ژنانی بنت جەبەلی لوبنان سەرەڕای بارودۆخی شەڕ لە بەرخۆداندان

لە لوبنان بەهۆی قەیرانی ئابووری و شەڕی ئێستا ژنان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە، کۆمەڵێک ژن لە شاری بن جەبەل بۆ یارمەتیدانی ژنان کۆمەڵەیەکیان دامەزراند.

فادیا جومعە

 

بەیروت-لەگەڵ زیادبوونی قەیرانی ئابووری لە لوبنان، ژنان دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای هەلی کاردا بۆ ئەوەی چاودێری خێزانەکانیان بکەن، ژنان بە تایبەتی لە ئامادەکردنی خۆراکی ساڵدا کاردەکەن، ژنان بەرهەمی کشتوکاڵی دەکڕن و دەست دەکەن بە دروستکردن و فرۆشتنیان، ئەم کارە بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا قورسە.

 

لە شاری بنت جەبەل لە باشووری لوبنان، ژنان بڕیاریان داوە ڕادەستی بارودۆخی ئێستا نەبن، زۆرێک لەو ژنانەی کە بەهۆی شەڕ و قەیرانی ئابوورییەوە کاریگەرییان لەسەر بووە، پەیوەندییان بە کۆمەڵەی هاوکاری بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە شاری بنت جەبەل کردووە.

 

"ئامانج بەرزکردنەوەی ئابووری ژنانە"

غادە بەزی، سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە بنت جەبەل وتی: ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە بەرزکردنەوەی ئابووری ژنانە، ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژنان کاردەکەین و یارمەتیان دەدەین بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا، کۆمەڵەکەمان لە ١٥ ژن پێکدێت، کاروباری سەرەکیمان نوێکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانە، لە کێڵگەکانەوە بەرهەم دەکڕین و بەرهەم دەهێنین، کەسانێک هەن کە ئێمە لێرە لە کۆمەڵەکەدا کاریان لەگەڵ دەکەین و لە ژمارەیەک ویلایەتی دیکەشدا, لە ڕێگەی مارکەی بازرگانیمان "زەوادە" ناسراوین و لە وەزارەتی ئابووری تۆمارمان کردووە.

 

"ئامانجمان پەرەپێدانی کۆمەڵەکەیە"

 غادە بەزی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێش جەنگ ئامادەکاریمان دەکرد بۆ بەشداریکردن لە پێشانگاکان، چەندین بەرهەمی نوێمان ئامادەکردبوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕەکەدا زۆرێک لە ژنان کۆچیان کرد بۆ ناوچە ئارامەکان و زۆرێکیان مانەوە، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە شارەکەیان بەجێنەهێشت و تا ئێستاش لەگەڵ کۆمەڵەکە کاردەکەن، هاوکاری لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەشێک بەرهەم دەهێنێت و بەشێکیش دەفرۆشێت، کۆمەڵەی فریاگوزاریمان بەردەوامە لە کارەکانی، داواکاری ئەو کەسانە جێبەجێ دەکەین کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە یان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان پێوە دەکەن. ئامانجمان بەردەوامبوونە لە کۆمەڵەکە و پەرەپێدانی.

 

"شەڕ کاریگەری لەسەر کارەکانمان هەبوو"

فریال حیجازی، ئەندامی کۆمەڵەکە وتی: من ئەندامی کۆمەڵەکەم، هەر لە دامەزراندنیەوە کارم تێدا دەکەم، ئێمە لە دۆخێکی بەشدار بووین، بەڵام شەڕ زۆر کاریگەری لەسەر ئێمە هەبوو، سەرەڕای ئەو بارودۆخانەو لە ژێر تۆپباران کاردەکەین، ئەو کەسانەی باوەڕیان پێمان هەیە بەرهەممان بۆ دابین دەکەن.

 

"بەهۆی تۆپبارانەکانەوە، دەترسین بچینە ناو کۆمەڵەکە"

ئەمەل سەعید بەزی وتی: سەرەڕای ئەو هەموو بارودۆخە سەختانە، لە کۆمەڵەکەدا کار بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئەو کەسانە دەکەم کە باوەڕیان پێمان هەیە، سەرەڕای تۆپبارانەکان، بە ترسەوە لە کۆمەڵەکە نزیک دەبینەوە، کار دەکەین لە دروستکردنی خۆراکی ساڵ، هەوڵدەدەین سەرەڕای هەموو زیانەکان بەردەوام بین لە بەرهەمهێنان چونکە هەمووان باوەڕیان بە ئێمە هەیە.