ڕێوڕەسم لە دژی پەرشوبڵاوبوونی جیهان دادەنرێن. لە بەرامبەر گێژاو، پەرتەوازبوون یان مردن، ڕێوڕەسم هەیە، نەک یاسا. ڕێوڕەسم فەرمان ناکات، دووبارەی دەکاتەوە و لەم ڕێوڕەسمەدا جیهان تەنها ئەگەر بهۆنرێتەوە بەپێوە دەمێنێتەوە. هەر بۆیە بڕینی پرچی شەڕڤانێکی ژن و نیشاندانی وەک دەستکەوت، دڕندەییەکی هەڕەمەکی نییە. ئەمە کردەوەی تێکدانی ڕێکخستنەکراوییە بە واتا میتۆلۆژییەکەی. بە واتای ڕاگەیاندنی پچڕاندنی ئەو پەیوەندییەیە کە ژن لەگەڵ جیهاندا هەیەتی. لە بەرامبەر ئەمەدا، هۆنینەوەی پرچی ژن، ڕێوڕەسمێکی بەرهەڵستکارانەیە، بە واتای دووبارە هۆنینەوەی ئەو پەیوەندییە دێت بە کەزییە پچڕاوەکەوە.

 

بەڵام ئایا بەڕاستی هۆنینەوەی کەزی دەکرێت وەک بەڵگەی تاوان ئەژمار بکرێت؟ وەڵامی کورت: نەخێر. وەڵامی درێژیش ئەوەیە؛ جگە لە بێمانایی پەیوەستکردنی کەزی هۆنراو کە یەکێکە لە کۆنترین ڕێوڕەسمەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لەگەڵ ڕێکخراوێکدا، بانگەشەی ئەوەیە کە کردەوەیەکی لەم شێوەیە هەستی ڕق لای خەڵک دروست دەکات بۆ پەنابردنە بەر توندوتیژی، هیچ پاساوێکی یاسایی نییە. بە پێچەوانەوە، ئەم چالاکیانە شێوازێکی ناڕەزایی ئاشتیانەن کە دژی دەستدرێژیی چەتە جیھادییەکانە بۆ سەر ژنانی کورد. بۆیە گومانی تێدا نییە کە چالاکییەکانی هۆنینەوەی کەزی تاوان نیین و لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕیندان. بۆ ئەوەی تاوانی پڕوپاگەندەی پلانکراو کە ژنانی هۆنەری کەزی پێی تۆمەتبار دەکرێن پێکبێت، پێویستە شێوازی دەربڕینەکە بە شێوەیەک بێت کە هەستی توندوتیژ دروست بکات و ڕقێکی بێمانا بخوڵقێنێت و ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک پەنا بۆ توندوتیژی بەرن. بەڵام سەیرکەن، نەک کردەوەی چەتە دڕندەکان کە تەرمی شەڕڤانە ژنەکان لە بیناکانەوە فڕێ دەدەن و دڵی گەنجە کوردە دیلەکان دەردێنن، بەڵکو هۆنینەوەی کەزی وەک تاوان ئەژمار دەکرێت.

 

