بۆچی توندڕەوانی ئاینی لە ژنانی ئازاد دەترسن!
بەهار مونزیر - چالاکوانی ژنان
پیاوانی ئاینی توندڕەو بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ژنانی ئازاد، خوێندەوار و بەهێز دەترسن. ئەم ترسە خۆی بەڵگەیەکی بەهێزە کە دەریدەخات بیرۆکەکانیان چەند لاواز و پڕ لە کەموکوڕین. ئەگەر باوەڕیان بە شیکردنەوەکانیان هەبێت، ئایا بۆچی ئەوەندە دەترسن لە ژنێک کە دەخوێنێتەوە، کار دەکات، یان بڕیاری ژیانی خۆی دەدات؟یان چەك هەڵدەگرێت و شەڕ دەکات وەك شەڕەڤانان! '
کاتێک ژنێک خوێندەوار دەبێت، کارێکی پسپۆڕانە دەست پێدەکات، دەسەڵاتی دەبێت، ئەو ئیتر پێویستی بە کۆنترۆڵی پیاوسالاری نیە. ئەمە بنەڕەتی هێزی توندڕەوانی ئاینی لەناودەبات، چونکە دەسەڵاتیان لەسەر سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی ژنان دامەزراوە.
نموونەی ئەفغانستان: کاتێک ترس دەبێتە سیاسەت
ئەفغانستان نموونەیەکی ڕوونە لەوەی کە دەگوزەرێت کاتێک توندڕەوانی ئاینی دەسەڵات دەگرنە دەست بە تەواوی لە ژنانی ئازاد دەترسن.
لە ساڵی ٢٠٢١ەوە، تاڵیبان زیاتر لە ١٠٠ فەرمانی دەرکردووە کە ژنانی لە ژیانی کۆمەڵایەتی داماڵیوە، ئێستا ئەفغانستان تەنها وڵاتە لە جیهاندا کە کچان بۆیان نیە لە قوتابخانەی ناوەندی و زانکۆ بخوێنن. زیاتر لە ٢.٢ ملیۆن کچی ئەفغانی ڕێگریان لێکراوە لە خوێندن، بەڵام ترسی تاڵیبان تەنها لە خوێندن نیە، ژنان ناتوانن کاری دەرەوە بکەن، ناتوانن بەبێ پرسی پیاوێكی خێزانەکە بچێتە دەرەوە، یاساغە بچنە ناوپارك، شوێنی وەرزش، یان شوێنی گشتی. لە دێسەمبەری ٢٠٢٤دا، تالیبان بەتەواوی خوێندنی ژنانی قەدەغەکرد چیتر ناتوانن فێری پزیشکی و تەندروستی ببن. ئەمە ئەنجامێکی کوشندەیە، چونکە لە هەندێک شارەکاندا تاڵیبان ڕێگە بە پیاوانی پزیشک و پەرستارنادات چارەسەری ژنان بکەن. ئێستا ژنان ناتوانن ببن بە پزیشك و مامان، ژنان دەبێت لە ماڵەوە منداڵیان ببیت ئەمەش وایکردوە ئەفغانستان ببێتە سیهەم وڵات لە جیهان بۆ مەرگی دایکان لە کاتی مندڵێبووندا لە دوای سودان و لیبیریا. لە سەد هەزار ژن ٦٣٨ی دایکان دەمردن ئەمەش رێژەیەکی زۆرە لەم سەردەمەدا. ( ڕاپۆرتی یونیسێڤ لە سالێ ٢٠٢٤) ئەگەر هەیە ئەم ڕێژەیە زیادی کردبێت، بەو هۆکارەی خزمەتگوازاری نیە بۆ دایکانی دووگیان و پێویستە لە ماڵەوە منداڵیان بێت.
دید و ئاراستەی توندڕەوی لە کوردستان!
کاتێک سەرکردەیەکی ئاینی لە مایکێکەوە دەڵێت ژنان دەبێت لە ماڵەوە لە پاڵ سەماوەرێکدا دانیشن و تەنها چا تێبکەن،یان پەرلەمانتارێكی بیر توندڕەو و کۆنەخواز دژایەتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەکات، سەرۆکی حزبێكی ئیسلامی کوردستان دەڵێت زانکۆ نابێت پێکەوە بیت پێویستە کچان و کوڕان جیابکرێتەوە ئەمانە هەموو ئەو دەروازانەن کە توندوتیژی لێیانەوە بڵاوببێتەوە، کاتێك پیاوێك لە ژنەکەی دەدات یان کچەکەی دەکوژێت بە هۆکاری ناموس لە خۆوە نەهاتوە هەموو ئەو هێرشانە بۆ سەر كچان و ژنان کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ زیادبوونی توندوتیژی، بێڕێزی، لێدان لە ژنان و سوکایەتی و هێڕش بۆ سەر ژنانی ئازادیخوازی ناو کۆمەڵگای کوردستان.
