شکۆمەندی لە ئەشکەوتی جاسەنە

ئولکەم زەرەمیا -ڕۆژنامەنووس

سێ ڕۆژ بەسەر سووتاندنی چەکەکانی گەریلاکان لە ناوچەی ڕاپەڕین لە ١١ی تەمموزدا تێپەڕیوە، بەڵام سیحری ئەشکەوتی جاسەنە بەردەوامە. ئەو ناوچەیەی کە هەر زوو بوو بە شوێنی سەردان و سەرنجی میدیاکان. ڕۆژێک دوای مەراسیمەکە چووینە ئەوێ و کامێراکان ڕاست لە دەرگای ئەشکەوتەکە ڕیز کرابوون بۆ وێنەگرتن. باشترین وشەکان بۆ وەسفکردنی ئەشکەوتی جاسەنە کە بەدرێژایی مێژوو شوێنی زۆرێک لە بزووتنەوەکانی بەرخۆدانی کورد بووە، ڕەنگە وەک "پەناگە" و "شوێنی نیشتەجێبوون" بووبێت کە پارێزگاری دەکات و ژیان دەبەخشێت. لە سەردەمی ڕابردوودا خەڵکی ناوچەکە بۆ پاراستنی خۆیان لە هێرشەکان پەنایان بۆ ئەم ئەشکەوتە بردووە. تاشە بەردە بەرزەکانی لای ڕاست و بەرامبەری ئەشکەوتەکە، جێگەی ١٠٠ کەس دەگرێتەوە. لای چەپی ئەشکەوتەکە کە ڕووبەرێکی تەختی بچووکە، سەراو ژێر دەبێتەوە بۆ ناو دۆڵێکی قووڵ. ئەگەر ئەو ڕێگایەی بۆی کێشراوە لەبەر چاو نەگرین، سەرکەوتن بۆ ئەم ناوچەیە زۆر زەحمەتە.

 

دایکان ڕۆڵەکانیان بەتەنیا جێ نەهێشت

ئەو سەکۆیە گەورەیەی کە بۆ مەراسیمە مێژووییەکەی ١١ی تەمموز ئامادەکرابوو، لە لێواری گۆڕەپانەکەدا دەست نیشان کرابوو. هەناسەکان لە سینەدا ڕاگیرابوون، چاوەڕێی ئەو گەریلایانە بوون کە بڕیار بوو چەند ساتێکی دواتر لەسەر ئەو سەکۆیە بوەستن. شوێنی مەراسیمەکە نەک هەر چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگای لە خۆی کۆکردبووەوە، بەڵکو نوێنەری حیزبە کوردییەکانیش کە بەدەیان ساڵە نەیانتوانیبوو لەدەوری یەک کۆببنەوە، ڕاگەیاندنە جیهانی و تەنانەت لایەنی دژبەری ئەو تێکۆشانەی کە نیو سەدە بوو لەبەرامبەریان تێکۆشان دەکرا، کۆکردبووەوە. بێگومان ئامانج و هەستی هەر کەسێک جیاواز بوو. ئەوانەی بەرپرسیارێتی قورس و بەرگەی تێکۆشانیان لە ناخی خۆیاندا هەڵگرتبوو، بەرخۆدانی ژیرانەی دایکانی فرمێسکاوی و سەربەرزانەی کە لە شەنگال، لە گۆڕەپانی شەممە، لە قەڵای بەرخۆدانی سورەوە هاتبوونە شوێنەکە، مانایەکی قووڵی بە مەراسیمە مێژووییەکە دابوو. هەندێکیان بە دەستی خۆیان ڕۆڵەکانیان ناشتبوو، هەندێکی دیکە بەساڵانە چاوەڕێی هەواڵی ئازیزەکانیان بوون کە گۆڕەکانیان نادیارە. هەریەکەیان لە تێکۆشاندا گیانی خۆی بەخت کردبوو. پێش هەموو شتێک، مافی خۆیان بوو لەو شوێنە ئامادە بن و ئەو شەڕڤانە بوێرانە ببینن کە لە دڵی ئەو شاخە بەرزەوە دێنەدەر و بە شێوازی خۆیان لەگەڵیان پەیوەندی بکەن. ئەوان دایکی ئەو شەڕڤانانە بوون کە لە گۆڕەپانەکەدا چاوەڕوان دەکران، ئەوانەی ڕۆڵەکانیان وەک شەڕڤانێک بەرەو بەرەکانی شەڕ ڕۆانە کردبوو، ئەوانەی جەستەی بێ گیانیان لە باوەش گرتبوو، ئەوانەی ئێسکی منداڵەکانیان لە سندوقەکاندا وەرگرتبوو و لە ڕێبازی ڕۆڵەکانیان لایان نەدابوو. لەگەڵ هەموو ڕاوەدوونان و ئازارەکان قەت پاشەکشەیان نەکردبوو.

