ململانێی نەوەکان لە ئەخلاقدا

کنێر عەبدوڵا- نووسەر

کۆمەڵگەی ئەمڕۆ لە سەردەمێکدا دەژی  گۆڕانکاریی کەلتوری و کۆمەڵایەتی خێرا بۆتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی «ململانێی نەوەکان» بەتایبەتی لەلایەنی ئەخلاقییەوە. جیاوازییەکی بەرچاو لە هەڵسوکەوت و چەمکدا هەیە، لەنێوان نەوەی رابردوو و ئێستادا کە هەندێکجار دەبێتە هۆی کەلێن لە تێگەیشتن و پەیوەندیی لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا. ئەمجۆرە ململانێیە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و لەلایەنی ئەخلاقییەوە بەڕوونی بەرجەستە دەبێت. 


نەوەی رابردوو، بەزۆری پابەند دەبن بە بەها و ئەو نەریتانەی لەسەری پەروەردە کراون، وەک گوێڕایەڵی رەها بۆ گەورەکان، داپۆشین لە جلوبەرگ، پابەندبوون بە دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە. 


نەوەی ئێستا کە لە سەردەمی کراوەیی و تەکنۆلۆژیادا گەورە بوون، بڕوایان وایە کە ئەخلاق دەبێت لەسەر ئازادیی تاکەکەسی و دیالۆگ و رێزی هاوبەش، بونیاد بنرێت، نەک لەسەر ترس و ملکەچی، ئەم ململانێیە لە زۆر حاڵەتدا خۆی دەردەخات لە شێوازی قسەکردن و ژیان و جلوبەرگدا، بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، تەنانەت لە چەمکی حەڵاڵ و حەرامدا لە کاتێکدا، نەوەی رابردوو هەندێک لە هەڵسوکەوتەکانی گەنجان بە "لادانی ئەخلاقی" وەسف دەکەن، بەڵام گەنجان ئەو کارەی ئەوان دەیکەن وەک دەربڕینی کەسایەتی و سەربەخۆیی خۆیان دەیبینن، بەڵام ئەم جیاوازییە ئەوە ناگەیەنێت کە لایەنێک راستە و لایەنەکەی تر هەڵەیە، بەڵکو ئەنجامی هەلومەرج و کات و ژینگە و کەلتوری جیاوازە، چونکە ئەخلاق رێژەییە و پەیوەستە بەکاریگەریی کات و شوێنەوە.


بە نموونە، نەوەی رابردوو پێیانوایە رێزگرتن ئەرکە بێ یەک و دوو، لەکاتێکدا نەوەی ئێستا بڕوایانوایە کە رێزگرتن دەبێت دوولایەنە بێت و لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن بونیادبنرێت. 


نەوەی رابردوو ئازادیی و بێ یاسایی بەیەکەوە دەبەستنەوە و نەوەی ئێستاش دەڵێن ئازادیی بەشێکە لە ئازادیی تاکەکەس. نەوەی رابردوو موجامەلە بە باش دەزانن و خۆیان لە رووبەڕووبونەوە بەدوور دەگرن، نەوەی ئێستا دەیانەوێت بە راستەوخۆ و روونی گوزارشت بکەن. 


نەوەی رابردوو پێیانوایە دەبێت رەچاوی جلوبەرگ بکەن بەپێی پاراستنی کەلتور، بەڵام نەوەی ئێستا بڕوایانوایە رووخسار ئازادیی تاکەکەسییە بۆ دەربڕینی خود. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان رەگەزەکان، نەوەی رابردوو سنووری توند دەگرێتەبەر، نەوەی ئێستاش باوەڕی بە کارلێک و کراوەیی هەیە لە چوارچیوەی رێزدا.


هۆکارەکانی ئەمجۆرە ململانێیە دەگەڕێتەوە بۆ، گۆڕینی بەها کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەریی میدیا و تەکنۆلۆژیا، جیهانگیری و کراوەیی کەلتوری و جیاوازی شێوازەکانی پەروەردە و خوێندن لە  نێوان رابردوو و ئێستادا.


بۆ چارەسەری ئەمە، پێویستە لێکتێگەیشتن و رێزی نێوان نەوەکان هەبێت، پەروەردەیەک لەسەر بنەمای هاوسەنگیی نێوان نەگۆڕ و کراوەیی دامەزرا بێت. نموونەیەکی باش لە گەورەکان لەگەڵ تێگەیشتن لە گەنجان لەبری ئەوەی رەخنەیان لێبگرن، هاندانی دیالۆکی بونیادنەر و قبووڵکردنی ئەوی تر و رێزگرتن لە بیروبۆچوونە جیاوازەکان رێگەی هاوسەنگییە، چونکە ئەخلاقی راستەقینە لەگەڵ گۆڕانی زەمەندا ناگۆڕێت، بەڵکو نوێدەبێتەوە بێئەوەی جەوهەری خۆی لەدەستبدات. 


ململانێی نەوەکان لە ئەخلاقدا دیاردەیەکی نەرێنی نییە، بەڵکو دەرەنجامێکی سروشتی گۆڕانکارییەکانی ژیانە، بەڵام سەرکەوتن لەوەدایە کە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت؟ ئەگەر پەیوەندیی نێوان نەوەکان لەسەر بنەمای رێز و لێکتێگەیشتن بونیاد بنرێت، ململانێ دەبێتە دەرفەتێک بۆ تێکەڵبوون و گەشەی ئەخلاقیی هاوسەنگ و کۆکەرەوەیەک لەنێوان رەسەنایەتیی رابردوو و رۆحی ئێستا.