هەوڵی دەوڵەت  "دەوڵەتی تورکیا-وەرگێڕ" بۆ پێناسەکردنی ئەم چالاکیە وەک “پڕوپاگەندە”، نەک لە ناچارییەکی یاساییەوە، بەڵکو لە ترسی مێژووییەوە دێت کە کەزی هۆنراو دروستی دەکات. ئەم ترسە کاردانەوەیەکی کاتیی ئەمنی نییە. ئەم ترسە یادەوەرییەکی تراوماتیکییە کە لە ئەقڵی دەوڵەتی پیاوسالاردا چەسپاوە و بۆ نەوەکان گوازراوەتەوە. میتۆلۆژیا زۆر زوو ئەم یادەوەرییە ئاشکرا دەکات. چیرۆکی مەدوسا یەکێکە لە ڕوونترین نموونەکانی ئەمە. چیرۆکی مەدوسا، چیرۆکی جانەوەرێک نییە کە دواتر خرابێتە ناو پانتایۆنی یۆنانییەوە؛ بەڵکو دەکرێت وەک سەرکوتکردنی ژنێکی چیانشین بخوێنرێتەوە کە تا پەرسەکان درێژ دەبێتەوە. مەدوسا لەسەر ئەم هێڵە، گۆرگۆنێک(٢) نییە، بەڵکو شازادەیەکە کە بە ڕیشەی لەسەردەمەی مەد-فارسە، ژنی چیاکانە. کاتێک سیستەمی خودای پیاوانە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم فیگۆرەدا بکات، سەرەتا لە ناوەندەوە دەری دەکات، دواتر لە پەرستگادا زیندانی دەکات و دواتر بە جەستەی سزای دەدات. بەم شێوەیە؛ مەدوسا سەرەتا لە پەرستگایەکدا کە لە ناوەندی سیستەمی پیرۆزی پیاوسالاردایە، زیندانی دەکرێت و لەوێ دووچاری دەستدرێژی نێر-خوداێک دەبێت. دوای ئەم دەستدرێژییە، هەرچەندە ئەو قوربانییە، بەڵام دادپەروەری پێچەوانە دەکرێتەوە و جەستەی مەدوسا سزای لەسەر دەدرێت و پرچی دەکاتە مار. واتە نەفرەتەکە لە پرچەکەدا بەرجەستە دەبێت.

 

کۆڵ "لۆچی هۆنینەوە"، ئەو شوێنەیە کە پەیوەندیی ژن لەگەڵ جیهاندا، یادەوەری و بەردەوامییەکەی تێیدا دیارە و هەر لەبەر ئەم هۆکارە وەک هەڕەشە کۆد دەکرێت. ئەو پەیوەندییە دێرینەی لەگەڵ ژیان، زەوی و ژێر زەویدا هەیەتی، ئەمجارە وەک ” جانەوەر” نیشانە دەکرێت. کاتێک دەسەڵاتی پیاوسالار ناتوانێت لەگەڵ ژنێک بژی کە سەرنەوی ناکات، بە دێوەزمەکردنی هەوڵ دەدات لە ناوی ببات. مەدوسا کە تووشی دەستدرێژی خوداێک دەبێت، ڕووبەڕووی نەفرەت دەبێتەوە نەک دادپەروەری، ئەمە تراومای پلانڕێژکراوی دەسەڵاتی پیاوسالار ئاشکرا دەکات. پیاوسالاری تەنها بە ترسناککردنی جەستە و ئیرادەی ژن کە ناتوانێت ئەقڵی کۆنتڕۆڵ بکات، دەتوانێت بەڕێوەی ببات. ئەمڕۆ تاوانبارکردنی کەزی هۆنراو، دەربڕینی ئێستای ئەم ترسە دێرینەی دەوڵەتی پیاوسالارە. دەوڵەت لێرەدا تاوانێک سەرکوت ناکات؛ هەوڵ دەدات ئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات، دووبارە نادیدەی بکات. چونکە ئەو وەڵامەی ژنان بە هۆنینەوەی کەزییان دەیدەنەوە، جوڵەیەکە کە نەفرەت لە مەدوسا پێچەوانە دەکاتەوە. ڕەتکردنەوەی ناوزڕاندنی جانەوەریی و دێوەزمەیی، بەردەوامبوونی دروستکردنی واتایە لەو شوێنەی کە دەخوازرێت بترسێنرێت.

 

بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، چیرۆکی سەرکوتێکی کاتی نییە، بەڵکو ئاماژەی دابڕانێکی گەورەترە. کاتێک دەوڵەتی پیرۆز لەبەرامبەر کەزی هۆنراو شەڕ دەکات و بە دەستگیرکردنی ژنانی کەزی هۆنراو، “هێز”ی خۆی نیشان دەدات، ژنان بە پێداگرییەوە بەردەوامن لە گەورەکردنی ئەم چالاکییە. چونکە ژنان هێزی دروستکردنی واتا وەردەگرنەوە. ئەمە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی نماییش یان سیاسەتی هێمایی نییە. ئەمە پراکتیکی ڕازی نەبوونە بە سوکایەتی، پێداگرییە بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادەوەری. کاتێک یاسا بۆ سەرکوتکردنی ئەم بڕیارە بەکاردێت، یاسا لاواز دەبێت؛ بەڵام ڕێوڕەسم بەهێز دەبێت. ئەو ژنانەی ئەمڕۆ هەوڵی سزادانیان دەدرێت، ئەمە دەزانن. هەر بۆیە ئەم چالاکییە بەردەوامە لە گەشەکردن.