بێدەنگی میدیا - مینبەری کۆنەخوازان:
یەکێک لە گرنگترین پشتیوانیەکان کە توندڕەوان بەهێز دەکات بێدەنگی میدیایە، یاخود خراپتر لەوە، بوونی میدیا بە مینبەری کۆنەخوازان. ئەوان ئیتر ڕۆژنامەنووسی ناکەن. ئەوان کارێکی ڕاگەیاندن بۆ توندڕەوان دەکەن، نموونەی زۆر بەرجەستەمان هەیە لەم کۆتایانەدا کە لە زۆر کەناڵەوە ئەوە دەبینن، بانگێشت دەکرێن، باسی ژیانی خۆیان بکەن، دیدی توندرەوانەی خۆیان بە ئاسانی بڵاوبکەنەوە. بە بێ هیچ بنەماو لێکۆڵێنەوەیەك یاخود لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری و ژیانی ئەم سەردەمە کە ژنان لە هەموو بوارێكدا بەشدارن. میدیای دوو دەرگای دوو تاکی بەڕوویاندا دەکاتەوە و بێ گوێدانە هێچ پاراستن و پاراستنی شکۆی ژن کە نیوەی کۆمەڵگاکە پێكدەهێنیت. لە لایەکی ترەوە کە کێشەکە سەرەکیە هیچ کاتیك نەماندی حکومەت و سەرۆک حزبەکان هیچ کاتێك لە هیچ شوێنێکدا سەرکۆنەی ئەو بەکەم دانان و زمانە توندە دژی ژنان بکەن، بەڵکو بەرەی ئازادیخوازن لە زۆر گفتوگۆ، کۆبونەوە ولێداواندا بەتەواوی پشتڕاست لەوەی کە دەسەڵات پاڵپشتی ئەوانە لەبەر ئەوەی ئەوان هۆکاری ڕێگری لە بیرکردنەوە و دیدی ئازاد دادەنین. توندوڕەوی و توندوتیژی لەناو کۆمەڵگادا بەردەوام دەبێت لەبەر ئەوەی لێپرسینەوە نیە و هەتا لە دادگا دەسەڵات هەوڵێ خۆی دەدات ئەوان پاڵپشتیان لێبکرێت نەك بەرەی ئازادیخوازان.
کاتیك مەلایەك بانگێشەی ئەوە دەکات ژن لە ماڵەوە بێت، ئەمە لە خۆوە نیە، بەڵكو ئازادی ژن بە دژی خۆی دەزانێت دەترسێت ئیتر کۆمەڵگا گوێ لێنەگرێت، ژنان دەنگیان بڵندتر بێت. ئەمەش مێژووی هەیە تەنها پەیوەست نییە بە کوردستانەوە، بەڵكو هەمیشە بەرەی ئازادیخوازان لەگەڵ توندڕەویدا لە کێشمەکێشدابوون. زۆریك لە توندڕەوان تەنها ئەو بەشانەی ئاین جەختیان لێدەکەنەوە کە کۆنترۆڵی ژنان دەکات دەربارەی دادپەروەری، ویژدان، یان چاودێری هەژاران بێدەنگن.
هەڕەشە و ترساندن: توندڕەوان هەرکەسێک ڕەخنەیان لێبگرێت تۆمەتباری دەکەن بەوەی کافرن لە دیدی ئەوانەوە تەنها ئەوان دینداری دەکەن، زۆریك لە پیاوانی ئاینیش بە کافر دادەنین، لە کاتێكدا پیاوانی ئاینی میانڕەو لەهەندێ چالاکی و پشتیوانی لەگەڵ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەشدارن بۆ نموونە پشتیوانی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، لە شارە جیاوازەکان ئەوان پاڵپشت بوون و بەرگریان لە شەڕەڤانان کرد، ئەو بکرە توندڕەوانەی ژن دەخەنە ماڵەوە کەمینەن بەڵام پێڵپشتان هەیە،ئەگەر بێت و دەسەڵاتیان بیت وەك ئەفغانستان دەکەن ژن دەنێرنەوە بۆ ماڵەوە، خۆشبەختانە لە کوردستان، بزوتنەوەی مەدەنی و ژندۆست بەهێزە، بە باوەڕم بە خەونیش ناتوانن ژن لە ژیانی گشتی بچێتەوە ماڵەوە.
