قەیرانی ئابووری کاریگەری لەسەر ئامادەکارییەکانی بەرووبومی زستانیش هەیە

ئەو ژنانەی بە وشککردنەوەی سەوزەوات بۆ وەرزی زستان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، دەڵێن: بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناتوانین وەک جاران سەوزە بکڕین، بۆیە داهاتیشمان کەمی کردووە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لەم ساڵانەدا قەیرانی ئابووری قووڵتر دەبێتەوە، بەرهەمی خاوەن باخچەکان لە دەستیان ماوەتەوە و کەس ناتوانێت وەک جاران سەوزە لە بازاڕ بکڕێت، ژنانی کرێکار زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەری قەیرانی ئابووری، کە کاریگەری زۆری لەسەر بەرهەمهێنەران و کڕیاران هەبووە، بە بەراورد لەگەڵ پێشوو، ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان کەمی کردووە، ئەو ژنانەی هەوڵیاندا بە کیسە باینجان وشک بکەنەوە و بیفرۆشن، ئێستا تەنها دەتوانن بۆ خۆیانی دابین بکەن.

 

هەموو ساڵێک بەرەو کۆتایی مانگی ئاب، پێش ئەوەی کەشوهەوا بەرەو ساردی بڕوات،  ژنان سەوزەکان وشک دەکەنەوە و دەست دەکەن بە ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان بەو تەماتە و بیبەر و باینجان  کە دەیکڕن و وشکی دەکەنەوە، ساڵانە ژنان لە وەرزی ئێستادا دەست بە کارەکانیان دەکەن، باخچە و بالکۆنەکانیان بە سەوزەی وشککراوە دەڕازێننەوە، هەندێکیان بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیان ئەم کارە دەکەن، هەندێک لە ژنان بۆ فرۆشتن و پەیداکردنی پارە زیاتر قازانج دەکەن.

 

"ناچارین کار بکەین"

ئەو ژنانە ڕوونیان کردەوە کە پێشتر سەوزەیان لە کیسدا دەهێنا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا کەمتریان هێناوە، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەکی کەمتر بەروبوم وشک دەکەنەوە، دوو ژن بە ناوی بیرسەن سۆنمەز و هاڤا توتار کە لە ئامەد نیشتەجێن، بە شۆردنی سەوزە و کوڵاندن و دانانی بۆ بەر خۆر هاوکاری یەکتر دەکەن.

 

بیرسەن سۆنمەز باسی لەوەکرد کە سەوزەواتەکان هەم بۆ فرۆشتن و هەم بۆ منداڵەکانی ئامادە دەکات و سەرنجی بۆ بێکاریی ئەم دواییە ڕاکێشاو ئاماژەی بەوەکرد، ناتوانن بە هۆی دۆخی ئابوورییەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

 

"ئەگەر ئەم کارە نەکەین برسی دەبین"

بیرسەن سۆنمەز ئاماژەی بەوەکرد، قەیرانی ئابووری کاریگەری لەسەر ئەوانیش هەبووە و وتی: ماوەی چەند کاتژمێرێک لێرە کار دەکەین، لە هیچ شوێنێک کار نییە، هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین، بەڵام ئیتر هیچ کارێک نییە بژێوی ژیانمانی پێ دابین بکەین و ژیانمان زۆر سەخت بووە، هەموو شتێک گرانە، چونکە ئێمە داهاتی خۆمان دەستناکەوێت، ناتوانین نان بهێنینەوە ماڵەوە و ناتوانین ئاگاداری منداڵەکانمان بین، ئیشکردن و پەیداکردنی پارە شەرمەزاری نییە بۆیە پێویستە هەموو ژنان بۆ خۆیان کار بکەن، ئێمە چەندین کاتژمێر لێرە کار دەکەین و هەندێک کات هاوکاری ژنانی دیکە دەکەم یاخود ئەوان هاوکاریم دەکەن و پێکەوە بەرهەمەکان ئامادە دەکەین و دەیانفرۆشین.

 

"نرخی بەرهەمەکان بەرزە"

لە درێژەی قسەکانیدا بیرسەن سۆنمەز باسی لەو سەختییانە کرد کەڕووبەڕووی دەبێتەوەو وتی: ئێستا هەم بازاڕ و هەم خواردن گران بووە، جاران دەمانتوانی سەوزە بکڕین، بەڵام ئەو سەوزانەی پێشتر بە ٥ لیرە دەمانکڕی، ئێستابە ١٥ لیرەیە، ژیان زۆر سەختە، ئێستا کە دەچیتە شوێنێک بە دەستی بەتاڵ دێینەوە، ناتوانین هیچ بکڕین، بە درێژایی ڕۆژ کار دەکەین بەڵام خەڵک سەوزەی وشککراوە بە گران دەزانن، ئەو پارەیەی دەستمان دەکەوێت بەشی ئەوە ناکات بژێوی ژیانمانی پێ دابین بکەین.

 

"دەبێت ئەم کارە بکەین بۆ ئەوەی بە برسێتی نەچینەوە ماڵەوە"

هاڤا توتار ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی سێ ساڵە بەو سەوزانەی وشکی دەکاتەوە داهاتی خۆی دابین دەکات و وتی: ئێمە هەژارین، دەبێت ئەم کارە بکەین، ئەم کارە بۆتە پیشەی ئێمە و بەو پارەیەی کەئێستا لەم کارە بەدەستی دەهێنین، تەنها دەتوانین نان بۆ خۆمان دابین بکەین، ئێمەی ژنان پێکەوە ئەم کارە دەکەین، هەندێک کات دەیفرۆشین و هەندێک کاتیش نایفرۆشین بەڵام هەمووڕۆژێک بە برسێتی دەگەڕێینەوە ماڵەوە، ئەم کارە دەکەم بۆ ئەوەی بتوانم بژێوی منداڵەکانم دابین بکەم، ئەگەر چارەسەرێکی دیکە هەبوایە ئەمەم نەدەکرد.