 

چالاکییەکانی سێ نەوەی تێکۆشان

نەک هەر دایکان، بەڵکو چالاکییەکانی سێ نەوەی تێکۆشان لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە بوون. ئەو نەوەیە نوێیەی کە تێکۆشان بە بەردەوامی گەنج و بە دینامیکی دەهێڵێتەوە و ئەو ژنانەی کە ئەزموونەکانی خۆیان لەگەڵیاندا پێکەوە دەبەستنەوە و بەم شێوەیە یەکتر تەواو دەکەن، مسۆگەری سروشتی ڕێوڕەسمێک بوون کە بەربەستێکی هەستیار دەبڕێت. ئەوەی ئەم ژنانەی لە ناوچە جیاوازەکان و گۆڕەپانەکانی تێکۆشاندا لە ئەشکەوتی جاسەنە کۆکردەوە، کە ڕەنگە بۆ یەکەمجار ناوەکەیتان بیستبێت، ئازارێکی هاوبەشبوو. بە لە ئامێزگرتنی گەرم و چاوپێکەوتنی دوور و گفتوگۆی کورت، پێشتر بە ڕۆحێکی هاوبەشەوە کۆبوونەوە. دایکانی ئاشتی، پێشەنگەکانی تێکۆشانی ژنان، سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، ڕۆشنبیران، ژنانی ئەکادیمی، بە هەستێکی هاوبەشەوە لەوێ لەدەور یەک کۆبوونەوە و ئەو فرمێسکانەی کە لە چاویاندا کۆبووبووەوە بۆ ئەوەی دوای مەراسیمەکە بیڕێژن، ئەو فرمێسکانەی کە دواتر دەڕێژران، نیشانەی لاوازی نەبوون، بەڵکوو بە پێچەوانەوە نیشانەی توانای بەرگەگرتنی ئازار، بەهێزی و مانەوەی مرۆڤ بوون.

 

ژنانی سێ نەوەی تێکۆشان لە لایەک تا ئەو ساتەوەختە چێژیان لە خۆشی تێکۆشان وەرگرت و لە لایەکی دیکەشەوە خۆیان ئامادە کرد بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی پرۆسەی تێکۆشانی نوێ کە چەند ساتێک دواتر بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت. چاوەکان لەسەر ئاسۆی ئەو ٥٦ پلێکانە بوون کە هەتا دەمی ئەشکەوتە بەردەوام بوون. چرکەکان لەگەڵ لێدانی دڵدا پێشبڕکێیان دەکرد.

 

شکۆ و شۆڕش لە ڕۆیشتندا

لە کاتژمێر ١١:٢٠خولەکەدا یەکەم ڕاگەیاندن  دەستی پێکرد. "دروشمێک نەدرا، چەپڵەیەک لێنەدرا" جموجۆڵەکانی پێشووی خەڵکەکە بە بێدەنگییەکی گەورە دا ڕووبەڕوو بوو. جگە لە گروپێک کە نوێنەرایەتی دەوڵەتیان دەکرد و چەند ڕۆژنامەنووسێک، چاوی هەمووان لەسەر هەنگاوی سەرەوەی پلێکانەکان بوو. بە چرپە گوترا: "خەریکن دێن"، لە چەند چرکەیەکدا هەمووان ئاگادار بوونەوە. گروپێکی گەریلای ٣٠  کەسی بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بۆ کردنەوەی دەرگاکانی سەردەمێکی نوێ، لە پلێکانەکانی ئەشکەوتەکەوە هاتنە خوارەوە. لێدانی دڵەکان بە سیحری ئەو دیمەنە خێراتر لێدەدا، هەناسەکان لە سینەدا ڕاگیرابوون. بێدەنگیەکە بە "هەلهەلە" ی دایکانەوە شکا و پاشان دروشم و چەپڵە لێدرا. چونکە دەستدان، قسەکردن و لە ئامێزگرتنی گروپەکە  قەدەغە بوو. جۆرێک بوو لە ڕەمز. کات لەو ساتەدا وەستا، زەحمەتە مرۆڤ بتوانێ وەسفی ئەو ساتانە بکات. دۆخێکی بەرزبوونەوەی وەفاداری، شانازی و شکۆمەندی بوو. بەسێ هوزات کە هەڵگری میراتی بەرخۆدانی گوڵناز کاراتاش و ڕەوشتی بێ کەموکوڕی ساکینە جانسزە و ئەو ژنە شەڕڤانانەی کە قژەکانیان پەلکە کردبوو، جارێکی دیکە سەری ژنانی کوردیان بەرزکردەوە. مەگەر ڕێبەر ئۆجالان نەیوتووە: "هیوام وایە خۆتان بنیات بنێننەوە. گەلێک کە ژنانی ئازاد نەبن، ناتوانن بە ئازاد بژین، شۆڕشێک کە نەتوانێت ژن ڕزگار بکات، شۆڕش نییە، شۆڕشی ئێمە شۆڕشی ژنانە". بەڵێ شۆڕش لە پێشمانەوە  ڕاوەستابوو و بەرەو سەرەتایەکی نوێ هەنگاوی دەنا.

