کاتێک دەنگی رەسمیی وتەبێژی سەربازی ونە
پاڤێ جەمیل- ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی
لە ساتی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازی و ئەمنییەکاندا، خەڵک لەگەڵ سەلامەتی، بەدوای راستییەکانیشدا دەگەڕێن. کێ بەرپرسیارە؟ چی روویدا؟ لە داهاتوودا چی روودەدات؟ لەمکاتە سەختانەدا رۆڵی راگەیاندن و بە تایبەت وتەبێژی سەربازی و ئاسایشی نیشتمانی وەک دەنگی رەسمی کە دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی بە کۆمەڵگەوە دەبەستێتەوە، پێویستە رۆڵی خۆی هەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆرجار ئەم دەنگە ونە و دەرناکەوێت.
نەبوونی وتەبێژی سەربازی و ئاسایشی نیشتمانی پرۆفیشناڵ لە کاتی قەیران و جەنگەکاندا، تەنیا بە مانای نەبوونی لێدوان نییە، بەڵکو کەموکووڕی لە بەڕێوەبردنی گوتاری میدیایی ئەمنیدا دەردەخات. کاتێک رووداوێکی ئەمنی یان سەربازی روودەدات، سەرنج دەچێتە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیاکان کە هەواڵەکان بە خێرایی بڵاودەکەنەوە و پەخشی دەکەن، بەڵام بەبێ سەرچاوەیەکی رەسمی باوەڕپێکراو لێرەوە کێشەکە دەستپێدەکات. لەبری گێڕانەوەیەکی دروست و بێلایەن کە لەلایەن دەزگایەکی سەربازی و ئەمنی رەسمییەوە دەربچێت، میدیاکان چەندین رێگە و سەرچاوە دەدۆزنەوە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و لێدوان و شیکاری میدیایی لە بواری سەربازی و ئەمنیدا، تەنانەت هەندێکجار بە دزەپێکردنی زانیاریی گرنگ کێشە دروست دەکەن.
ئەم فرەییە لە زانیاری ئەوەندەی رەنگدانەوەی ناتەندروست لەلای وەرگر دروستدەکات ئەوەندە پەیامی گەیاندن و گواستنەوەی راستییەکان نییە، نەبوونی ناوەندێکی میدیایی سەربازی و ئاسایشی نیشتمانی کە توانای کۆنترۆڵکردن و گەیاندنی زانیاریی هەستیاری هەبێت، لە ئەنجامدا دۆخێکی ناسەقامگیر و شڵەژاو و هەندێکجاریش دڵەڕاوکێ لە نێو وەرگردا دروست دەکات، جەماوەر لەگەڵ ئەوەی پێویستی بە راستی و ئاگابوون لە زانیارییەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیشی بە شرۆڤەی عەقڵانی و واقیعییە لەسەر ئەو زانیارییانەی میدیا دەیخاتەڕوو. زانیاری میدیایی تەنیا هەواڵ نییە، بەڵکو چوارچێوەیەکە بۆ تێگەیشتن لە واقیع. کاتێک میدیا و دامەزراوەکان کار لەسەر ناڕوونی و ناردنی زانیاری لەسەر بنەمای ئەمنی و سەربازی بەرهەمدەهێنن، دواجار لە نەبوون و نا چالاکیی وتەبێژی سەربازی و ئەمنییەوە سەرهەڵدەدات. لێرەوە ئەم فەزایە بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ چەندین لێکدانەوەی نازانستی کە لەگەڵ هیچ پرنسیپێکی کاری میدیایی و سەربازی و ئەمنیدا یەک ناگرێتەوە، لەوانەیە هەندێکجار زانیارییەکان دژ بەیەک بن یان تەنانەت چەواشەکارانەش بن.