دەسەڵاتدارانی ئێران بە بیانووی باجەوە خەڵک تاڵان دەکەن

ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە پێدانی باجی ناچاری بە حکومەت و دەڵێن: هەموو جارێک بە بیانوویەکی وەک، سەرپێچی ئۆتۆمبێل، خزمەتگوزاری و باج خەڵک بێزار دەکەن، بەڵام ناتوانن کۆنترۆڵی نرخەکانی دیکە بکەن.

نیان خوسرەوی

 

سنە- دەسەڵاتدارانی ئێران خەڵک دەخەنە ژێر فشار و ناچاریان دەکەن دوور لە کێشە ئابوورییەکانی خۆیان بە تێچووی دیکەی وەک سەپاندنی باجەوە سەرقاڵ ببن، لە تازەترین ڕێگەشیاندا بۆ هەراسانکردنی هاوڵاتیان، ناردنی نامەی ئەلکترۆنییە، کە ئاگادارکراونەتەوە باجێکی زۆریان لەسەرە و ئەمەش وایکردووە، هەڵوێستە لەسەر فەرمانگەی باج بکرێت، بە تایبەتی کە زۆرێک لەوانەی ئەمجارە دانی باجیان لەسەر سەپێنراوە، هیچ کارتێکیان نەبووە و مووچەکانیشیان بەرز نەبووە، ئەم بڕە پارانەش بەبێ هیچ ئاماژەیەک بۆ خەڵک دیاری کراون.

 

ئەمیرە ب. دانیشتوویەکی شاری سنەیە و دەڵێت: من لە ئارایشتگادا کارم کردووە، هەژمارە بانکییەکەم ماوەی دوو ساڵە هیچ مامەڵەیەکی پێوە نەکراوە، بۆیە زۆر گاڵتەجاڕییە بۆ من کە ئێستا باجم لەسەر بێت، لەکاتێکدا مۆڵەتەکەم هەڵوەشاندەوە، بۆیە دۆسیە لەسەر ئەوە تۆمار دەکەین، بەڵام بێهیوام و دەترسم کە ناچار بم پارە بدەم، کە لە ڕاستیدا بڕە پارەیەکی زۆرە.

 

خاترە ک. دەڵێت: پێش دوو ساڵ قەرزم وەرگرتووە و ئەو هەژمارە بانکییەی کە داومە بە بانکەکە بە هەژماری بازرگانی هەژمار کراوە، لە کاتێکدا هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ من نەدراوە و ئەم هەژمارە شەخسییە هەموو پارەیەکی پێشەکی تێدابووە و هەموو مامەڵەیەک بە بازرگانی هەژمار کراوە و ئێستا هەشت ملیۆن باجم بۆ گەڕاوەتەوە و کەسیش وەڵامێكی باوەڕپێکراوم ناداتەوە، ئەم قەرزەم بۆ دانانی دوکانێک وەرگرت و بەڵام بە ئەنجامم نەگەیاند، ئێستاش هیچ داهاتێکم نییە کە بەشی ئەو باجە زۆرە تەرخان بکەم و بیدەمەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "من ئەم کارەم نییە کە دەبێت باجی بۆی بدەم، کەواتە ئەو باجە چییە کە دەبێت بیدەم؟ پێم وابوو ئەمە تەنها بەسەر مندا هاتووە تا چوومە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و بینیم نیوەی شارەکە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنێت، هەموو کەسێک دەبێت بڕێکی زۆر باج بدات بە هۆکارێکی نادیار و نالۆژیکی، نازانم دەیانەوێت چی بەسەر خەڵکدا بێنن، دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین کە بۆیان دروستکردووین، جگە لەوەش، دەبێت چەند ڕۆژێک بەفیڕۆ بدەین بۆ پێداچوونەوە بە سکاڵاکەمان و لە کۆتاییدا، ڕوون نییە کە ئایا "ئەوان قبوڵیان دەکرد یان نا".

 

سەیران س. دەڵێت: من تازە فرۆشگای قوماشم کردووەتەوە و هەژمارە بانکییەکەم تا ئێستا هیچ پارەیەکی نەچووەتە سەر، بەڵام باجم بۆ هاتووەتەوە، من سەرم سوڕماوە، لێرەدا یاسا چییە، هەرچەندە ناڕەزایەتی دەرببڕم، وەک ئەوە وایە کە حاڵەتێک بێت.

 

ئەو پێی وایە ئەوەی ڕوودەدات دزییە “ئەگەر بیانەوێت بە زۆر پارەمان لێ وەربگرن، هیچ ڕوونکردنەوەیەک و هیچ ڕێنماییەکیان نییە بۆ خۆیان و کێشەیەکی نوێیان بۆ ئێمە پێیە، هەر خێزانێک، چەند کەسێک بە شێوەیەکی ناعەقڵانی باجیان لەسەر دراوە و هەرجارە و بە بیانوویەکی وەک سەرپێچی ئۆتۆمبێل، خزمەتگوزاری و باخ خەڵک هەراسان دەکەن، بەڵام ناتوانن نرخی کرێی خانوو و هەزاران ڕەوتی دیکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، “هەزاران کەس هەن کە ناچارن باجی زۆر بدەن، بەبێ گوێدانە کار و داهاتەکانیان، زۆرێک لە خاوەن فرۆشگاکانیش دەڵێن لە ساڵی ڕابردووەوە فرۆشەکانیان بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ یان تەنانەت کەمتر کەمیکردووە، ئەمساڵیش باج لە چاو ساڵانی دیکەدا زیادی کردووە.