ترسی توندڕەوانی ئاینی لە ژنانی ئازاد خۆی بەڵگەیەکی بەهێزە کە بیرۆکەکانیان هەڵەیە. بە بۆچی ئەوەندە دەترسن لە ژنێک کە دەخوێنێتەوە؟ بۆچی دەترسن لە ژنێک کە کار دەکات؟ بۆچی دەترسن لە ژنێک کە بڕیاری خۆی دەدات؟
چونکە دەزانن ژنانی ئازاد لاوازی بیرۆکەکانیان دەردەخەن. دەزانن کە کاتێک ژنان خوێندەوار بن، ئیتر ڕازی نابن بە سەرکوتکردن. دەزانن کە کاتێک ژنان دەنگیان هەبێت، ئیتر ناتوانن بێدەنگیان بکەن. کاری ڕۆژنامەنووسان و لێکۆڵەران کە ئەم ڕاستیانە دەردەخەن، ئەوە کێشەی کەسی نییە، کە هەندێ جار لە ڕاگەیاندنەکان کێشەی ژن بە کێشەی کەسێك دادەنین، چاوپێکەوتن دەکەن و لە هەندێ دۆسیەدا بەر نەفرەتی کۆمەڵگایان دەخن، ماریا سام نموونەی بەرجەستەی ئەم کێشەیە، وا ڕۆماڵدەکرا ماریا خۆی ئاگای لە خۆی نەبوە، خۆی بەرپرسە لەوەی کە کوژا لەبەر ئەوەی لەو نەریتە چووەتە دەرەوە، ئەوەش ڕەوایەتان بوو بە کوشتنەکە، زۆر میدیا دۆسیەکەیان بەو شێوەیە نیشانی کۆمەڵگا دەدات بەهەزران کۆمێنتی نامرۆڤانە دژی ماریا دوای کوشتنەکەشی بڵاودەکرایەوە، ئەوە کاری پیشەیی و بەرپرسیارانەیە میدیاکاری تێگەیشتووی دەوێت، ئاراستەیەکی ژندۆستی دەوێت کە بتوانێت دەست بخاتە سەر كێشە ڕێشەیەکان. ژنانی کوژراوەکان، ئەوانەی خۆیان سوتاند، ئەوانەی خۆیان هەڵواسی، ئەو كچە منداڵانەی دەستدڕێژیان دەکریتە سەر بەناوی هاوسەرگیریەوە، کاری میدیای بتوانێت بەو ئاراستەیە کار بکات کە ببێتە هۆکاری جوڵاندنی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی سنوری بۆ دابنرێت نەك ڕەوایەتی بدات بە کوشتن و هەموو جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی. هەر ئەمڕۆ لە کوردستان هەندێ میدیای بەو ئاراستەیە کاردەکات ڕازی نابێت کۆمێنتی نەشیاو لەسەر لاپەڕەکەی بمێنیتەوە، هەر لە دوێنیەوە ببینن لەدوای سکاڵا لەسەر مەلا مەزهەر بە سەدان هەزار کەسی ئازادیخواز،حەق بێژ، بە وێژان و مرۆڤدۆست پشتیوانیان کرد، بەڵام بە هەزاراینش پشتیوانیان لەو توندڕەوەیە کرد کە هەوڵی ئاسایکردنەوەی خستنە خوارەوەی کچێکی گەنجی شەڕڤان بکات. ئەمە لە کاتێکدا ئەو تاوانە تاوانی جەنگ بوو کە لە مێژووی توندڕەوەکاندا وەك تاوانە گەورەکانی داعش دەمێنیتەوە، هەمان کردەوەیە و هەمان باوەڕە کە دژی ژنان کاردەکات.
بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی توندڕەوی و بەکەم دانانی ژنان ببینەوە،پێویستمان بە خەباتی بەهێز هەیە کە بتوانیت دەنگی توندڕەوان لە کوردستان پەكبخات لە جێگایدا کچانی وڵات و ناوچەکە بەڕێزەوە توانایەکانیان ببێنڕیت. هەل و ڕووبەری ئازادی پێکەوە فراوان بکەین، نەك ئەو دەستودیاریەی توندڕەوان هەیە بۆ كچانێك کە ئێستا لە نەخۆشخانە لەدایك دەبن و ژیانێك چاوەڕیان بێت کە جیاکاریان بەرامبەر بکات. بەڵكو هەوڵی جدی بدەین نەهێڵێن خەیاڵی هیچ کەس بەلای ئەوەدا نەچێت شکۆی مرۆڤەکان ئاوا بە فەرمی بشکێندیێت.