 

چەک لە میژووی بەرخۆدانی کورددا

بەسێ هۆزات دوای سڵاوکردن لە بەشداربووان، نووسراوێکی خوێندەوە کە ئامانجی سووتاندنی چەکەکانیان  وەک گروپی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ڕوونکردەوە. گروپەکە دوای خوێندنەوەشی بە کوردی، بە ڕیزێکی ڕێک و پێک، چەک و کەرەستەی خۆیان لەناو ئاگردانێکی ئامادەکراوی گەورەدا دانا. هەروەها ساتی سوتاندنی چەکەکان یەکێک بوو لە ساتە لەبیرنەکراوەکانی مەراسیمەکە. گەریلا بەو چەکانەوە گەل و نیشتمانیان لە هێرشی کۆمەڵکوژی پاراستبوو و بوونی کوردیان مسۆگەر کردبوو. ئێستا ئیتر چەکەکانیان دەسوتێنن بۆ ئەوەی بچنە ناو لاپەڕەیەکی نوێی تێکۆشانەوە. گوڵناز کاراتاش لە شەڕی ١٩٩٢دا، لە وەڵامی داوای "ڕادەستبوون"، چەکەکەی شکاند و لەناوی برد و دواتر خۆی لە شاخەکەوە فڕێدا خوارەوەو شەهید بوو. نموونەی هاوشێوە لە زۆربەی لە ڕاپەڕینەکانی کورددا هەیە. لە مێژووی بەرخۆدانی کورددا، ڕادەست کردنی چەک بوونی نییە.

 

شوێنپێی پێڵاوە مەکاپەکان کە گەریلا لەپێی دەکات، لەسەر ٥٦ پلێکانەکە

کاتی گەڕانەوەی ئەو شەڕڤانانەی کە چەکەکانیان بۆ دەستپێکی نوێ دانابوو، هاتبوو. زۆربەی بەشداربووان بۆ چەند چرکەیەکی تر بەرەو ئەوان ڕۆیشتن بۆ ئەوەی بیانبینن. شەڕڤانان جارێکی دیکە بە شێویەکی ڕێک و پێک بەسەر پلێکانەکاندا سەرکەوتن بەرەو ئەشکەوتەکە. دایکان بە "هەلهەلە"کانیان مالئاواییان لەگەڵ کرد. سەرەڕای ئەو هەموو هۆشدارییانە هەلهەلەکانی دایکان هەتا ڕۆیشتنی گەریلاکان بەردەوامبوون، دواتر فرمێسکیان ڕژاند.

 

لەسەر ئەو ٥٦ پلێکانە کە بەرەو ئەشکەوتی جاسەنە دەڕوات، شوێنپێی ئەو پێڵاوانەی کە بە سەر خاکی نیشتماندا ڕۆیشتوون، هەنگاو بە هەنگاو، ماونەتەوە و لەو شوێنەی کە ڕێوڕەسمەکە بەڕێوەچوو، تۆوی ئاشتی چێندرا.

 

بێگومان ئەم ڕێگایە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو ڕێگاکە کراوەتەوە، ڕێگای هەنگاونان بە جۆش، عەشقێکی کۆمەڵایەتی و پڕ لە هیوا. ئازارەکانی دڵی دایکان ماون، لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، لەگەڵ بیرەوەرییەکانی ڕابردووی دیمەنەکان. بەڵام ئێستا لەنیو ئەو دیمەنانە کەرامەت و شکۆمەندی هەیە.