 

چونکە سەرەڕای ئەوەی هەوڵی قەدەغەکردن و سزادانی کردەوە جەستەیی و ڕێوڕەسمییەکانی ژنان لە درێژایی مێژوودا دراوە، بەڵام لەناو نەچوون، بە پێچەوانەوە، زۆر بوون و بۆ ئەو بوارانە بڵاوبوونەتەوە کە دەسەڵات ناتوانێت دەستتێوەردانی تێدا بکات. هەر بۆیە بە ئامانجگرتنی کەزی هۆنراو، کێشەیەکی ئاسایشی نییە، بەڵکو دەربڕینی قەیرانی ڕەوایەتییە. دەوڵەت لێرەدا ڕێگری لە تاوانێک ناکات؛ دان بەوەدا دەنێت کە کۆنترۆڵی واتای لەدەستداوە. سەیرە، تەنانەت چەتە دڕندە خوێنمژەکان ناتوانن ئەوەندەی هۆنینەوەی کەزی ملیۆنان ژن، ترس لە دڵی دەوڵەتی پیرۆزدا بچێنن. دەڵێن، ڕەنگە ئەوان ببنە دراوسێمان، بەڵام با ژنانی کەزی هۆنراو لە تەنیشتمانەوە نەبن. ئەم کاردانەوە و ترسە، هەڵوێستێکی پێچەوانە نییە کە ژنان لە ڕووی مێژووییەوە نامۆ بن پێی. لە ڕاوی ‘جادووگەر’اندا، لە کردارەکاندا بە دوای تاوانەکەدا نەدەگەڕان بەڵکو لە جەستەدا بەدوای دا دەگەڕان. ئەمڕۆش هەمان لۆژیک بەکاردێت: کێشەی سەرەکی کەزی هۆنینەوە نییە؛ ئەوەیە کە لەوانەیە لەلایەن کەسانی تریشەوە ئەنجام بدرێت. دووبارەبوونەوە هەمیشە بۆ دەسەڵات هەڕەشە بووە. بەڵام مێژوو ئەوەش نیشان دەدات کە تێکۆشانی ژنان بە سەرکوتکردن لەناو ناچێت؛ بەڵکو بۆ بواری زۆر فراوان بڵاودەبێتەوە. بەم ڕێوڕەسمە، هەزاران ژن بەردەوامن و بەردەوام دەبن لە هۆنینەوەی واتا و ژیان لەو شوێنەی کە شەڕڤانە ژنە کەزی بڕاوەکە بەجێی هێشووە.

 

(١)لە شیعرێک بە ناوی ”  “My Hair Starts the Revolution پرچەکەم دەست بە شۆڕش دەکات”ی کامیشا ئێڵ. جۆنز.

(٢) گۆرگۆنەکان لە ئەفسانەی یۆنانیدا، بوونەوەرە مێینە ‘ترسناکەکانن’ کە قژیان لە مار پێکهاتووە، بە نیگاکانیان زیندووەکان دەکەن بە بەرد. ئەوان سێ خوشکن بە ناوەکانی ستینۆ، ئوریالێ و بەناوبانگترینیان میدوسایە. زۆرجار بە شێوەی سەری ژنێک کە قژی مارە "گۆرگۆنیۆن" وێنا دەکرێن و وەک هێمایەکی پارێزەر/ترسناک بەکارهاتوون. ئەم میتۆلۆژیایە هێزی ژن نیشان دەدات کە بە گێڕانەوەی پیاوسالارانە چیرۆکەکە ئاوەژوو دەکرێتەوە وەک جانەوەرێک وێنا دەکرێت.